NB_u_Tim__2015_06_28_h16m47s11__SE

شاندی سەناتی ئەمەریكا: پێویستە بەغدا شایستەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز تیم كاین سەرۆكی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكانی سەناتی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ئەندامانی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكان و كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەناتی ئەمەریكا پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا بەڕێز كاین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەكەی خستەڕوو كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستانە و دەستخۆشیی لە حكوومەت و خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان كرد كە جیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون.

شاندی میوان نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر پێشڕەوییەكانی تیرۆرستانی داعش و نەبوونی پلانێك بۆ لەناوبردنیان دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە لە دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی عێراق، داوا دەكەن بەشدارییەكی زیاتر بە سوونە بكرێت بۆئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. لە هەمان كاتدا پشتگیریی خۆیان بۆ نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا بەپێی رێككەوتن و یاساكان شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات و بارقورسیی سەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی سەناتی ئەمەریكای كرد و هاوكاری و هاریكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆڤییەوە بەرز نرخاند كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاشەكشێ كردن بە تیرۆستانی داعش هەبوو و هیوای بەردەوامی هاوكارییەكانی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای لە شاندی میوان كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵ ببینن بە شێوەیەك ئەو ئەركەی كەوتۆتە سەر شانی بەغدا جێبەجێی بكات. ئاماژەی بەوەش كرد كە هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆیە داوای كرد هەوڵی جددی بدرێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاری رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیە یەكگرتووەكان بكات تا یارمەتی و كۆمەك بگەیەننە ئاوارە و پەنابەران.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ڕەوشی پێشكەوتن و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و ئەو ئاستەنگانەی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان دروستبوون، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

NB_u_USA__2015_06_24_h16m52s24__SE

نێچیرڤان بارزانی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێرا ق و شاندێكی دیبلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز باڵیۆزی ئەمەریكا پاڵپشتیی خۆی و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە لە هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام دەبن بە تایبەتی لە بواری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە. هەروەها باسی لە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەی كە كۆنترۆڵی كردوون، كرد.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لەو بارەیەوە بەڕێز باڵیۆزی ئەمەریكا دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویەتی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی بكات و جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بەغدا پابەندی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە بێت كە لەسەر شانییەتی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی بنێرێت چونكە بارێكی قورس كەوتۆتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتگیریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دەربڕی.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی باڵیۆزی ئەمەریكای لە عێراق كرد و پاڵپشتی و هاوكارییەكانی حكوومەت و خەڵكی ئەمەریكای لە كاتی تەنگانەدا بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها پوختەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەوە پێشكەش كرد.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لایەنگریی ئەوە دەكات كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا گەر بەغدا پابەند نەبێت حكوومەتی هەرێم هەموو ڕێگایەك دەگرێتە بەر بۆئەوەی پێداویستییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بكات بە تایبەتی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە.

NB_u_beritanya__2015_06_18_h11m57s17__SE

نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە دەكات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 18/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە جەنەڕاڵ تۆم بەككێت نێردەی تایبەتی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی بەرێز سەرۆك وەزیرانی كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز بەككێت خۆشحاڵیی خۆی بە دیدار لەگەڵ بەرێز سەرۆك وەزیران دەربڕی و باسی لە دوا پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانی تیمە سەربازییەكانیان بە هێزی پێشمەرگە و زیادكردنی ئەو مەشق و ڕاهێنانە، كرد.

هەروەها دەستخۆشی لە پێشمەرگە كرد كە توانیویانە بوێرانە و چاونەترسانە ڕووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆرستی لە جیهان ببنەوە و خەڵكی كوردستان بە هەموو نەتەوە و ئاینەكانیەوە و بێ جیاوازی لە ترسی تیرۆر بپارێزن، هەروەك لە ناوەندەكانی مەشق و ڕاهێنانیشدا بە شێوەیەكی زۆر باش هەموو ئەو مەشقانە بە باشی جێبەجێ دەكەن كە پێیان دەدرێت. باسی لە بارودۆخی ئەو ناوچانەی عێراقیش كرد كە لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدان و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هاوپەیمانان و عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ لەناوبردن و بنبڕكردنی ترسی تیرۆر بە پێویستییەك لەقەڵەم دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی نێردەی تایبەتی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا. هەروەها سوپاسی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هێرش و هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پاڵپشت و هاوكاری هەرێم بوونە و هیوای بەردەوامی و زیاتركردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە لە ئێستا و قۆناغەكانی داهاتوودا خواست.

