پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی سەری ساڵی تازەوە
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینیەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین بەو هیوایەی ساڵی تازە ببێتە ساڵی خۆشی و سەقامگیری زیاتری وڵاتەكەمان.
هاوكات پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری شەرەف و فیداكاری و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی رێگای خەباتی كوردایەتی دەكەین و دووپاتیشی دەكەینەوە رۆلەكانیان هەمیشە لەیادن و ئەوان هەردەم سیمبوڵی ئازادی و سەقامگیری كوردستانن.
ساڵی 2015، ساڵێكی پڕ لە نەهامەتی بوو بۆ گەلی كوردستان بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی چەندین رۆڵەی نەبەرد و قارەمانی ئەم وڵاتە، هەروەها بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری سەپێندراو بەسەر هەرێمەوە لەلایەن حكومەتی بەغداوە ، ئەمە جگە لە لێكتێنەگەیشتنى سیاسی نێو هەرێمی كوردستان و ئەو ئاڵۆزیانەی بەدوایدا هات.
بەڵام لە هەمان كاتیشدا ساڵی تۆماركردنی چەندین سەركەوتنی گەورە و مەزن بوو لەبەرەكانی جەنگ و ساڵی رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی داگیركراوی كوردستان بوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە هیممەت و فیداكاری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.
هیوادارین لە ساڵی 2016ـدا بتوانین بەسەر هەموو گرفت و قەیرانەكاندا زاڵ بین و ئەم ساڵە ببێتە ساڵی سەركەوتنی تەواو بەسەر تیرۆر و تیرۆریستان و تەواوبوونی گرفت و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان.
هەر لێرەشەوە بە ئێوەی ئازیزی رادەگەیەنین، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بێ وچانی خۆی بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان بەردەوام دەبێت و دڵنیاتان دەكەینەوە لەوەی كە هیچ مافێكی ئەم خەلكە نافەوتێ.
هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆمان و رێزی بی پایانمان بۆ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان رادەگەیەنین، بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتن بەسەر تیرۆریستان و ئازادكردنی بەشێكی زۆری ئەو خاكەی كە لە ژێر دەستی تیرۆریستاندا بوو.
دیسانەوە ئەو پەڕی رێزمان بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان لەم بارودۆخەدا دووپات دەكەینەوە و بێگومانین لەوەی وەك چۆن ئەم گەلە گرفتی قورستری تێپەڕاند، ئەم گرفتەش تێدەپەڕێنێت.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
2015/12/31
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!