Posts

10553872565_6c1da2c82a_z

یونیسكۆ قەڵای هەولێر وەكو شوێنەوارێكى جیهانى ناساند – ڤیدیۆ

لیژنەی شوێنەواری جیهانیی رێكخراوی یونیسكۆ، قەڵای هەولێری خستە لیستی شوێنەوارەکانی جیهان دوای دەربڕینی رەزامەندی لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 21ی یۆنیۆ/حوزەیران كە لە دۆحە سازکرا.

دارا یەعقوبی، سەرۆكی کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆحەوە رایگەیاند کە دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەكە وپێدانی روونكردنەوەی پێویست لەبارەی بارودۆخی قەڵا ومێژوو ومەترسیەكانی سەر ئەم شوێنەوارە ئەگەر لایەنی نێودەوڵەتی فریای نەكەوت، لەدوایین كۆبوونەوەی لیژنەكە 18 ئەندام ونوێنەری وڵاتان لەكۆی 21 ئەندام تیایدا رەزامەندی لەسەر ئەو مەسەلەیە درا.

یەعقوبی روونیكردەوە کە “پێشكەشكردنی ئەم داوایە دەبوا لەلایەن یەكێك لەوڵاتانی ئەندامی لیژنەكە بێت، ئەم ئەركەش وڵاتی جەزائیر پێی هەستا وپاڵپشتیەكی تەواوی بۆ مەسەلەكە نیشاندا ورۆڵێكی بەرچاویشی لەمبارەیەوە بینی”. هەروەها ووتی کە نوێنەرایەتی عیراق لە یونیسکۆ بەپەرۆشەوە بوو بۆ ئەم مەسەلەیە.

هاوكات دووپاتیشیكردەوە ئەگەرچی رێكخراوی ئیكۆمۆس پێشنیاری سلبى لەبارەی قەڵاوە پێشكەشكردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی بوژانەوەی قەڵا ئامادەیە بەهەر شێوەیەك بێت مامەڵەیان لەگەڵ بكات وهاوكات سوپاسی هەموو لایەنێكیشی لەمبارەیەوە كرد.

ئاماژەی بەوەشدا كە جگە لە جەزائیر توركیاش رۆڵێكی باشی لەمبارەیەوە گێڕا وشانبەشانی جەزائیر، پاڵپشتی تەواویان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەم دۆسێیە دووپاتكردەوە بەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا وبەبێ دواخستن ئەم كارە جێبەجێبكرێت.

قەڵای هەولێر، یەكێكە لەكۆنترین شاكارەكانی جیهان، كە بەپێی قسەی مێژوونووسان، تەمەنی بۆ زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، قەڵا كۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤایەتیە کە ژیان تیایدا هەر بەردەوام بووبێت و لەسەر زەویەكی بازنەیی رووتەختە دروستكراوە، كە رووبەری 102 هەزار و 190 مەتری دووجایەو کەوتووەتە ناوەڕاستی شاری هەولێرو 415 مەتر لەئاستی رووی دەریا بەرزەو 26 مەتر و 25 سانتیمەتر لە ئاستی رووی شاری هەولێر بەزرترە، كە لە بەرزترین شوێنی، دەگاتە نزیكەی 30مەتر.

مێژووی ئەم شاكارە دێرینەش، لە دەورووبەری ساڵی 2000 پ.ز لە نووسراوەكانی پادشای سۆمەری شۆلكی بە ناوی ئوربیلیم هاتووە.

هەروەها لە چاخی ئەكەدی 2350 – 2150 پ.ز و لەسەردەمی یەكەم پاشایان، سەرجۆنی ئەكەدی، لە هەڵمەتەكەی بەرەو باكوور بۆ لێدانی گوتییەكان و فراوانكردنی ئیپمراتۆریەتەكەی، بە هەولێردا رۆیشتووەو باس لە هەولێر كراوە.