nb_aibadi_baghda1__2014_11_30_h17m3s31__MZ

لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی وحەیدەر عەبادی كۆبوونەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 30ی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن بەڕێز بەها ئەلئەعرەجی جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا.

دواتر لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت لەلایەن بەڕێز د.حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا و كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز عەبادی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری نیشاندا و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان. بەڕێز عەبادی لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: “بەبڕوای من هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان بەغدا و هەولێردا نییە كە چارەسەر نەكرێت و هەموو كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن. عیراق هەموومان كۆدەكاتەوە؛ ئەگەر رێك نەكەوین زیان بە هەردوولامان دەگات؛ بۆیە تاكە رێگە كە لەبەردەمماندایە؛ رێككەوتنە”.

بەڕێز عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئێستا باری دارایی عیراق خراپە و نرخی نەوت دابەزیوە و هاوڵاتیانیش داواكاری زۆریان لەحكومەت هەیە و بارودۆخی سەربازیش دیارە لەچ حاڵێكدایە، بەڵام رێككەوتن رێگەمان بۆ خۆش دەكات و توانای زیاترمان پێدەبەخشێت كە بەسەر هەموو ئەم كۆسپانەدا سەركەوین، هەروەها گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن دەربڕی.

لەلای خۆشیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە ئێستا لە بەغدایە و گوتی: “خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لێرە دەتانبینمەوە، نامانەوێ سەردانی ئێمە بۆ بەغدا ببێتە بابەتێكی میدیایی؛ بەڵكو سەردان و هاتوچۆمان بۆ بەغدا ببێتە شتێكی ئاسایی”.

بەڕێز سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێز عەبادی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی حكومەتی عێراق و گوتی: “بە دەستبەكاربوونتان؛ هەنگاوەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەچن. ئێمە بەهیچ شێوەیەك باس لەوە ناكەین كە كێ‌ بەرپرسی دروستبوونی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام نیشانەكان ئەوە دردەخوەن كە دەستبەكاربوونتان وەكو سەرۆكوەزیرانی عیراق؛ لاپەڕەیەكی نوێ بۆ هەموو عیراق دەكاتەوە”.

راشیگەیاند كە كێشەكان بە شەو و رۆژێك و سەردانێك چارەسەر ناكرێن. ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە چەند پێویست بێت سەردانی بەغدا بكات تا دەگەنە چارەسەرێكی كۆتایی و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابندرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئێستا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش كرا و لەمبارەوەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەمەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاشكرایكرد كە ئەم تیرۆریستانە مەترسین بۆ سەر عیراق و هەموو ناوچەكە. هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئابووری و دارایی كرد كە گرفتێكی گەورەی دروستكردووە و رایگەیاند كە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش قەیرانەكەی هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر قورستر كردووە، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكەیشی دەربڕی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر. لەمبارەوەش داكۆكی لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایەوە و هەروەها رەوشی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و دانانی پلان و بەرنامە بۆ ئازادكردنیان باسی لێوەكرا.

باسكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؛ لەلایەنێكی دیكەی باس و خواسی كۆبوونەوەكە بوون.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>