فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری قۆناغی ”سهنرایز“ بۆ دۆمەینی ئاستی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت
فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند قۆناغی ”سهنرایز“ بۆ دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی لە بەرواری 5ی ئاب تاوەکو 4ی تشرینی یهكهم دەبێت.
بەپێی یاسا وڕێنماییەکانی ڕێکخراوی ICANN، ئەم ماوەیە تایبەتە بە تۆمارکردنی ئەو کۆمپانیا و ماركه جیهانیانەی کە لە Trademark Clearinghouse بوونیان هەیە بۆ تۆمارکردنی دۆمەینی تایبەتیان لەژێر دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان.
دوای تەواو بوونی قۆناغی ”سهنرایز“، قۆناغی تۆمارکردنی سنوردار دەست پێدەکات کە تایبەتە بە تۆمارکردنی گشتی بۆ خاوەن کار وکۆمپانیاکان وکەرتی گشتی و تاکەکان.
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، هیوا ئهفهندی، تایبەت بەم قۆناغە ووتی ”ئێمە لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ئاگادار وپاپەندین بە پەرپرسیاریەتیەکانمان لە پاراستنی ئاسایش وسەقامگیری ئەنتەرنێت لەکاتی وەگەڕخستنی سیستمی تۆمارکردنی دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان لە ڕیشە و سەرچاوەی ئەنتەرنێت”.
لە کانوونی یەکەمی 2013، دوای سەرکەوتن بەسەر چەندین پڕۆسە و تاقیکردنەوەی جیاجیا، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێننامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕێکخراوی ICANN واژوو کرد بۆ پێدانی مافی بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی دۆمەینی ئاستی یەکەمی کوردستان krd. بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ڕێنمایی دانپێدانراوی ڕێکخراوی ICANN لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە تەمموزی 2014، دۆمەینی ئاستی یەکەم بەشێوەیەکی فەرمی لە زۆنەکانی IANA زیادکرا. بەمەش بوونی زۆنێکی تایبەت بەکوردستان بوو بە ڕاستیەکی کارا و تەکنیکی لە جیهانی ئەنتەرنێت.
لەمەودوا، ناونیشان و پێگەی ئەلیکترۆنی کە کۆتاییان هاتووە بە krd. لە لایەن بەکارهێنەرانی ئەنتەرنێت لەسەرتاسەری جیهان شتێکی نامۆ ناییت.
لەم چوارچێوەیەدا:
• co.krd. تەرخانکراوە بۆ کۆمپانیاکانی تۆمارکراو لە کوردستان.
• gov.krd. تایبەت دەبێت بە وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وە هەروەها
• edu.krd. بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان تەرخانکراوە.
• تاکەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ لەژێر ناوی دۆمەینی krd. تۆماربکەن بۆ نموونە name.krd.
دۆمەینی ئاستی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی یاریدهدهره بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنان. ئەم پڕۆژەیە بنەمایەکە بۆ چەسپاندنی نیشتیمانێکی نوێ لە جیهانی ئەنتەرنێت بۆ نەتەوەی کورد. وەهەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبیت لە ناساندنی کەلتور و زمانی کوردی لە سەردەمی فراوانبوون و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون. لەم ڕوانگەیەوە کوردستان بەشێوەیەکی زیاتر بەشداردەبێت لە سودمەندبوون لەو دیدگا جیهانی و ڕۆشنبیریە فراوانەی ئەنتەرنێت بۆ پەرەپێدان و هاوبەشی کردنی کەلتور و زمانەکەی. بەم شێوەیە، کوردستان دەرفەتێکی گەورەی بۆ دەڕەخسێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان کەلتورەکان و تێگەیشتنی سروشتی ناچەکە و دانیشتوانەکەی.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!