oil_Discovery_Erbil__2013_12_05_h22m39s5__SB

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتی مانگانه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو بۆ مانگی نیسان بڵاوده‌كاته‌وه‌

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی هەناردەکردنی نه‌وتی خاو بۆ مانگی نیسانی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی لە هەناردەکردنی نەوت بەپێی یاسای بودجەی 2015 ی عێراقی فیدراڵ جێبەجێکردووەو بڕی نەوتی هەناردەکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە پێشتر ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردبوو، ئێستا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

له‌ مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدرالی عێراقی لەسەر بابەتەکانی هەناردەکردنی نەوت و بودجەی فیدرالی رێککەوتن. بەپێی ئەو رێککەوتنە هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە هەناردەکردنی رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت وحکومەتی فیدرالیش پابەنددەبێت بە دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان کە مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە. رێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە لە یاسای بودجەی ساڵی 2015 عێراقی فیدرالی جێگیرکرا.

هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان 16.868.985 بەرمیلی رادەستی رێكخراوی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌بازاركردنی نه‌وت، ناسراو به‌ سۆمۆ، کردووە، واته‌ تێكڕای 562 هەزار بەرمیل رۆژانه‌. لەم بڕەیە، کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە 12,457,371 بەرمیل، واتە بە تێکڕای 415,246  بەرمیل رۆژانە، بەشداریان کردووە، لە کاتێکدا کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، كه‌ركوك، بە 4,421,614 بەرمیل، واتە به‌ تێکڕای 147,387 بەرمیل رۆژانە، بەشداربوون.

هەردوو نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی کەرکوک و هەرێمی کوردستان لەرێی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت.

لە مانگی ئاداری 2015 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی هەناردەکردنی نەوتی خاوی تا ئەو رێکەوتە بلاوکردەوە کە تیایدا جەخت کرابووە سەر ئەوەی کە پابەندبووە بە هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە رێککەوتن لەسەری کراوە لەگەڵ حکومەتی فیدرالی، لە کاتێکدا تەنیا بەشێک لە شایستە داراییەکانی خۆی بەپێی یاسای بودجەی 2015 عێراق وەرگرتووە.

هه‌فته‌ی رابردوو، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سازكرد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌رێم له‌ به‌غدا ودوابه‌دوای ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان وسه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كۆبۆوه‌، به‌مه‌به‌ستی باسكردنی دوایین پێشهاته‌كانی بابەتەكانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا.

سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندده‌بێت به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه وبه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرالی نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام و به‌غدا هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر پێشێلكردنی یاسای بودجه‌ و شایسته داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌نارد، ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌چاره‌ی دیكه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌رێم.

Russia__2015_05_19_h14m4s55__SF

گاز پرۆم وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/5/17 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز میخائیل باگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە و ئەلیكساندەر دیۆكۆف سەرۆكی كۆمپانیا كازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كرا، دەربڕی و جەختیان لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا كردەوە و خوازیاری ئەوە بوون كە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پەرەی پێ بدەن بە تایبەت لە بواری ئابووری و كلتووری. هەروەها باسیان لە ڕێوڕەسمی ئەمڕۆی نمایشی کتێبی “نیشتمانی داستان، کەلتووری کوردی لە چاوى توێژەرانی ڕووسى” كرد كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیا گاز پرۆمی نەفتی ڕووسیش بە چاپی گەیاندووە.

دواتر سەرۆكی كۆمپانیای گاز پرۆم پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدەستیان هێناوە، پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەیوەندییەكانیان لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی  وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەربڕی و خوازیاری بەردەوامی ئەو پەیوەندی و هاوكارییە بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە پلانیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لێكردن بۆ ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی نمایشی کتێبەكە و دوو پاتیكردەوە كە چالاكییە كلتوورییەكان پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا توندوتۆڵتر دەكات و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بەوەی كە لایەنی ڕووسی ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر پەرە پێ بدات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نەبەردی و چاونەترسی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو شەڕەوە بارێكی ئابووری قورس كەوتۆتە سەر هەرێمی كوردستان بە تایبەت كە هەر بەو هۆیەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم كردووە كە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەت دروست كردووە و سەرەڕای ئەمە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان وەك لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، نانێرێت و لەلایەكی دیكەشەوە دابەزینی نرخی نەوت ئەو بارگرانییەی هێندەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان قورس كرد. هیواشی خواست ڕووسیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە لە بوارە جیاجیاكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.

