ئیتالیا تیمێكی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11 – 1 – 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماركۆ كارنیلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز كارنیلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی وڵاتەكەیشی بۆ قارەمانیهتی و نەبەردیی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر تیرۆرستان و پێشوازیكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان سەرباری قەیرانی دارایی، پیشان دا. هەروەها دووپاتى كردەوە كە ئیتاڵیا لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیاریشیان داوە لە ماوەی داهاتوودا تیمێكی دیكەی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بۆ مەشقپێكردنى پێشمەرگە و پۆلس و زێرەڤانی ڕەوانەی هەرێم بكەن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئیتالیای كرد و هیوای خواست هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاواره و پەنابەران زیاتر بكرێن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر بنێرێت، هەروەك بڕیاری ناردنی تیمی مەشق و ڕاهێنانی تایبەتی ئیتالی بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە و پۆلیس و زێرەڤانی بەرز نرخاند و ئامادەییی هەر هاوكاریەكی بۆ ئەو تیمە مەشقكارە تایبەتە پیشان دا. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا كرد و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە هەموو بوارەكاندا پیشان دا.
تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!