دواتر باسی لە ڕەوشی ناوچەكە لەڕووی ئاسایشەوە كرد و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییە باشەی تا ئێستا لە نێوان هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستاندا هەبووە بەردەوام بێت و زیاتر پەرەی پێ بدرێت كە هۆكارێكی سەرەكیی تێكشكاندنی تیرۆر و بەرگرتن لە مەترسیی و هەڕەشەكانیان بووە.

encumeni_heremi__2015_06_17_h15m58s9__SE

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبووه‌وه‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/6/2015 ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لەگەڵ هەرپێنج لایەنی سیاسیی بەشدار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكان لەبارەی گیروگرفتەكانی پرسى نەوت لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال خرانە ڕوو و تیشك خرایە سەر ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێككەوتنەكە و یاساى بودجه‌ى عیراق بۆ ساڵى 2015یه‌، بەڵام حكوومەتی عێراقی فیدرال، پابه‌ند نییە.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ داكۆكى له‌م خاڵانه‌ كرده‌وه‌:
1.   حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە و ده‌یه‌وێت هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى بودجه‌ى عیراقى فیدرال ـ ژماره‌ 2ى ساڵى 2015  چارەسەر بكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و عیراقدایه‌.
2.   ئەگەر حكوومەتی فیدرالی عێراق به‌ یاساى بودجه‌ى عیراقى فیدراله‌وه‌ پابەند نەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچارە بۆ دابینكردنی ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بیر لە گرتنەبەری ڕێگەچارەی دیكه‌ى یاسایى بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى یاساى ژماره‌ پێنجى ساڵى 2013ى په‌رله‌مانى كوردستاندا.
3.   لایەنە سیاسییەكان پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هەر بڕیارێك كه‌ لەپێناو چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و ئابووری و دابینكردنی ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی كوردستاندا دەیدات، به‌تایبه‌تى كه‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و داڵده‌دانى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، بارى هه‌رێمى كوردستانى زۆر قورستر كردووه‌.
4.   دوای هەر بڕیارێكیش بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر خوازیاری ئەوەیە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكات، هیچ كاتێكیش حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نیازى پچڕاندنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا نییه‌، چونكه‌ عیراق بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌هه‌ندێكى جوگرافى، كۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى، بازرگانى و سیاسییه‌.

Group_photo_DFR_KRGReps__2015_06_15_h10m7s24__AM

بەلاغى کۆتایی کۆبوونەوەى فراوانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە

لە ماوەى رۆژانى 13-14/06/2015 بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوونى بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم؛ کۆبوونەوەى فراوانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ئەنجام درا، بە مەبەستى دانانى میکانیزمى کار و هەماهەنگى و بەرنامەى کارى داهاتووى نوێنەرایەتیەکان و هەروەها باسکردنى رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتیەکان لە دەرەوە بۆ خزمەتى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان.

سەرەتاى کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانى پاکى سەرجەم شەهیدانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان و قوربانیانى پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژى داعش دەستى پێ کرد. پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى جێگرى سەرۆک وەزیرانى بۆ ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەکە کرد و وەک بایەخى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە وەسفى کرد.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى نوێنەرانى حکومەتى لە دەرەوە کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەى کە لە ماوەى رابردوو ئەنجامیان داوە، هاوکات سوپاسى کردن بۆ ئەو رۆڵەى کە گێڕاویانە لە بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکانى هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى. پاشان تیشکى خستەسەر گرنگى کۆبوونەوەکە و ئەو پرس و بابەتانەى کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێن و بیروڕا دەربارەیان ئاڵوگۆر دەکرێت و گووتى ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستى لە نزیکە ئاگاداربوون و داڕشتنى میکانیزمى گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى نوێنەڕایەتیەکان و هەروەها هەماهەنگى نێوان فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە.

