20150611_182246__2015_06_12_h3m7s8__NB

نەرویج نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى سەردانەکانى بۆ ووڵاتانى ئەوروپا گەیشتە ووڵاتى نەرویج لەلایەن بەڕێز بۆرگێ بڕێندەر وەزیرى دەرەوەى نەرویج لە ڕێکەوتى ١١/٦ پێشوازى لێکرا.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو سوندوس عومەر باڵیۆزی عێراق لە نەرویج و خاتوو سیسل برێیی باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و ئوردن و شاندێكی دیبلۆماسی ئەم ووڵاتە ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەکى سەبارەت بە دۆخى سیاسى و رەوشى ئاسایشى عێراق و هێرشەکانى چەکدارانى داعش بۆ سەر عێراق و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیان و رەوشى مرۆیی باسکرد. پاشان، جەختى لەسەر پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى نەرویج کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی نەرویج دووپاتی لەبەرەو پێشچوونى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتەکەى کردەوە. بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان بە خۆشحاڵیەوە ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەى نووسینگەى نوێنەرایەتى خۆى لە هەڕێمى کوردستان لە داهاتوویەکى نزیکدا دەکاتەوە.

لەم بارەیەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ستایشى ئەم هەنگاوەى حکومەتى نەرویجى کرد بە کردنەوەى نووسینگەى نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان، چونکە دەبێتە هەوێنى پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکان لەرووى سیاسى و ئابوورى و کەلتوری و کۆمەڵایەتیەوە.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی نەرویج ستایشی هەوڵەكانی سەركردایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵى قارەمانیەتى هێزى پێشمەرگەى كرد لە رووبەروو بوونەوەى هێزە چەکدارەکانى داعش و لەخۆگرتنی ژمارەیەکى بەرچاو لە ئاوارەی عێراقی و سوری لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بۆیە دووپاتی كردەوە كە ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریە مرۆیی و سەربازیەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایدا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكومەتی هەرێمی کوردستانى بە سەركردایەتی ووڵاتی نەرویج ڕاگەیاند لە پاڵپشتى کردنى هێزەکانى پێشمەرگە و پێشکەشکردنى هاوکاریە مڕۆیەکان بۆ هەرێمى کوردستان.

هەر لەمیانەى سەردانەکەیدا بۆ ئەو ووڵاتە، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ هەریەک لە لیژنەى کاروبارى دەرەوە لە پەرلەمان و گەورە ڕاوێژکارانى وەزارەتى دەرەوە و بەرگرى کۆبۆوە بە مەبەستى تاوتوێکردنى دوا پێشهاتەکانى ناوچەکە.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>