PMBarzaniItalyAmbasador11Jan16.__2016_01_12_h15m22s39__HO

ئیتالیا تیمێكی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11 – 1 – 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماركۆ كارنیلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز كارنیلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرسامیی وڵاتەكەیشی بۆ قارەمانیه‌تی و نەبەردیی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر تیرۆرستان و پێشوازیكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان سەرباری قەیرانی دارایی، پیشان دا. هەروەها دووپاتى كردەوە كە ئیتاڵیا لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیاریشیان داوە لە ماوەی داهاتوودا تیمێكی دیكەی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بۆ مەشقپێكردنى پێشمەرگە و پۆلس و زێرەڤانی ڕەوانەی هەرێم بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئیتالیای كرد و هیوای خواست هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاواره‌ و پەنابەران زیاتر بكرێن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر بنێرێت، هەروەك بڕیاری ناردنی تیمی مەشق و ڕاهێنانی تایبەتی ئیتالی بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە و پۆلیس و زێرەڤانی بەرز نرخاند و ئامادەییی هەر هاوكاریەكی بۆ ئەو تیمە مەشقكارە تایبەتە پیشان دا. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا كرد و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە هەموو بوارەكاندا پیشان دا.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

KRG_logo__2015_01_19_h16m50s53__SF

پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی سەری ساڵی تازەوە

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینیەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین بەو هیوایەی ساڵی تازە ببێتە ساڵی خۆشی و سەقامگیری زیاتری وڵاتەكەمان.

هاوكات پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری شەرەف و فیداكاری و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی رێگای خەباتی كوردایەتی دەكەین و دووپاتیشی دەكەینەوە رۆلەكانیان هەمیشە لەیادن و ئەوان هەردەم سیمبوڵی ئازادی و سەقامگیری كوردستانن.

ساڵی 2015، ساڵێكی پڕ لە نەهامەتی بوو بۆ گەلی كوردستان بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی چەندین رۆڵەی نەبەرد و قارەمانی ئەم وڵاتە، هەروەها بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری سەپێندراو بەسەر هەرێمەوە لەلایەن حكومەتی بەغداوە ، ئەمە جگە لە لێكتێنەگەیشتنى سیاسی نێو هەرێمی كوردستان و ئەو ئاڵۆزیانەی بەدوایدا هات.

بەڵام لە هەمان كاتیشدا ساڵی تۆماركردنی چەندین سەركەوتنی گەورە و مەزن بوو لەبەرەكانی جەنگ و ساڵی رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی داگیركراوی كوردستان بوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە هیممەت و فیداكاری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.

هیوادارین لە ساڵی 2016ـدا بتوانین بەسەر هەموو گرفت و قەیرانەكاندا زاڵ بین و ئەم ساڵە ببێتە ساڵی سەركەوتنی تەواو بەسەر تیرۆر و تیرۆریستان و تەواوبوونی گرفت و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان.

هەر لێرەشەوە بە ئێوەی ئازیزی رادەگەیەنین، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بێ وچانی خۆی بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان بەردەوام دەبێت و دڵنیاتان دەكەینەوە لەوەی كە هیچ مافێكی ئەم خەلكە نافەوتێ.

هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆمان و رێزی بی پایانمان بۆ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان رادەگەیەنین، بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتن بەسەر تیرۆریستان و ئازادكردنی بەشێكی زۆری ئەو خاكەی كە لە ژێر دەستی تیرۆریستاندا بوو.

دیسانەوە ئەو پەڕی رێزمان بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان لەم بارودۆخەدا دووپات دەكەینەوە و بێگومانین لەوەی وەك چۆن ئەم گەلە گرفتی قورستری تێپەڕاند، ئەم گرفتەش تێدەپەڕێنێت.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
2015/12/31