nb_qubad_baghdad__2014_12_02_h22m58s43__MZ__2014_12_03_h22m1s31__SF

نێچیرڤان بارزانی: ستراتیژێكمان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان دانا وكاتی ئەوەیە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەینەوە و لە زمانی هەڕەشە دوور بكەوینەوە

دواى ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عیراق، ئێوراه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى دیسه‌مبه‌رى 2014 شاندى باڵاى حكوومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر. له‌ به‌غداش دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پاش بەكۆتاهاتنی كۆبوونەوەكان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا؛ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لە دانوستانەكاندا پێی گەیشتوون؛ خستەڕوو.

سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو و گوتی: “ئێمە لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو كە لە بەغدا بووین، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق و  وەزیری نەوت و ئەو تیمەی بۆ گفتوگۆ دایاننابوو؛ ئەنجام دا و ئەمڕۆ كۆتایی بەو سەردانەمان دێنین”.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا كۆبوونەوەكان بە چ شێوەیەك بەڕێوەچوون؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “دەمەوێ ئەوە بڵێم كە بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكان زۆر باش بەڕێوە چوون. ئێمە بینیمان كە خواستێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لای سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت و هەموو ئەو وەزیرانەی حكوومەتی بەڕێز عەبادی؛ هەیە. ئەوان دەخوازن كێشەكان بە شێوەیەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن. ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە دووپاتمان كردۆتەوە و دەمانەوێ جارێكی دیكەش دووپاتی بكەینەوە كە ئەولەویەت بۆ ئێمە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەیە لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئێمە ئەوەمان لە هەموو بژاردەكانی دیكە پێ باشتر بوو”.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەو ڕێككەوتنانەی لە كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق پێی گەیشتوون گوتی: “دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بە تاكلایەنە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی؛ ئێمە زۆر هەوڵمان دا ئەم كێشەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز عەبادی و ئەو تیمەی لە گەڵیەتی گەیشتووینەتە هەندێك ڕێككەوتن كە پێمانوایە ئەو ڕێككەوتنانە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدادایە و بە شێوەیەك كراوە كە دەتوانین بڵێن هەردوولامان بە سەركەوتوویی لەو پرۆسەیە دەرچووین”.

دەربارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەش بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی: “ڕێككەوتنەكە بەمشێوەیە دەبێت: ڕۆژانە لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین دەكەین، یارمەتییان دەدەین بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك. لەپاڵ ئەمەشدا ئەوان بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی كە 17%یە و هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئەو ڕێژەیەی دەینێرن 17% نییە و كەمترە لەو ڕێژەیە؛ ئەوە بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەبێت”.

