شاندی هەرێمی کوردستان بارودۆخی عیراق لەگەڵ واشنتن باس دەکات
لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جۆن کێرى، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە دوێنێ 2ی تەموز لە واشنتن سازکرا، شاندى هەرێمى کوردستان، کە پێکهاتبوو لە دکتۆر فوئاد حوسێن، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و فەلاح مستەفا، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت، دیدو روانگەی هەرێمی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عیراق بۆ واشنتن روونکردەوە.
سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بە ووردی باسى لە دوایین گۆرانکاریەکانى گۆڕەپانى سیاسى عیراق کردو بە وەزیری دەرەوەی راگەیاند کە ئەو گۆرانکاریانەی دوای 9ی یۆنیۆ/حوزەیرانی رابوردوو دروست بوون واقیعێکی تازەیان هێنایە پێشەوە و پێویستە بە سیاسەت و تێڕوانینێکى جیاواز مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکرێت.
هەروەها پێی راگەیاند کە رەوشەکە هەرێمى کوردستانى خستۆتە پێش دوو ئاراستە. یەکەمیان ئەوەیە کە کورد بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆلی سەرەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە و ئالۆزییەکان. دووەمیش ئەوەیە کە کوردستان بەردەوام بێت لە پاراستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەرەو پێشبردنی بوارەکانی ئابووری و ئاسایش و بنیاتنانی دامەزراوەیی و خۆ ئامادەکردن بۆ مافی چارەی خۆنوسین.
وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، کە کورتە باسێکی دەربارەى ئاکامى سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بەشدار بن بۆ بنیاتنانەوە و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و داواکاربوو کە گشت لایەنەکان لە چوارچێوەی پەرلەمان بتوانن هەرسێ سەرۆکایەتیەکە لە عیراق پێکبهێنن بۆ ئەوەی لەم قۆناغە مەترسیدارە دەربازی ببێت و رووبەرووی تیرۆرستان ببنەوە تا ئاسایش و ئارامی بگەرێنرێتەوە عێراق.
جۆن کێرى بە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا ئاگاداری مێژووی خەباتی میللەتی کوردەو لە خواست و ئارەزوەکانیان تێدەگەن، هاوکات رۆلی کورد بە گرنگ وەسفکرد کە تا ئێستا بەشێکن لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش بە تایبەت.
هەر لەو دیدارەدا بیرورا ئال و گۆر کرا دەربارەی چۆنیەتی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و خۆ ئامادەکردن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئالۆزیەکان لە بەغدا و دیاری کردنی پۆستە سەرۆکایەتیەکان. سەبارەت بە جموجۆلى تیرۆرستان وفراوانکردنى ئەو ناوچانەى دەستیان بەسەردا گرتووە، شاندی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە دژی تیرۆر دەوەستن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
جۆن کێرى شاندى هەرێمى کوردستانى دڵنیاکردەوە کە ئەمەریکا ئامادەیە پشتگیری تەواوی هەرێمی کوردستان و عیراق بکات بۆ رووبەروو بونەوەی تیرۆرو نەهێشتنیان لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەى ئەمەریکا خۆشحاڵى خۆى بە سەردانى شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا نیشاندا وسوپاسى حکومەتى هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی کە هەفتەى رابردوو لە هەولێر لێیان کرا.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!