Hollande_and_Barzani__2014_09_14_h20m13s10__SS

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەكات

لەهەنگاوێکی مێژووییدا وەکو یەکەمین سەرۆک کۆماری وڵاتێکی ئەوروپی خاوەن ئەندامێتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوێنێ فرانسوا هۆڵاند سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێکی حکومی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازی لێ کرا.

لەیەکەمین وێستگەی ئەو سەردانەدا سەرۆک بارزانی بەیاوەری سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەکەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانیان لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەکان بوون کە لەپاش پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و لەم کەمپەدا نیشتەجێن.

پاشان کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی هەرێم وسەرۆکی فەڕەنسا وشاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و جێن یوڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارک بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرسی حکوومەتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی کوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی فەرەنسا و شاندە یاوەرەکەی کرد و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد.

سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی گەلی کوردستان و ڕایگەیاند کە جێگەی شانازییە کوردستان دۆستێکی مەزنی وەک گەلی فەڕەنسای هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەکاندا هەردەم لەگەڵ گەلی کوردستان وەستاوە و یارمەتی و هاوسۆزیی ئەمجارەی فەڕەنسا کاریگەریی زۆری لە بەهێزتربوونی ورەی گەلی کورد و هێزەکانی پێشمەرگە هەبووە و هاوکێشەی شەڕەکانی لە قازانجی گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە گۆڕیوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی فەڕەنسای بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەولەتی و دروستکردنی هاوپەیمانێتیی دەولی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند و لەبارەی شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان لەشەڕی ئەم ڕێکخراوە هەتا ڕیشەکێشکردن و لەناوبردنی بەردەوام دەبێت.

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی کراوە و دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتییە سەربازیی و مرۆڤییەکانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت و دەچێتە قۆناغێکی تازەتر و هاوپەیمانییەکی بەهێزی دەولییش بۆ ئەم مەبەستە پێکدێت.

هاوکات باسی لە بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک لە شاری پاریس بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەبەسترێت و ڕایشیگەیاند شاندی هەرێمی کوردستانیش لەم کۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت چونکە لە ئەرزی واقعدا کوردستان هیڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە و لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە لە جەنگدایە.

سەرۆکی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارە و کوردستانیشی بە نموونەیەک زۆر باش وەسف کرد لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێکەوەژیانەی کوردستان دەکات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێکەوەژیانە دەکات.

لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسکۆنفڕانسێک بوون و ناوەڕۆکی کۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان باس کرد.

سەرۆکی هەرێم بەناوی خۆی وگەلی کوردستان سوپاس وپێزانینی پێشکەشی سەرۆکی فەڕەنسا کرد بۆ هەلوێستی بەرامبەر بەگەلی کوردستان لەکاتێکی زۆر هەستیاردا.
نیشانیشیدا پاڵپشتی فەڕەنسا کاریگەری ئەرێنی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گەلی کوردستان وپێشمەرگەی کوردستان  و رۆڵی گرنگی لە لەناوبردنی تیرۆریستاندا بینی.

هەروەها سوربونی گەلی کوردستانیشی لەسەر شەڕکردن لەگەڵ تیرۆریستان ونەک تەنها شەڕ بەڵکو لەناوبردنیان چونکە ئەوان هەڕەشەیەکی گەورەن لەسەر ئاشتی جیهانی و نیشامیدا ئەو رۆڵەی فەڕەنسا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەیگێرێت رۆڵی بەرهەمداربوو وبووە هۆی هاتنەدی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چونکە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تیرۆریستانە پێویستی بەکاری هاوبەش هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا ەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان تاکە چارەسەری گونجاوە بەتایبەتی کە ئێستا هاوکێشەکە گۆڕدراوە وپێشمەرگە لەپێشکەوتنی بەردەوامدایە وتیرۆریستانیش لەپاشەکشەدان.

پاشان فرانسوا هۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند سەردانی بۆ هەولێر سەردانێکی کاریگەرە وواتای خۆی هەیە و وڵاتەکەی هەمیشە لەکاتی مەینەتیەکاندا هاوکار وپاڵپشتی کوردستان ونیشانیدا هەرێمی کوردستان سەدان هەزاری ئاوارە وپەنابەری لەباوەشگرتووە فەڕەنساش هەموو توانایەکی فەراهەم کردوە  بۆ پێشوازیان وئەوانش زۆر سوپاسگوزاری رۆڵی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمن وفەڕەنسا شانازی بەوە دەکات کە یەکەمین وڵات بوە ئەو پاڵپشتیەی پێشکەشی هەرێم کرد .

هاوکات سەرسامی خۆی بۆ پاڵەوانێتی پێشمەرگە نیشانبا کە بەئازاییەکی گەورەوە شەڕی تیرۆریستانیان کرد وقوربانی زۆریشیان دا وهێشتاش لەو خەباتەی خۆیان بەردەوامن و دووپاتیشیکردەوە هەرێمی کوردستان توانی سود لەو چەکانە وەربگرێت کە فەڕەنسا بۆی ناردبوو وتوانی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت وستایشی پێکەوەژیانی ئاینی وتایفەتی ونەتەوەیی هەرێمی کرد وبە نمونەیەکی سەرکەوتووی لەناوچەکەدا وەسفکرد.

ئێوارەی هەمان رۆژ فرانسوا هۆڵاند سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومیی هەرێمی کوردستان بەڕێکرا.

شایانی باسە بەر لە کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بە مەبەستی گوێگرتن و زیاتر ئاگاداربوونی لە داواکاری و کێشەکانی ئاوارەکان لە کەنیسەی مار یوسفی عەنکاوە لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی ئاوارەکان کۆبۆیەوە.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>