دەربارەی پرسی پێشمەرگە و شایستەكانی كە یەكێك لەو كێشانەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ پێشمەرگە نیشان دا، بە تایبەت بۆ ئەو خەبات و قوربانیانەی كە داویەتی و ئێستاش لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە ڕازیب وون كە بڕە پارەیەك بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت كە نزیكەی 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینارە “.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوا و گوتی: “ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا؛ ڕێككەوتنی كۆتایی نییە؛ بەڵام پێمان وایە سەرەتایەكی باشە. كۆمەڵێك كێشەی دیكە ماوە كە دەبێ لەو ماوەیەدا گفتوگۆی لەسەر بكەین و بگەین بە رێككەوتن. ئەمە دەستپێكردنێكی باشە لە لایەن هەردوولاوه‌ بۆئەوەی بتوانین لە ماوەی شەش مانگ یان زیاتر؛ هەموو كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەین. دەتوانم بە شێوەیەكی گشتی بڵێم ئێمە بەم ڕێككەوتنە خۆشحاڵین و بە دەستكەوتێكی باشی دەزانین بۆ هەموو لایەك. لەچاو ئەو كێشانەی پێشتر لە هەرێمی كوردستان هەمانبووە، ئێمە قۆناغێكی باشمان بڕیوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ ئەوەی ئێمە بینیمان لە بەغدا؛ ئارەزووی به‌ڕێز سەرۆك وەزیران بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر بێینە پێش؛ چونكە وەكوو باسم كرد ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین .”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی گوایە فشاری دەرەكی، بە تایبەت ئەمه‌ریكا و لایەنەكانی دیكە لەسەر شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێككەوتن؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ئەوەی كە كردوومانە بە خواستی بەغدا و هەولێر بووە و ویستوومانە بگەینە ئەنجام و هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ڕۆڵی ئەمەریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان هاندانی هەردوو لایەنی دانوستانكار بووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و هیچ دەستوەردانێكیان لە وردەكاریی پرۆسەكە نەكردووە و هیچ فشارێكیان نەبووە و ته‌نانه‌ت لە ڕێكخستنی ئەو دانیشتنەش هیچ ڕۆڵێكان نەبووە. وەك دەزانن بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی ماوەیەك لەمەوبەر هاتە هەولێر و لەگەڵ كاك قوباد و بەندە دانیشت و لەوێ لەسەر ئەوە ڕێككەوتین ئێمە بێینە بەغدا و دەست بە گفتوگۆ بكەین”.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هێزی پێشمەرگە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە تەرخان كراوە كە ئایا لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەدرێت یان نا؛ گوتی: “ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هێزی پێشمەرگە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و دابین دەكرێت؛ لە دەرەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق دەبێت. واتە لە دەرەوەی 17%ی بەشە بودجەی هەرێم دەبێت. ئەوان ئەوەیان قبووڵ كردووە كە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عیراق. ئەمە ڕێككەوتنێكی زۆر گرنگە كە دوای 11 ساڵ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەو پێشنیارە قبووڵ كرا. ئەوان لە بودجەی بەرگریی عیراق بەشێك لە پارە بۆ پێشمەرگە دابین دەكەن.”

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە و هەردوو حكوومەتیش نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكەن و پەسەندكردنی ئەم ڕێككەوتنەش لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا دەبێت و پێموایە هەموو لایەنەكان پشتگیری لە ڕێككەوتنەكە دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی فەرمانبەران و خاوەنكار و بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچە و سولفەكانیان و گوتی: “وەك دەزانن ئێمە پێشتر سولفەیەكی پارەمان وەرگرتووە و سولفەیەكی دیكەش وەردەگرین. هیوادارین تا مانگی یەكی ساڵی داهاتوو بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی پرسی مووچە بە شێوەیەكی گشتی چارەسەر بكرێت”.

دەربارەی ناردنی نەوتی كەركووك بە ڕێگەی بۆڕیی نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “لە ڕووی عەمەلییەوە نەوتی كەركووك دەبێ لە هەرێمی كوردستانەوە دەربچێت، ئێمەش لەسەر ئەوە ڕازی بووین كە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە بۆڕیی نەوتبەری هەرێمی كوردستان دەربچێت. لەوانەیە هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە كاری تەكنیكی بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرسە، وەك دانانی بۆڕیی نەوتبەر و هیوادارین بە زووترین كات بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.”

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ناردنی نەوتی كەركووكیشی بە قازانج بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق لە قەڵەم دا و ڕەتیشی كردەوە هەرێمی كوردستان هیچ بەرامبەرێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك وەربگرێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا كار دەكات و ئەمەش دەرفەتێك دەداتە هەرێمی كوردستان هەموو كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات و بۆچوونەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت یەكبخرێن و بەبێ سترێس كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەربارەی ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ دەینێرێتە دەرەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “ئەو نەوتەی كە هەمانە دینێرینە دەرەوە؛ بەڵام پرسەكە هەر هەناردەكردنی نەوت نییە؛ بەڵكوو دەبێت هەندێكی لە ناوخۆی وڵات سوودی لێوەرگرین بۆ پاڵاوگەكان و پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە ئەمە بۆ حكوومەتی هەرێم ئەولەویەتە و ئەگەر شتێكی لێ مایەوە بینێرین بۆ دەرەوە؛ ئەوا دەینێرین.”

