NB-balyozi_britanya__2015_07_28_h11m44s46__SE

بەریتانیا پشتگیریی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 28/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز بەیكەر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و ئابووریدا. هەروەها ئاماژەی بە ڕەوشی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە دەڤەرە جیاجیاكان كرد و پشتگیری و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو شەڕەدا پیشان دا و ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی لە ناوچەكە، بەرز نرخاند.

بەڕێزیان هەروەها باسی لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و لێكگەیشتن و سازان چارەسەر بكرێن و پشتگیری و هاوكاریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەربڕی.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی بەڕێز باڵیۆزی بەریتانیای لە عێراق و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا زیاتر گەشەی پێ بدرێت. هەروەها باسی لە سەركەوتنە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش كرد و هیوای بەردەوامیی هاوكاریی سەربازی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەتی بەریتانیاوە بۆ هێزی پێشمەرگە خواست.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە حكووومەتی هەرێمی كوردستان دەخوازێت كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن. هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی سازان و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێت و هەموو لایەنەكان لەسەر ئەم پرسە بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستاندا بێت.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>