پوختەیەک دەربارەی هه‌رێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانی پێنج ملیۆن و 200 هەزار کەسە  و لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک پێکدێت، کە ڕووبەری هەرسێکیان پێکەوە نزیکەی چل هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە – کە گەورەترە لە ڕووبەری هۆڵەندا و چوارجار بە قەد ڕووبەری لوبنانە. ئەم ئامارە تەنیا پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خۆدەگرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  له‌ سنووری پارێزگاكانی نه‌ینەوا، سه‌لاحه‌دین، كه‌ركوك و دیالا له‌ خۆ ناگرێت.

Rawanduz Canyon

Rawanduz Canyon

جوگرافیای هەرێم هەمەچەشنە کە پێکدێت لە دەشتایی گەرم و وشک تا دەگاتە ناوچەی شاخاوی فێنک وە کانیاوی سروشتی و بارینی بەفر لە زستان.

گەشتیارانی بیانی زۆر بە گەرمی پێشوازیان لێدەکرێت. میدیای نێودەوڵەتی و بازرگانان لەنێوان ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانن کە سەردانی کوردستان دەکەن، وەهەروەها ئەو کوردانەی لە هەندەران دەگەڕێنەوە.

لە ماوەی جەنگی ئازادکردنی عیراق، تەنانەت تاکە سەربازێکی هێزی هاوپەیمانان لە کوردستان نەکوژراوە،وە هیچ کەسێکی بیانیش نەڕفێندراوە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەهاوکاری هاوڵاتیان، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان پاراستووە لەوەتەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەرپرسیاریەتی ئاسایشی ناوچەکەیان بە فەرمی لە ئایاری 2007 ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی جێبەجێکاری بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەودەکات کە داڕێژراون لە لایەن پەرلەمانی کوردستان – کە بەشێوەیەکی دیموکراسی لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراوە. وەهەروەها کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانی لە بەهاری 2014 دەستبەکاربووە.

دەستووری عیراقی فیدڕاڵ دانی ناوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان وە گشت دامەزراوە فەرمییەکانی تری هەرێمی کوردستان. بەهەمان شێوە، هێزەکانی پێشمەرگە وەک پاسەوانی سنووری هەرێم دەناسێنێت.

کابینەی هەشتەمی حکومەت، کە حکومەتی هاوپەیمانیە چەندین پارتی سیاسی لە خۆدەگرێت کە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنایەتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانەو نەتەوەکانی کلدانی، ئاشووری، سریانی، تورکمان، یەزیدی، عەرەب و کورد تێیدا بە تەبایی پێکەوە دەژین.

زیاتر لە سەدا شەست و پێنجی لادێیەکانی کوردستان دووبارە بوژاونەتەوە دوای وێرانکردنیان لەسەر دەستی ڕژێمی سەدام حوسین، لە ماوەی کەمپینی ئەنفال کە لە ساڵانی هەشتاکان دژ بە گەلی کورد ئەنجامدرا.

زمانی کوردی بنچینەکەی بریتیە لە زمانی هیندۆ ئەوروپیەکان و لە خێزانی زمانە ئێرانییەکانە، وەک فارسی و پەشتو، جیاوازە لە عەرەبی. سۆرانی و کرمانجی دوو زاراوەی سەرەکی زمانی کوردیین.

یازدە زانکۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە لەگەڵ چەندین زانکۆی ئەهلی مۆڵەت پێدراو. هەندێک لەو زانکۆیانە، ئینگلیزی وەک زمانی سەرەکی فێرکردن و تاقیکردنەوە بەکاردەهێنن، بەرچاوترینیان زانکۆی کوردستان هەولێر و زانکۆی عیراقی ئەمریکی سلێمانییە.

یاسای وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان لە حزیران 2006 پەسەندکراوە، کە پاداشتی بەرچاو دابیندەکات بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی وەک پێدانی زەوی، لێبوردن لە دانی باج بۆ نزیکەی 10 ساڵ و بەئاسانی گواستنەوەی داهات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی 17 وڵات ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بە خێرایی سوود لە سەرچاوە سروشتییەکانی وەربگرێت.

هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوانیش  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانین، کە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدا ئەنجامدەدرێت. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆکیش ئێستا لە ژێر دروستکردن دایە.