فەلاح مستەفا بەناوى بەشداربووانى کۆبوونەوەکە زۆر سوپاسى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە نەمسا کرد بۆ میواندارى کردنى کۆبوونەوەکە و هەموو ئەو کاروبارانەى کە لەڕووى پڕۆتۆکۆڵى بۆ سەرخستنى کۆبوونەوەکە ئەنجامیان دا.

بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیران بە ناوى خۆى و بەناوى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەشدارى و ئامادەبوونى کرد. دواتر تیشکى خستەسەر رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتیەکان لە دەرەوە و ئەوەى کە لێیان چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامى بدەن. گووتیشى کە ئەمڕۆ ئێمە دەنگمان لە دەرەوە دەبیسترێ بوونمان لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە و رۆژانە لەگەڵ ووڵاتان پەیوەندیمان هەیە. هەربۆیە بایەخى نوێنەرایەتیەکان وەک دامەزراوەکانى ترى حکومەتە.

دواتر تیشک خرایەسەر دوایین پەرەسندنەکانى بوارى دارایی و سەربازى و مرۆیی. بەڕێز جێگرى سەرۆک وەزیران باسى لەو قەیرانانە و گەورەیی قەبارەى ئەو قەیرانانە کرد کە لەماوەى ساڵى 2014 رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەوە کە تائیستاش بەردەوامیان هەیە، هاوکات پلانى حکومەتى بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە بۆ بەشداربووانى کۆبوونەوەکە خستەڕوو و باسى لە گرنگى رۆڵى نوێنەرایەتیەکان لە گەیاندنى پەیام و سیاسەتى حکومەتى هەرێم لە بوارە جیاجیاکاندا بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد.

پاشان رێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارى هەناردەکردنى نەوت و یاساى بودجەى ساڵى 2015 وەک تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە زانیارى پێویستى لەبارەوەخرایەڕوو. هاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕواى بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنى هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا. جێگرى سەرۆک وەزیران ئەوەشى خستەڕوو کە هەرێمى کوردستان پابەندى رێکەوتنەکە و پاساى بودجەیە و دەبێ بەغداش پابەندبێت.

لەبارەى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش؛ جێگرى سەرۆک وەزیران بە ناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى هەموو ئەو ووڵاتانەى کرد کە لەم شەڕەدا لەڕووى سەربازى هاوکارى هەرێمى کوردستان بوون لە پێدانى چەک و تەقەمەنى و مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە، سوپاسى قارەمانێتى و بەرگرى هێزەکانى پێشمەرگەى لەو شەڕەدا کرد و گووتى دەبێ هەوڵەکان چڕتر بکەیەنەوە بۆ بەدەنگەوە چوونى قوربانیەکان و چارەسەر کردنى پێشمەرگە بریندارەکان. هەروەها داواى کرد کە بەهۆى فراوانى و گرانى شەڕەکە حکومەتى هەرێم پێویستى بە پشتیوانى و هاوکارى زیاترى سەربازى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە بۆ تەواو تێکشکاندنى تیرۆرستان.

لەبارەى پرسى مرۆیی و لێشاوى بەردەوامى پەناهەندە و ئاوارەکانى ناوخۆ بۆ هەرێمى کوردستان کە ژمارەیانر گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن کەس، جەخت لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنى هاوکارى لێقەماوان کرایەوە. هاوکات تیشک خرایەسەر کاریگەرى ئەو ژمارە زۆرەى پەناهەندە و ئاوارەکان لەسەر هەرێم بەتایبەتى لەڕووى ژێرخانى ئابورى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکان. هەربۆیە پشتیوانى بۆ پلانى ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕدرا بۆ کۆکردنەوەى یارمەتى و هاوکارى مرۆیی بۆ پەناهەندە و ئاوارەکان، ئەوەش بۆ مەبەستى کەمکردنەوەى کێشە و گرفتەکانیان.

دواتر هەریەک لە بەڕێزان نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتى خۆیان دەربارەى کار و چالاکیەکانیان پێشکەش کرد. هاوکات باسیان لە کاریگەرى قەیرانى دارایی لە هەرێم لەسەر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتى کرد؛ هەروەها تیشکیان خستەسەر ئەو ئاستەنگانەى کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتى کار کردنیاندا لەڕووى بوونى زانیارى پێویست و بەدەنگەوە هاتن و هەماهەنگى دامەزراوەکانى ترى حکومەتى هەرێم بۆ خواست و داواکاریەکانیان لە کات و پرسە جیاوازەکاندا. لەم رووەشەوە کۆبوونەوە بڕیارى دا کە هەوڵى تەواو بدرێت بۆ کەمکردنەوەى ئاستەنگەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتیەکان.

