دارا جەلیل خەیات: سەرەڕای گرفتەکان، هەرێمی کوردستان پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی پاراستووە

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “سەرەڕای ئەو گرفتانەی لەم دواییەدا روویاندا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی بپارێزیت. بەهۆی ئەو سەقامگیریەی لەڕووی ئاسایشەوە لەشار وشارۆچکەکانیدا هەیە توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لەعیراق وناوچەکەدا.”

لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشەی تیرۆریستی وبڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی پێشووی ‌‌بەغداوە، “دوو تەحەددای زۆر سەرەکی بوون لەبەردەم هەرێمی کوردستان کە بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەرێم بیر لە پەیڕەوکردنی شێوازی دیکە وپلانی دیکە بکات بۆ پاراستنی باری ئابووری. ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەسەقامگیری ئەمنی وسیاسی وگرنگیدان بەکەرتی تایبەت”.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ وەبەرهێنان “باشترین وەڵام بوو لەو بارودۆخەدا. هەبوونی وەبەرهێنەری خۆماڵی لە کەرتە چالاکەکان، بەڕێژەی دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70 لەسەد وایکرد سستیێکی زۆر نەکەوێتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە وزەرەرەکە بەڕێژەیەکی گەورە نەبێت بەبەراورد لەگەڵ شوێن وناوچەکانی دیکەی عیراق”.

بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عیراق وهەرێمی کوردستان لەئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستانی رێکخراوی ناسراو بە داعش، هەروەها بەهۆی بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عیراق وپێنەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی هات کە بەهۆیەوە زۆر لەپرۆژەکان وەستان.

دارا جەلیل خەیات، رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وبەغدای بەپێشڤەچوونێکی گرنگ لەقەڵەمدا ودووپاتیکردەوە کە ئەم رێککەوتنە زەمینە خۆشدەکات بۆ بەجمووجۆلکردنەوەی چالاکی ئابووری؛ هەروەها عیراق وکوردستانیش پێگەیەکی بەهێزتریان لەبازاڕی نەوتی جیهاندا دەبێت، ئەگەرچی ئێستا نرخی نەوت دابەزیووە. گوتیشی کە “بەپێی پێشبینیەکان لەماوەی پێنج تا شەش ساڵی داهاتوودا داهاتی نەوتی عیراق رەنگە بگاتە زیاتر لە300  ملیار دۆلار.”

دارا جەلیل خەیات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە “گرنگی بەئەنجامدانی کۆمبوون ودیداری بازرگانی وئابووری بدرێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەستی باڵایان لەبواری بازرگانی ووەبەرهێناندا هەیە.” هاوکات ئاماژەی بەو رێککەوتن وکۆبوونەوانە کرد کە هەرێمی کوردستان وبێللاروسیا وهەنگاریای لەم دوواییەدا کۆکردەوە کە “بوونە دەستپێکی گرنگ بۆ هەنگاوی گرنگتر لەئایندەدا”.

دیداری ئابووری ژووری بازرگانی دوبەی

هەر لەم بارەیەوە، لقی هەولێری ژووی بازرگانی دوبەی دیدارێکی ئابووری لە 18ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو ئەنجامدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر باری ئابووری کوردستان وبەشداریکردنی وەبەرهێنانی بیانی، بەتایبەتی ئیماراتی. پارێزگاری هەولێر وسەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم وکۆنسوڵی گشتی ئیمارات وکۆنسوڵی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان ونوێنەری ژووری بازرگانی ئەڵمانیا وژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی بواری ئابووری ووەبەرهێنان ئامادەی بوون.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر گەڕانەوەی چالاکیە بازرگانیەکان کردەوە وئاماژەی بە دەوری حکومەتی هەرێم دا لە پاڵپشتیکردنی ئەم جۆرە چالاکیانە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان وبەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری هەرێم.
لەم دیدارەدا، دارا جەلیل خەیات وتی “بەگرنگدان بە بواری پیشەسازی دەکرێ خودی کوردستان وشارەکانی عیراق وووڵاتانی دەوروبەر سوود لە بەرهەمە پیشەسازیەکان وەربگرن وەکو ئاسن وچیمەنتۆ”.

لەبواری گەشتوگوزاریشیدا، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم ئەوەی دووپاتکردەوە، “بەسوود وەرگرتن لەم کەرتە دەکرێ ساڵانە کوردستان پێشوازی لە چوار تا پێنج ملیۆن گەشتیار بکات بەجێبەجێکردنی پرۆژەی تازە وپێشکەوتوو”.

لەلای خۆشیەوە کارمیلیۆ فیکارا، کۆنسوڵی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان، گوتی “بەهۆی ئەو بارودۆخەی عیراق وهەرێم وناوچەکە بەگشتی پێیدا تێپەڕی، دوو پیشانگای زۆر گرنگی ئیتاڵی لەهەرێمی کوردستان دواخرا بەڵام لەئایندەیەکی نزیکدا چالاکیەکانمان لەهەرێمی کوردستاندا دەستپێدەکاتەوە”. فیکارا ئەوەی دووپاتکردەوە کە کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی بەپەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیە ئابووری وبازرگانیەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

هەر لەهەمان دیداردا، راشد ئەلمەنسوری، کۆنسوڵی گشتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە وتەیەکدا دووپاتیکردەوە “هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەقامگیر وئارامە وخاوەنی پێگەی ئابوری خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە وڵاتەکەی بیر لە پرۆژەی گەورە وسوود بەخش دەکات کە لە کوردستان جێبەجێی بکات” .

راشد ئەلمەنسوری دووپاتیکردەوە “بوونی پێشمەرگە، باشترین زامنکاریە بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری لەهەرێمی کوردستان، چونکە پێشمەرگە بەپاراستنی سەقامگیری ئاسایشی ئەم هەرێمە، وڵاتانی جیهانیش هان دەدات بەوەی بێن پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجامبدەن، داواشیکرد هەرچی زووە وڵاتان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن وباشترین پرۆژەی خۆیان بهێننە کوردستان”.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>