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ماوەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “یاسای بودجه‌ بۆ یەك ساڵە. ئێمە كە لە هەولێرەوە هاتووین ستراتیژیەتمان ئەوە نەبووە هەرچی كێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە هەمووی بە كۆبوونەوەیەك، یان دوو كۆبوونەوە چارەسەر دەكرێت؛ ئێمە پێمانوابوو لە هاتنی ئێمە بۆ بەغدا؛ دەبێت ستراتیژیەك دابنێین چۆن بتوانین كێشەكانمان چارەسەر بكەین، ئێستا ئێمە ئەو ستراتیژیەمان داناوە. ئەو ڕێككەوتنەی كە ئێستا لەگەڵ بەغدا كردوومانە؛ دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئێمە كە بتوانین لەو ماوەیەدا، جا شەش مانگە، یان ساڵێكە، هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان ئێمە و بەغدا چارەسەر نەكراون؛ چارەسەر بكرێن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە توانیمان دوو شت بچەسپێنین. یەكەمیان: هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانەیە كە لە یاسای بودجەی گشتیی عیراقدا لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دانرابوو. دووەمیش: ئێمە لەسەر هەناردەكردنی نەوت و بودجەی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە ڕێككەوتین.

ئەو شتانەی دیكەی كە ماون پرسی ماددەی 140 و وردەكارییەكانی دیكەی شایستەكانی هێزی پێشمەرگە و پرسەكانی دیكەیە و ماوە بۆ چارەسەركردنی ئەوانیش دیاری دەكرێت. تەنانەت باسی مافی هەرێمی كوردستان و شایستەكانی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی ساڵی 2014 و پێشتریش كە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە دەكرێت كە 16 ترلیۆن دینارە و لە وەزارەتی داراییی عێراق ئەو بڕە پارەیە جێگیر كراوە و قسەی لەسەر دەكرێت. ئەمانە هەموو ئەو كێشانەن كە ناتوانرێن بە كۆبوونەوەیەك هەموویان چارەسەر بكرێن و پێویستیان بە كۆبوونەوە و دانیشتنی زیاتر هەیە و بە هیوای ئەوەی بگەینە چارەسەرێك “.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ئەوەی دووپات كردەوە كە هەموو ناكۆكییەكان بە سەردانێك و چەند دانیشتنێك كۆتایی نایەن و هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا بەمەبەستی دانانی ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لەگەڵ بەغدا كراوە؛ دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگ یان ساڵێكدا، هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەربارەی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاوڵاتیانیش؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پابەندبوونی حكوومەتی بە پێدانی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاوڵاتییان دووپات كردەوە و گوتی: “هیچ سولفە و مووچەیەك نافەوتێت”.

لە وەڵامی ئه‌و پرسیاردا كە ئایا هیچ گارانتییەك هەیە جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕێت؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی: “هیچ گارەنتیەك نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕدرێت؛ بەڵام با لەیادیش نەكەین ئەگەر بودجەی ئێمەیان بڕی، خۆ كلیلی هەناردەكردنی نەوت بەدەستی ئێمەیە، بەڵام ئێمە نامانەوێت بەو زمانە قسە بكەین و هیوادارین قسەكردن بە زمانی هەڕەشە لە هەموو عێراق كۆتایی بێت. ئێمە دەمانەوێ لاپەڕەیەكی نوێ بكەینەوە و هیوادارین زمانی هەڕەشە نەمێنێت”.

دەربارەی بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ ڕزگاركردنی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی داعشدان؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “ئێستا پێشمەرگە بە درێژاییی 1100 كیلۆمەتر لە بەرگریدایە و سەرۆك وەزیرانی عیراقیش پێزانینی بۆ ئەم بەرخودانە هەبوو. ئەوەی پێشمەرگە دەیكات؛ گەورەترین هاوكارییە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان بە شێوەیەكی گشتی؛ چونكە ئێمە شەڕێكی گەورەی بەرگری لە دژی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانی دەكەین”.

سەبارەت بە پابەندبوون یان پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “ئەو ڕێككەوتنە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند كراوە و بۆتە بڕیار و حكوومەت پشتیوانیی ئەو ڕێككەوتنەی كردووە. ئێمە لە لای خۆمانەوە جێبەجێی دەكەین و لە لایەن بەغداشەوە ئەم خواستە دەبینین. ئێمە سوود لە هەموو دەرفەتێك وەردەگرین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی وەها كە خزمەتی هەرێمی كوردستان و هەموو عیراق بكات. چەندی جێبەجێ دەكرێت یان ناكرێت؛ ئەوا دواتر دەیبینین”.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>