2__2015_12_22_h22m44s18__SE

كونسڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر كرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ 22/12/2015 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەرێز پیترۆ گراسۆ سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد كە بە مەبەستی كردنەوەی كونسڵخانەی ئیتاڵیا لە شاری هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

دوای ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن و پشودانێكی كورت، هەردوو بەڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیا بەرەو شوێنی ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسڵخانە بەڕێكەوتن و لەوێش كونسڵخانەی ئیتاڵیا بە شێوەیەكی فەرمی كرایەوە كە هەریەكە لە بەڕێزان جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەشداریان تێدا كرد.

لە ڕێوڕەسمەكەدا بەڕێز پیترۆ گراسۆ وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی لە چەند تەوەرێك كرد لەوانە گرنگیی كردنەوەی كونسڵخانەكەیان لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان و ئەو سەركەوتنانەی كە هێزی پێشمەرگە بەردەوام بەرامبەر تیرۆرستان بەدەستی دەهێنێت و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئامادەیی وڵاتەكەیشی لە بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی بە تایبەتی لە بواری سەربازی و مرۆییدا.

دواتر بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان و بڕیاری ئیتاڵیا بە بەرزكردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بۆ كونسڵخانە دەربڕی و بە هەنگاوێكی دڵخۆشكەر بۆ پێشكەوتنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو ڕوویەكەوە و پشتگیرییەكی پتەوی ئیتاڵیا بۆ گەلی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی گەلی كوردستان وەسف كرد.

دواتر ئاماژەی بەوە دا كە هەر لە سەرەتای هێرش و هەڕەشەكانی تیرۆرستانی داعشەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەرێز سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا یەكەم سەرۆك وەزیران بوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و تیایدا جەختی لەوە كردەوە كە لە شەڕی دژی تیرۆر پشتگیریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە دەكەن و هەرێمی كوردستانیش ئەو پشتگیری و پەیامە بەرز دەنرخێنێت چونكە لەو كاتەدا هەرێمی كوردستان پێویستییەكی زۆری بەو پشتگیرییە هەبوو. هەروەها سوپاسی  هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئیتاڵیای كرد كە لە سەرەتای ئەو شەڕەوە پێشكەش بە پێشمەرگە و ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سوپاسی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی ئیتاڵیای كرد كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزی پێشمەرگە دەكەن و جەژنی كرسمسی لە خۆیان و خانەوادەكانیان پیرۆز كرد. لە پەیامێكیشدا بۆ خانەوادەی ئەو ئەفسەر و سەربازانە، ئاماژەی بەوە دا ئەو ئەفسەرانە پشتیوانیی گەلێك دەكەن كە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهان هەیە و شانازیش بەوەوە دەكات لە جیاتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو شەڕە دەكات و پێشمەرگەش بەوپەڕی چاونەترسی و قارەمانێتییەوە بەرگری لە مرۆڤایەتی دەكات. هەروەها ئاشكرای كرد كە پەیامی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە گەلی كوردستان و عێراق لە هەموو ڕوویەكەوە پێویستی بە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆئەوەی هەمووان بتوانن لەو شەڕەدا سەركەوتن بەدەست بهێنن.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكە بەخێرهاتنی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری كرد. هەروەها سوپاسی كونسوڵی پێشووی ئیتاڵیای لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو كار و ئەركانەی كە تا ئێستا ئەنجامیداون كە ڕۆڵێكی گەورەی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا هەبووە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كاری نوێیدا. هەروەك بەخێرهاتنی كونسڵی نوێی ئیتاڵیای كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست كە لە ئەفغانستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان گواستراوەتەوە.

دواتر لە دیدارێكدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەكاندا كرد و جەخت لەسەر پشتگیریی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا كرایەوە.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كردستان جارێكی دیكە سوپاس و پێزانیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و هاوكارییەكانی ئیتاڵیا پیشان دا و دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانێتە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیتاڵیا. ڕاشیگەیاند كە هەموو دەرگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ كار و وەبەرهێنەرانی ئیتاڵیا كراوەیە و لەمبارەیەوە هەموو ئاسانكاریەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیتاڵی دووپات كردەوە.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>