وەبەرهێنان لە کوردستان

هەرێمی کوردستانی عێراق گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەت لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سودی لەو کرانەوە گەورەیە کردووە لە پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئەو مەودا بەرفراوانە لە چالاکی ئابوری، کە بۆ خۆی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕاکێشانی  وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بەرەو کوردستان.

بۆ ئاسانترکردنی ئەم گەشەسەندنە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە تێپەڕاندنی چەند یاسایەک، لە نێوانیاندا یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز، کە ئەمەش رێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆش دەکات تا ببێتە بزوێنەری ئابوری بازاڕی ئازاد.

ستراتیژی گەشەسەندنی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان

پێشینە

خاکی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتیەکانی وەک ئاو، نەوت، گاز و چەندین سەرچاوەی کانزایی تر. ئەم سەرچاوانە بەمەبەست لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە بەلاوەنراون، هەروەک چۆن توانا مرۆییەکانی کورد و توانای بەڕێوەبردن و تەکنیکی و سەرمایەو، بناغەی ئابوری کوردستان بە مەبەست بەلاوەنرابوون.

لەبەر ئەم هۆکارانە خەڵکی کوردستان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی تەواو نوێکاری ئەنجامبدەن یان سود لە توانا تەکنەلۆژیەکان وەربگرن. ئەوەی دەست بە ڕژێمە یەک بە دوای یەکەکان کەوتووە لە سەرچاوە سروشتیەکانی کوردستان لە گەشەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستاندا وەبەرنەهێنراوە.

ستراتیژ: گەشەپێدان و ئامادەکردنی کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی پێشکەوتوو

ئامانجی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشەپێدانی توانای جەستەیی و سروشتی و لەسەرو هەمووشیانەوە توانا مرۆییەکانە بە مەبەستی پێشخستنی ئابوری مەودایەکی درێژ بە مەبەستی سود گەیاندن بە خەڵکی کوردستان.

ڕێچکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەک بەڕێوەبەرێکی ئابوری کاربکات، بە مەبەستی وەرچەرخاندنی کەرتێکی گشتی پێشکەوتووخواز کە بتوانێت شتومەک و خزمەتگوزاریەکان بە شێوەیەکی باش و بەردەوام و بەرهەم بهێنێت، ڕکابەرانە کاربکات.

بەپێ ی ئەم ستراتیژە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوەڵی کەرتی گشتیە، وە مەرج نیە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەست بخاتە کاری ئەم کەرتەوە. بۆ فەراهەمکردنی ئەم ئامانجە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا هەستا بە تێپەر ِاندنی یاسای وەبەرهێنان، کە لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو یاسایانەی کە کارئاسانی زۆر دەخاتە ڕوو بۆ وەبەرهێنەران.

بەشێکی کەرتی گشتی بەردەوامە لە سودمەندبوون لە ڕێگەی چالاکیە ئابوریە باوەکانەوە. بەڵام کەرتێکی گشتی نوێ و پێشکەوتووخواز گەشەی پێدەدرێت بە لەبەرگرتنی ئەم سیاسەتە و، ڕاوێژی نوێ ی وەبەرهێنان بە شێوەیەکی ووردو سەردەمیانە بە پشت بەستن بە زانست و لێکۆڵینەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەم گروپانە دەکات کە هەوڵی فێربوونن لە ڕێگەی کارکردنەوە، هەروەک بە کارکردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەبەرهێنەرە بیانیەکان.

جێبەجێکردنی ستراتیژ

ئەمڕۆ چالاکیە ئابوریەکان لە کوردستان زیاتر خۆیان لە شێوەبە باوە کۆنەکاندا دەبیننەوە بۆ بەرهەمهێنانی دەستکەوت، هەر لە کەرتی بازرگانی و، بیناسازی، کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی سەرەتایی، کەرتی خانوبەرە، پرۆژە بچوکەکانی وەبەرهێنان و  پرۆژە خزمەتگوزاریەکان. ئەمانە هەموویان هەلێکن بۆ گەشەسەندنی توانا مرۆییەکان و جێگەی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆن، کە ئەمەش ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە مەبەستی پێشخستنی ئەم بوارانە.

دووەم جۆری چالاکی ئابوریی، کە لەم دواییانەدا دستی پێکردووە، بریتیە لە ژێرخانە گەورەکانی وەک زانکۆکان، دروستکردی جادەو شەقام، قوتابخانەکان، شوێنی شت کڕین، خەستەخانەوە، فڕۆکەخانەکان. ئەم جێگایانە پرۆژەی ماوە کورت خایەن، یان مامناوەندن کە هەلی کار تیایدا فەراهەم دەبێت بۆ خەڵکی شارەزای ناوخۆیی.

ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جۆری سێهەم لە چالاکیە ئابوریەکان خۆی لە هەشت شێوەدا دەبینێتەوە:

١.       سود وەرگرتن لە چیاو دۆڵەکانی کوردستان بە مەبەستی گەشەسەندنەوەی ئابوری کشتوکاڵی و بەرهەمی شیرەمەنی. حکومەتی هەرێم پاڵپشتی ئەو چالاکیانە دەکات لە لایەن کۆمپانیاو دەزگاکانی لێکۆڵینەوە کە لەم بوارەدا سەرقاڵن. کەمی بەرهەمی ناوخۆ لەم بوارەدا بوونی هەیە، بازاڕی داواکاری هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەم بابەتانە گەورەیە و جێگەی سەرنجی وەبەرهێنەرانە.

٢.       گەشەپێدانی تۆڕی چالاکیەکان کە پێویستە بۆ گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵی: هێڵی ئاسن،کۆگاکان، سەنتەرەکانی دابەشکردن، ساردکردنەوە، هەڵگرتن، بە پاکەتکردن و بازرگانی، لەم بوارەشدا بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگن.

٣.       پێشخستنی کەرتی خانوبەرە، دروستکردنی قوتابخانەو شوێنی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان لە لادێ و شارەکان. بەرهەمهێنانی کەرەستەکان پێویستە بە شێوەیەکی نوێ بێت.

٤.       ڕیفۆرم لە بوار پەروەردە و بواری تەندروستی و ڕاهێنان بە زمانی ئینگلیزی وەک زمانی کارکردن.

٥.       پێشخستنی نوسینگەو سەنتەرە ئەندازیاریەکان،کاری نەخشەکێشان، بەڵێندەرایەتی، کار و بەرهێنان، ئاست و کۆنترۆڵی جۆرێتی، و پێشخستنی کاری لێکۆڵینەوە.

٦.       جێگیرکردنی کەرتی بانکی، وەبەرهێنانی سەرمایە، قەرزی بچوک، بازاڕی سەرمایەو تەئمین.

٧.       بەرەوپێشبردنی سەرچاوە سروشتیەکان.

٨.       گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار.

ڕۆڵی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ڕۆڵی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتیە لە:

١.       بەڕێوەبردنی ئابوری و فەراهەمکردنی بارودۆخێکی ئابوری گونجاو بۆ کارکردن و ژینگەی کەرتی تایبەت.

٢.       دروستکردنی دەزگاکان بۆ سەرپەرشتیکردنی پلاندانان و دروستکردنی سیاسەتی گونجاو.

٣.       کارکردن لەگەڵ خاوەنکارەکان بە حکومەتی فیدراڵیشەوە، کەرتی تایبەت، بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوە نا حکومیەکان، بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژانە بۆ بونیادنانی هەرێمی کوردستان.

٤.       بەڕێوەبردنی گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان، سیاسەتی نیشتەجێبوونی لادێ و شارەکان.

٥.       یارمەتیدانی بەرەوپێشبردنی هەناردەکردن و چالاکیەکانی ئەم بوارە.

وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆچی؟

هەرێمی کوردستان بازاڕێکە لە گەشەسەندایە کە هەلی زۆر دەڕەخسێنێت

•        خاوەن دانیشتوانێکی گەنج و خۆشگوزەران بە نزیکەی ٤ ملێۆن کەس، هەرێمی کوردستان نزیکەی  ٤٠هەزار کیلۆمەتر دوجا خاکی هەیە، هەمان قەبارەی هۆڵەندا یان سویسرا.

•        بارودۆخێکی ئەمنی سەقامگیر-  هیچ کەسێکی بیانی یان سەربازێکی هێزە هاوپایمانەکان نە کوژراوە یان نەڕفێندراوە لە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا.

•        هەرێمی کوردستان خاوەنی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و گەشتی ڕاستەوخۆی هەفتانە لە ڤیەننا، فرانکفۆرت، ستۆکهۆڵم، ئەمستردان، دوبەی، عەممان و ئەستەنبوڵ و چەندین شاری ترەوە ئەنجام دەدرێت…

•        بوونی یاسایەکی وەبەرهێنانی کراوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا تێپەڕیوە، کە هەلی وەبەرهێنان بە کەسانی بیانی دەبەخشێت بە کارئاسانی باج و گواستنەوەی قازانجیشەوە.

•        بوونی کەرتی بانکی ڕێکخراو کە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان فەراهەم دەکات.

•        بوونی حەوت زانکۆ، دووانیان بە شێوەیەکی تەواوەتی بە زمانی ئینگلیزی وانە دەڵێنەوە، گەڕانەوەی ڕەوەندی کوردی و کەسانی شارەزای کورد کە زمانی ئینگلیزی زمانی دووەمیانە.

•        بوونی هەلی وەبەرهێنانی سەرنجڕاکێش لە بواری کشتوکاڵ، بانک، پەیوەندیەکان، بیناسازی، پەروەردە و ڕاهێنان، ووزە، تەندروستی، خزمەتگوزاری، نەوت و غاز و گەشتوگوزار.