یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستانی عێراق گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەت لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سودی لەو کرانەوە گەورەیە کردووە لە پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئەو مەودا بەرفراوانە لە چالاکی ئابوری، کە بۆ خۆی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕاکێشانی  وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بەرەو کوردستان.

بۆ ئاسانترکردنی ئەم گەشەسەندنە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە تێپەڕاندنی چەند یاسایەک، لە نێوانیاندا یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز، کە ئەمەش رێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆش دەکات تا ببێتە بزوێنەری ئابوری بازاڕی ئازاد.

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2006 دا هەستا بە دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگا بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان خۆش دەکات. یاساکە تەنانەت ڕێگا بە کەسی بیانی دەدات ببێت بە خاوەن موڵک، ماوەی 10 ساڵ بەبێ باج کاربکات، وە بە شێوەیەکی ئاسان کار بە دەستمایەو قانزانجەکانەوە بکات کە لە پرۆژەکان دەستی دەکەوێت.

وەبەرهێنەری بیانی مافی ئەوەی هەیە کە بە پێ ی ویستی خۆی شەریکی هەبێت یان نا. کەسی وەبەرهێنەری بیانی مافی ئەوەی هەیە کە کرێکاری بیانی بهێنێت و کرێکارەکانیش مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو پارەیەی دەستیاندەکەوێت هەواڵەی ووڵاتەکانی خۆیانی بکەن. وەبەرهێنەری عێراقی و بیانی مافی ئەوەیان هەیە کە سودەکانیان هەواڵەی ووڵاتانی خۆیان یان ووڵاتانی دیکە بکەن.

بڕگەی کارئاسانیەکان لە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

لە پاش دەرچوونی یاساکە لە پەرلەمانەوە، حکومەت هەستا بە دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان بە مەبەستی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی وەبەرهێنان، لێرە سەیری تەواوی یاساکە بکە.

ئەم یاسایە بە بەراورد بە یاسای ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارئاسانیەکی زۆر بە وەبەرهێنەران پێشکەشدەکات، هەندێک لە تایبەتمەندیەکان بریتین لە:

•ڕەفتار لەگەڵ وەبەرهێن و سەرمایەی بیانی وەک وەبەرهێن و سەرمایەی نیشتمانی دەکرێت (مادەی سێیەم).

•وەبەرهێنی بیانی بۆی هەیە هەموو سەرمایەی ئەو پرۆژەیەی بەناوەوە بێت کە لە کوردستان دایدەمەزرێنێت (مادەی سێیەم).

•حکومەت بەبێ بەرامبەر، یان بەرامبەر پارەیەکی کەم زەوی بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان فەراهە دەکات کە بەپێ ی رێنماییەکان بێت (مادەی چوارەم).

•وەبەرهێنەر بۆی هەیە سوود و قازانجی سەرمایەکەی بۆ دەرەوە بنێرێت (مادەی حەوتەم).

•وەبەرهێنەری بیانی و نیشتمانی بۆیان هەیە بە شێوەیەکی یەکسان ببنە خاوەن زەوی یان زەوی بەمەبەستی پرۆژەی وەبەرهێنان بکڕن(مادەی چوارەم).

•وەبەرهێنەر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج و ڕەسمە ناگومرگیەکان دەبوردرێت لە رۆژی دەستپێکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان، یان بەرهەمهێنان. کەرەستەکانی پێویست بۆ پرۆژەکە لە ڕەسم و باجەکان دەبوردرێن (مادەی پێنجەم).