Karim_Sinjari_and_Milan_Chovanec_Czech_Republic_Interior_Minister__2014_09_21_h12m27s32__SS

کۆماری چێک پاڵپشتی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە

حکومەتی چێک پاڵپشتی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوەو جەختیکرد لەسەر دانی چەک بە پێشمەرگە وگەیاندنی نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ ئەم هێزانە.

ئەم هەڵوێستەی حکومەتی چێک لەمیانەی دیدارەکانی کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هات لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری چێک، کە لەسەر بانگهێشتى فەرمى میلان چۆڤانیک، وەزیرى ناوخۆ، سەردانی ئەم وڵاتەى کرد.

لەم کۆبوونەوانەدا، کەریم سنجاری باسی لە دوا پێشهات و پەرەسەندنەکانى سەرگۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکەی بەگشتى کرد. هەروەها کورتەیەکى سەبارەت بە شەڕى دژى داعش و پێویستى بەردەوامبوونى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە هاوکاریکردنى حکومەتى هەرێم و بەردەوامبوونیان لە هەوڵدان بۆ بنبڕکردنى تیرۆر لەناوچەکەدا پێشکەش کرد.

لەلای خۆشیەوە وەزیرى ناوخۆى چێک پابەندى حکومەت و گەلى چێکى دووپاتکردەوە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردنى حکومەت و گەلى کوردستان لە شەڕى دژى رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، و تیرۆر بەگشتى. هەروەها ئامادەیى تەواوى وەزارەتەکەى  نیشاندا بۆ هاوکارى و هەماهەنگى کردن لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە بوارى دابینکردنى ئامراز و تەکنەلۆژیاى پێشکەوتووى چاودێرى و ئاسایش و پێدانى خولى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى ناوخۆ.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا، وەزیری ناوخۆی چێک ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانى پۆلیسى چێکی ئامادەن بۆ پێدانى خولى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە بوارى ئاشکراکردن و هەڵگرتنەوەى بۆمب و پوچەڵکردنەوەى بۆمبى چێنراو. هەروەها رایگەیاند کە داوای لە بەرپرسانی پۆلیسی وڵاتەکەی کردووە بە زووترین کات پێشنیارى بۆ ئامادەبکەن سەبارەت بە چۆنیەتى پێشکەشکردنى هاوکاریەکانیان بە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم بۆ شەڕ لە دژى تیرۆر.

کەریم سنجارى متمانەیی خۆی بە حکومەتى چێک دەربڕی بەوەی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە بوارى دابینکردنى تەکنەلۆژیاى چاودێرى پێشکەتوو و سیستەمى پێشکەوتووى ئاسایش و کردنەوەى خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانى ناوخۆ لە گشت بوارەکاندا. دووپاتیشیکردەوە حکومەتى هەرێم وەکو هاوبەشێکى درێژ خایەن سەیرى کۆمارى چێک دەکات.

هەر لەو سەردانەیدا وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانى دەزگا ئەمنیەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى چێک کۆبۆوە بە مەبەستى گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنیەتى هەماهەنگى و هاوکارى لە نێوان هەردوو وەزارەتدا.

دواتر کەریم سنجاری لەگەڵ تۆماس کوختەن جێگرى وەزیرى بەرگرى چێکى کۆبوەوە ولە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتى پەرەپێدانى هەماهەنگى و هاوکارى سەربازى لە نێوان حکومەتى هەرێم و کۆمارى چێک. وپاشان سەردانى کۆگاکانى چەک و کارگەى دروستکردنى چەک و تانک و زرێپۆشیان کرد بۆ ئاشنابوون بە توانا سەربازیەکانى کۆمارى چێک بە مەبەستى پێشکەش کردنى هاوکارى سەربازى بە هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگە لە شەڕى دژى داعش و تیرۆر.

هەروەها لەسەردانێکیدا بۆ وەزارەتى دەرەوەى چێک، کەریم سنجاری لەگەڵ  لوکاش کاوتسکى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەم وڵاتە کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری ناوخۆ تیشکى خستە سەر رەوشى ئێستاى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و رەوشى ئاوارەکان و پێویستى بەردەوامبوونى کۆمارى چێک و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە پشتگیریکردن و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیى بە ئاوارەکان. لەبەرامبەردا لوکاش پابەندى حکومەتى چیکى دووپاتکردەوە بۆ پشتگیرى کردنى هەرێمى کوردستان و پێشکەش کردنى هاوکارى مرۆیى بە ئاوارەکان.

‌لە درێژەى چالاکیەکانیدا، کەریم سنجارى سەردانى سەرۆکایەتى کۆمارى چێکى کرد و لەگەڵ  هینک کمونیچک راوێژکارى سەرۆکی کۆمار بۆ کاروبارى دەرەوە کۆبوەوە. لە میانەى دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەى گرنگى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان کۆمارى چیک کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگى ئاڵوگۆرکردنى سەردان لە ئاستى باڵا لە نێوان هەردولادا.

0 replies

Leave a Reply

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

You may use these HTML tags and attributes: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>