لە چەند دانیشتنێکدا کۆبوونەوەکە گفتوگۆى کرد دەربارەى تەوەرەکانى سیاسى و کار و هەماهەنگى و کارگێڕى و دارایی و پڕۆتۆکۆڵ و راگەیاندن و یاسایی پەیوەست بە کاروبارەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکردن و  دانانى پلانى کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتیەکان بۆ داهاتوو، کۆبوونەوەکە بە چەند بڕیار و راسپاردەکەیەک لە ئێوارەى رۆژى یەک شەممە رێکەوتى 14/6/2015 کۆتایی بەکارەکانى هێنا و هەموو لایەک جەختیان لە کارکردن و پابەندبوون بە خزمەت کردنى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە.

جێگەى باسە لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان 14 نوێنەرایەتى لە دەرەوە هەیە لە هەریەک لە ووڵاتانى ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئێران، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا،رووسیا، پۆڵۆنیا، ئوستڕالیا، سوید، بەلجیکا، و سویسرا.

20150611_182246__2015_06_12_h3m7s8__NB

نەرویج نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى سەردانەکانى بۆ ووڵاتانى ئەوروپا گەیشتە ووڵاتى نەرویج لەلایەن بەڕێز بۆرگێ بڕێندەر وەزیرى دەرەوەى نەرویج لە ڕێکەوتى ١١/٦ پێشوازى لێکرا.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو سوندوس عومەر باڵیۆزی عێراق لە نەرویج و خاتوو سیسل برێیی باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و ئوردن و شاندێكی دیبلۆماسی ئەم ووڵاتە ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەکى سەبارەت بە دۆخى سیاسى و رەوشى ئاسایشى عێراق و هێرشەکانى چەکدارانى داعش بۆ سەر عێراق و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیان و رەوشى مرۆیی باسکرد. پاشان، جەختى لەسەر پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى نەرویج کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی نەرویج دووپاتی لەبەرەو پێشچوونى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتەکەى کردەوە. بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان بە خۆشحاڵیەوە ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەى نووسینگەى نوێنەرایەتى خۆى لە هەڕێمى کوردستان لە داهاتوویەکى نزیکدا دەکاتەوە.

لەم بارەیەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ستایشى ئەم هەنگاوەى حکومەتى نەرویجى کرد بە کردنەوەى نووسینگەى نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان، چونکە دەبێتە هەوێنى پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکان لەرووى سیاسى و ئابوورى و کەلتوری و کۆمەڵایەتیەوە.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی نەرویج ستایشی هەوڵەكانی سەركردایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵى قارەمانیەتى هێزى پێشمەرگەى كرد لە رووبەروو بوونەوەى هێزە چەکدارەکانى داعش و لەخۆگرتنی ژمارەیەکى بەرچاو لە ئاوارەی عێراقی و سوری لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بۆیە دووپاتی كردەوە كە ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریە مرۆیی و سەربازیەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایدا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكومەتی هەرێمی کوردستانى بە سەركردایەتی ووڵاتی نەرویج ڕاگەیاند لە پاڵپشتى کردنى هێزەکانى پێشمەرگە و پێشکەشکردنى هاوکاریە مڕۆیەکان بۆ هەرێمى کوردستان.

هەر لەمیانەى سەردانەکەیدا بۆ ئەو ووڵاتە، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ هەریەک لە لیژنەى کاروبارى دەرەوە لە پەرلەمان و گەورە ڕاوێژکارانى وەزارەتى دەرەوە و بەرگرى کۆبۆوە بە مەبەستى تاوتوێکردنى دوا پێشهاتەکانى ناوچەکە.

