نوێنەری هەرێم لە ئیسپانیا
دابان شەدەڵە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لە کابینەی شەشەمدا بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەرهەم ساڵح لەم پۆستەدا دەست بەکاربووە. پێشتر لە ووڵاتی نەمسا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە. لە ماوەی نوێنەرایەتیکردنیدا لە نەمسا هەستاوە بە ئەنجامدان و ڕێکخستنی چەندین خولی ڕاهێنان بۆ دوکتۆر و ئەندازیاران، مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمیانی کوردستان. هەروها بەردەوامە لە پرۆژەی خێرخوازی چارەسەرکردنی چەندین منداڵی کورد لە نەخۆشخانەکانی نەمسا.
دابان شەدەڵە هەستاوە بە ڕێنوانی و سەرپەرشتیکردنی کاری ئاڵوگۆڕی چەندین شاندی سیاسی و بازرگانی و کەلتوری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ووڵاتی نەمسا، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیەکان.
لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە لە پۆستەکەی لە ووڵاتی ئیسپانیا وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی و پێشنیاری ئەنجامدانی چەندین چالاکی کردووە بەمەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی بۆ یەکەم جار لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا. سەرپەرشتیکردن و ڕێکخستنی کاری ئاڵوگۆڕی شاندە سیاسی و ئابوری کەلتوری و فەرهەنگیەکان لە نێوان هەر دوو لادا ئەنجامداوە.
لە ئەنجامی کاری باش و خۆتەرخانکردن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە سیاسی وئابوری و کەلتوریەکان لە نێوان ئیسپانیاو هەرێمی کوردستان، دابان شەدەڵە خەڵاتی بەدەستهێنانی مەدەنی لەلایەن ووڵاتی ئیسپانیاوە پێبەخشراوە. ئەم خەڵاتە لەلایەن پاشا ئەلفۆنسۆی سیازدەهەمەوە دانراوە لە ساڵی 1926 دا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو کەسانەی کە برەو بەکاری مەدەنی و پەیوەندیەکان دەدەن بەمایەی سودبەخشین بە ووڵاتانی خۆیان و ووڵاتی ئیسپانیا.
لە هەمان کاتدا دابان شەدەڵە ئەندامی بۆردی بەڕێوەبەرانی یانەی هەڵەبجەیە بۆ تۆپی پێ. بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی تۆپی پێ لە کوردستان، هەستاوە بە ڕێکخستنی کاری کردنەوەی چوار قوتابخانەی کۆمەڵایەتی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە شارەکانی کەلار، هەولێر، سلێمانی و دهۆک. هەروەها ئیمزاکردنی پەڕاوی لێکتێگەیشتن لە نێوان یانەی هەڵەبجەو یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید. دابان شەدەڵە دەتوانێت بەباشی بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، ئیسپانی، ئەڵمانی و فارسی بدوێت.