سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2005 لە لایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکاریەو بە دەنگی زۆرینەی هاوڵاتیان هەر چوارساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێت.kurdistan_region_president_masoud_barzani_mb

ڕێزدار مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێم، وەک یەکەمین سەرۆکی هەرێم لە بەرواری 31 کانونی دووەم/ینایرى 2005 لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵبژێردرا. بەڕێزیان لە ساڵی 2009 بە بەدەستهێنانی ڕێژەی 70 لە سەدی دەنگی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووبارە هەڵبژێردرایەوە. بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمە و دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمە. خولی ئێستای سەرۆکایەتی لە ساڵی 2013 بە بڕیاری پەرلەمان درێژکرایەوە.

سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتی خەڵک دەکات لە ئاستی ناوخۆو جیهاندا. پەیوەندیەکان وهەماهەنگی نێوان هەرێم ودەسەڵاتەکانی فیدڕالى عیراقی لەژێر سەرپەرشتی بەڕێزیان بەڕێوەدەچێت. وەهەروەها، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات لە ئەنجوومەنی سیاسیى ئاسایشی نیشتیمانی عیراق ولە ڕاوێژکردن ودانووستانکردن لەگەڵ حکومەتی عیراق.

سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پەسەندکردنی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی تایبەت که پێشنیازدەکرێت لەلایەن سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەردەچن. سەرۆک دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی هەموو یاسایەکی هەیە بۆ پەرلەمان، بۆ یەک جار، بە مەبەستی گفتووگۆی زیاتر وهەموارکردنەوە.