NB_u_konsuli_kwet__2015_06_10_h17m29s32__SE

كوێت خوازیارە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز د. عومەر ئەلكەندەری، یەكەم كونسڵی گشتیی دەوڵەتی كوێت لە هەرێمی كوردستان كرد و بە بۆنەی دەستبەكاربوونییەوە پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كاردانەوەكانی ئەو شەڕە لەسەر هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، بەتایبەتیش داڵدەدانی نزیكەی ملیۆنێك هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر. لای خۆیەوە كونسڵی گشتیی كوێت پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانە دەربڕی كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە دەرفەتی كار و وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كوێتییەكان لە هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە كونسڵی كوێت خواستی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران و لایەنە پەیوەندارە فەرمییەكانی كوێتی بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجاكاندا لە كوردستان دووپات كردەوە و داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش بكات تاكو ببێتە هاندەرێك بۆ وەبەرهێنانی كوێتی لە هەرێمی كوردستان، كردنەوەی كونسڵخانەی گشتیی كوێتیشی لە هەرێمی كوردستان بە دەرفەتێكی گرنگ بۆ برەودان بەو پەیوەندییانە لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان كوێت و هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئامادەیی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكی دەزگا و لایەنە پەیوەندارەكانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كوێتییەكان پیشان دا تا لە هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا وەبەرهێنان بكەن بە تایبەتی لەو بوارانەدا كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی وەك بوارەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری و بوارەكانی دیكە، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندارەكان ڕادەستپێرێت.

 

 

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ژمارەیەك لە ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی كوێتی ئامادە بوون، كە تیایدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسێكی دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان تا ئەم ساتەش خوازیارە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كێشەكانی چارەسەر بكات و عێراقی بە ڕەهەندێكی جوگرافی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، بازرگانی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵەم دا، بەڵام جەختی لەوەش كردەوە ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵەیەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، بە ناچاری بیر لە ڕیگەچارەیەكی دیكە دەكەنەوە.

لای خۆیانەوە شاندی ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی كوێتی خۆشاڵیی خۆیان بۆ پێشكەوتن و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزار و كەرتەكانی دیكە دەربڕی و هیوایان خواست كە لەو بوارانەدا هاوكارییەكی جددی لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوێتدا بێتە كایەوە و بۆ ئەمەش بوونی كونسڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان، بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا.

NB_u_UN__2015_06_09_h16m20s47__SE

نێچیرڤان بارزانی: مەترسیی هاتنی ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارەو و پەنابەران هەیە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 9/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن ئۆبراین جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز ئۆبراین باسی لە سەردانەكەی بۆ بەغدا كرد كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر لە دەوروبەری بەغدا بووە و بڕیارە لە هەرێمی كوردستانیش سەردانی كەمپی ئاوارە و پەنابەران بكات. پەیوەندییەكانی نێوان ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ئەرێنی وەسف كرد و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكاری و ئاسانكارییانەی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.

هەروەها باسی لە پلانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2015 سەبارەت بە هاوكاریكرنی ئاوارە و پەنابەران كرد كە بەپێی پلانەكە زیاتر لە ملیارێك و پێنجسەد هەزار دۆلار بۆ هاوكارییەكان كۆدەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەكی كەمی وڵاتان ئامادەییان دەربڕیوە تەنیا وڵاتی كوێت نەبێت كە لە كۆنفرانسی برۆكسل ئامادەییی دەربڕیوە بە 200 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشكەش بكات. ئەوەشی خستەڕوو كە لە پلانی ساڵی 2016 دا هەوڵ دەدەن لە ڕووی هاوكارییەكانەوە هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكانی دیكەی عێراق جیا بكەنەوە، چونكە هەرێم پێویستییەكی زیاتری بە هاوكارییەكانە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە كرد كە بەهۆی هاتنی ڕێژەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە سووریا و ناوخۆی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێم 28% بەرز بووەتەوە و هاتنیشیان بەردەوامە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی دەوروبەر خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران دەكات و حكوومەتی عێراقیش وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران ناكات، ئەمەش قورساییەكی زۆری خستووتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا هاوكاری و خزمەتگوزاری پێشكەش بە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران دەكات، لە شەڕی دژی تیرۆریش لە جیاتی هەموو جیهان بەرگری لە مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات. هەروەها هیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات بە تایبەت كە مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی شەڕەكانی حەسەكە و ناوخۆی عێراقەوە ژمارەیەكی زیاتری ئاوارە و پەنابەران ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.