دابان شەدەڵە بارودۆخی ئێستای عێراق و کوردستان بۆ میدیای ئیسپانیا روندەکاتەوە
بارودۆخی ئێستای عێراق لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت کە لە مانگی حوزەیراندا کاتێک داعش شاری موسڵیان کۆنترۆڵ کرد. هێزەکانی سوپای عێراق لە بەردەم ژمارەیەکی کەمتر لە گروپی داعش و یاخیبوە سونیەکان ڕایانکرد. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کە دروستبوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەنگاویان نا بۆ ئەو ناوچانە کە هەر لە ڕووی مێژوویەوە بە شێکن لە کوردستان و تیایاندا سوپای عێراق ڕایانکردبوو. هێزی پێشمەرگە توانی بەر بە گروپی داعش بگرێت لەو شوێنانە بە دروستکردی ئەم بەرە نوێیە لە بەردەمیان. سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پاراستنی خەڵکی کوردستانە، بە بێ جیاوازیکردنی ئەتنی و ئاینی و مەزهەبی. بەهۆی ئەم هێرشانەی داعشەوە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون لەو ناوچانەی کە ئەو هێزە کۆنترۆڵیان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی توانای خستووەتە گەڕ بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش، دابینکردنی خۆراک، ئاو و جێگە بۆ ئەو کەسانەی کە ئاوارە بوون. ئێستاکە هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ نزیکەی یەک ملێۆن کەس لە ئاوەرەی سوریا و ناوخۆی عێراق کردووەتەوە، کە ئەمەش بە تەنها کارێکی ئەستەمەو یارمەتی نێودەوڵەتی پێویستە.
لە ڕووی سیاسیەوە، لەوە ناچێت هەنگاوەکان زۆر بەروپێش چووبێت. یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە بەغداد دواخرا کاتێک پەرلەمانتارانی کورد و سونی هۆڵەکەیان بەجێهێشت، پاش بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی، کاتێک چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوتلەکەی سەرۆک وەزیران نوری مالیکی هەستان بە ئیهانەکردنیان. بڕیاربوو دوێنی دانیشتنی دووەم ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی هاوسازی نێوان کوتلە پەرلەمانیەکان لەسەر پۆستە سیادیەکان دواخرا. پلانی نوێ ئەوەیە کە پەرلەمان لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆببێتەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە “داڵدەدانی تیرۆرستان” تاوانبارکرد، بە توندی ئەو جۆرە تۆمەتبارکردنە ڕەتدەکەینەوە، کە دوورە لە ڕاستیەوە، کاری لەم جۆرە بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات. لە ئەنجامی ئەم لێدوانەدا وەزیرە کوردەکان لە بەغداد بڕیاریاندا نەچنە کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە. ئێمە لە ڕابردووداو، لە ئێستاشدا بەشداری سیستەمی سیاسی عێراقمان کردووە. ناکۆکی زۆرمان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بەڵام پابەندی عێراقی دیموکرات و فیدراڵین،ئەم پابەند بوونەش مەرجی خۆی هەیە. لە هەموویان گرنگتر پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لەو ئابڵوقە ئابوریەی بە شێوەی نەناردنی بودجە خستویەتە سەر هەرێمی کوردستان. بە هۆی جیاوازی بیروڕا لەسەر هەناردەکردنی نەوت حکومەتی فیدراڵ لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە بەشە بودجەی لە 17% ی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، هەرچەندە کە مافێکی دەستوری ئێمەیە. ئەگەر مەبەست ئەوەیە هەنگاوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەرەو باشبوون بچێت، پێویستە بەغداد هەنگاو بەم ئاڕاستەیە بنێت بە ناردنی بودجە. ئەمە هەرچەندە کە دادگای باڵای عێراق دژ بە داواکاریەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕیاریدا- کە تیایدا داوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بە پشت بەستن بەوەی کە داواکاریەکە “پێچەوانەی دەقە یاساییەکان لە عێراق” داوکاریەکەی وەزارەتی نەوت ڕەتکرایەوە. حکومەتی فیدراڵی دوێنێ نیشتنەوەی فڕۆکەی بارهەڵگری لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی قەدەغەکرد، کە ئەمەش وەک گوشارێکە بۆ بەرتەسکردنەەوەی ئابوری گەشەسەندوی هەرێمی کوردستان.
ئێمە، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی و پابەندین بە عێراقەوە تا ئەو ئاستەی کە بەشێوەیەکی دیموکرات بمێنێتەوەو بتوانێت ئاسایش لە ووڵاتدا بێنێتە ئاراوە. یارمەتی ئەو کەسانەش دەدەین کە بە هۆی ئەم بارودۆخەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە ئێستادا باسی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لە ئارادایە، دەرەنجامی ئەمە بۆ خەڵکی کوردستان بەجێدەهێڵرێت تاوەکو هەڵبژاردەی خۆیان بەپێ ی پێوەرە دیموکراسیەکان یەکلابکەنەوە، بەهەر شێوەیەک بێت، ئەوە مافی دیموکراتی خۆیانە کە بڕیار لە داهاتوویان بدەن.
Leave a Reply
Want to join the discussion?Feel free to contribute!