Meeting_PM_Abadi__2015_04_07_h13m43s28__SF

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە

ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك گەییشتە هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێم پێشوازی كرا.

دوای پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە خالد ئەلعوبێدی وەزیری بەرگریی حكوومەتی عێراق و محەمەد سالم ئەلغەبان وەزیری ناوخۆی حكوومەتی عێراق و دكتۆر جاسم محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەریقی یەكەم بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گوتەیەكدا ئاماژەی بەو بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشانە كرد كە زیاترن لە خاڵی ناكۆكیی نێوان هەولێر بەغدا و بە پێویستی زانی كە كار لەسەر بەرژەوەندی و خاڵە هابەشەكانی هەردوولا بكرێت و پەرەی پێ بدرێت.

ئەوەیشی ڕاگەیاند كە حەز بە پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێم دەكات و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش پێویستیمان بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتر نێوان هەردوولا هەیە. سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئەوەیشی باس كرد كە لە شەی دژی داعشدا هیچ سنوورێك نییە بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست ئەم سەردانە سەركەوتوو بێت و دەرگە بۆ هاوكاری و لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا بكاتەوە. سەرۆك بارزانی باسی لە قارەمانێتیی پێشمەرگە لەدژی تیرۆریستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان بەڕووی پەڵامارێكی دڕندانەی دوژمنێكی پڕچەك و بەدڕەوشت هاتەوە و توانی تێكیبشكێنێت. سەرۆك بارزانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ ئەوەی هەماهەنگی و هاوكاریی هێزەكانی عێراق بكات لە دەركردن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.

هەر لەم دانیشتنەدا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها پڕۆسەی ئازادكردنی تكریت لە لایەن هێزەكانی عێراق و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیاریش لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سەربازی بۆ دیراسەكردنی پلانی ئازادكردنی موسڵ و لیژنەیەكی هاوبەشی تایبەتیش درا بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە بوونی هەڕەشە بۆ سەر كوردستان و عێراق هەڕەشەیەكی هاوبەشە و پێویستیشە تەواوی عێراق لە چنگی تیرۆریستان ڕزگار بكرێت. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕێگاكانی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاراستەیەكی ئیجابی وەربگرێت.

لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانیان دایەوە.

پاش پڕێسكۆنفڕانسەكە سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسە ئیداری و سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی حكوومەتی عێراق بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بار و گوزەرانی ژیانی ئاوارە و پەنابەران سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە بەحركە كرد لە نزیك شاری هەولێر.

شایانی گوتنە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن سەرۆك بارزانی بەڕێ كرا.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>