PresidentBarzaniMeetingUSDefence17Dec15__2015_12_18_h16m31s12__HO

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كرد

دوێنێ له‌ هەولێر، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاشتن كارتر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگری و سوپای ئەمەریكا و باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە عێراق.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ستاییشی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە بەرەكانی شەڕ كرد كە لە ئەنجامی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان هاتووەتە دی.

هەروەها باسی لەوەیش كرد كە هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی توانیویەتی شەڕ بكات و بەرگری لەخۆی بكات و لە هەمانكاتیشدا خۆیشی بە باشی بەڕێوە ببات و ئەوەیش جێگەی سەرنجی هەموو لایەكە. داوایشی كرد هەموو لایەك سوود لە ئەزموونە گرانبەهاكانی هێزی پێشمەرگە وەربگرن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا.

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی و متمانەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی، ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە بۆ تۆكمەتركردنی لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا سەردانی هەولێری كردووە و وڵاتەكەی ڕەزامەندە لەو متمانە و هەماهەنگییەی كە لەنێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئەمەریكای كرد و سوپاسی یەكە و تیمەكانی سوپای ئەمەریكایشی كرد كە هاوكار و یارمەتیدەری پێشمەرگە بوونە و پێزانینی بۆ ماندووبوون و پەرۆشیی ئەوان هەبوو و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای لە شەڕی تیرۆریستان بە زۆر باش وەسف كرد.

لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئەولەویەتی گەلی كوردستان بەرگریكردنە لە خۆی و شەڕكردنە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەك لەگەڵ هەر لایەنێك كە شەڕی تیرۆریستان بكات. سەرۆك بارزانی باسی لە هەوڵی هەمەلایەنە كرد بۆ لەناوبردنی تیرۆر لە عێراق و جەختی لەوەیش كردەوە كە پێویستە هاوكات بیر لە چارەسەری بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بكرێت. هەروەها ئەوەیشی بە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە هەرچەندە گەلی كوردستان لەژێر گوشاری شەڕ و قەیرانی ئابووری و بڕینی بوودجە دایە بەڵام خۆڕاگر بووە و خۆڕاگرییەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیەتی و لەپێناویدا تێدەكۆشێ و قوربانی دەدات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ كرا و هەروەها چۆنییەتی بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هێزە عێراقییەكان و ێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان تاوتوێ كرا..

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێم و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی ده‌ره‌وه‌ی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم وخاتوو به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئامادە بوون.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>