nb_pm_echo_council__2014_09_01_h16m15s1__MZ

ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان له‌ ڕه‌وشى وه‌به‌رهێنان ده‌كۆڵیته‌وه‌

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 1ى ئه‌یلوولى 2014، ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى په‌یوه‌ندار به‌ بوارى وه‌به‌رهێنانه‌وه،‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كاریگه‌ریى ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و قه‌یرانى دارایى و بڕینى بو‌دجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌، له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان و ئه‌و پڕۆژانه‌ى بواره‌ جیاجیاكانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر جێبه‌جێكردندان، تاوتوێ كران و، گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وشه‌ تازه‌یه‌ى ئابوورى و دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌رده‌وام بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ په‌سه‌ندكردنى یاساى ده‌سته‌ى نیشته‌جێكردن؛ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى ڕێنماییى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون و پێدانى مۆڵه‌ت به‌ پرۆژه‌كان به‌پێى یاساى ده‌سته‌كه، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هه‌موویان به‌هۆى په‌سه‌ندنه‌كردنى ئه‌م یاساوه‌، وه‌ستاون، به‌ شێوه‌یه‌كیش كه‌ بارى داراییى كه‌مده‌رامه‌تان‌ ڕه‌چاو بكرێت و سوودمه‌ندى پله‌ یه‌ك له‌ پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون، كه‌مده‌رامه‌تان بن.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان هه‌روه‌ها بڕیارى دا ڕێنماییى تایبه‌ت به‌ پێدانى مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنان بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ى مافیان هه‌یه‌ داواى مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، ڕێك بخرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى ده‌یانه‌وێ له‌ یاساى وه‌به‌رهێنان سوودمه‌ند بن. بۆ ئه‌مه‌ش بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ یه‌ك به‌ یه‌كى پرۆژه‌كان له‌ بوارى پیشه‌سازى، گه‌شتیارى و كشتوكاڵیدا بچێته‌وه‌ و بڕیاریان لێ بدات.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان لیژنه‌یه‌كى دیكه‌ى پێك هێنا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ یه‌ك به‌ یه‌كى داواى ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا بچێته‌وه‌ كه‌ به‌ هۆى ڕه‌وشى ئێستاى ئابوورى و داراییى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ زه‌ره‌مه‌ند بوون و، داوایان كردووه‌ ماوه‌ى ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كانیان بۆ درێژ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست كار بكه‌ن و پرۆژه‌كانیان دوا كه‌وتوون. ئه‌م لیژنه‌یه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌ك به‌ یه‌كى كه‌یسى كۆمپانیاكان ساغ بكاته‌وه‌ و ڕێ بگرێت له‌وه‌ى به‌ قۆستنه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌، بازاڕ له‌ لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ قۆرخ بكرێت.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>