Parliament__2015_05_16_h1m23s45__SF

نێچیرڤان بارزانی: نەوتی هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان  و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی دارایی و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمان لەبارەی كێشەی بودجە لەگەڵ حكومەتی ناوەند، كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە و ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان بە پێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ڕەوانەی دەرەوەی كردووە، گفتوگۆی پێویستی لەسەر كرا.

دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەریەك لە بەڕێزان د. یووسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ڕێكخرا.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرەتا بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەخێر هاتنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم و شاندی یاوەری كرد و ئاماژەی بەوە دا لە كۆبوونەوەكەدا كۆدەنگی لسەر ئەوە هەبوو كە ناتوانن بەم شێوەیە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بن، چونكە لە ناردنی بودجە غەدر لە هەرێمی كوردستان كراوە و بەغدا پابەند نەبووە بە یاسای بودجەوە و لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە زیاتر پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا بێت وەك لە یاسای بودجەی ساڵی 2015 دا هاتووە و پشتگیریی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی كرد و ئاشكرایكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی بابەتەكانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا خرایە ڕوو و پەرلەمانیان لەو بابەتانە ئاگادار كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد ئەو یاسایانەی لە بوارەی نەوت پێشتر لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراون، پاڵپشتی بەهێزن بۆ سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشت بەو یاسایانەش حكوومەت دەتوانێت لە ئایندەدا دەست بە بەكارهێنانی ژمارەیەك ڕێوشوێن بكات.

لە بەردەوامی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد حكوومەتی عێراق پابەندی ئەو رێككەوتنە نییە كە لەگەڵ هەرێم هەیەتی كە ئەویش رێككەوتنی یاسای بودجەی ساڵی 2015ی عێراقە و بە پێی ئەو یاسایە هەریەك لە حكوومەتی هەرێم و بەغدا چەند بەرپرسیاریەتییەكیان دەكەوێتە سەر شان كە دەبێت جێبەجێیان بكەن و ئەوەی لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمە ناردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا و ئەوەی لەسەر شانی بەغداشە بیكات، دەبێت مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

سەرۆك وەزیران لەم بارەیەوە  گوتی : “بەداخەوە لە مانگی چواردا ئەوەی كە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان بووە بە ڕێكوپێكی جێبەجێی كردووە، بەڵام ئەوان فۆرمۆلێكیان دۆزیوەتەوە تەنها و تەنها بۆ ئەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لەو پارەیە كەم بكەنەوە. ئەگەر بە نەوتیش حساب بكرێت، ئەوەی ئێستا ئێمە لە بەغدا وەرمانگرتووە تەواو نیوەی داهاتی ئەو نەوتەیە. تەئكیدی ئێمە لەسەر ئەوەیە یان عێراق پابەند دەبێت بە یاسای بودجەی ساڵی 2015، یان دەبێت رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ بەغدا بكەینەوە لەسەر بنەمای ئەوەی كە وەكو كڕیاری نەوت هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات. پێشتر گوتوومانە لاریمان نییە، بەڵام ئەمە پێویست بە رێككەوتنێكی نوێ دەكات”.

ئەوەشی خستە ڕوو لەم كۆبوونەوەیەدا ئەوە دووپاتكرایەوە كە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێك، ئەگەر نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێكیش بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2013 و یاساكانی كە دوای ئەوە لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی نەوت پەسەند كراون، حكوومەت دەستی كراوە دەبێت بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان و حكوومەت ئەوە یاسایانە جێبەجێ دەكات.

لە بارەی هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر ئەو كێشانە، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد كە پەرلەمانی كوردستان لەو باریەەوە پشتگیری حكوومەت و قوتی خەڵك و دابینكردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و ئەمە ئەو كارەیە كە دەبێت پەرلەمان ئەنجامی بدات و هەر ئەوەشیان لە پەرلەمان بینی. دووپاتیشی كردەوە كە كارە لە پێشینەكانی حكوومەتی هەرێم چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەسەر نەبێت ئەوا بەپێی یاسای بودجەی عێراق رێكاری دیكە دەگرنە بەر و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە دەرفەت بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، گەر نا ڕێگەی دیكە هەیە هەرێمی كوردستان بیانگرێتە بەر.

لەبارەی هاتنی بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق و گفتوگۆكردن لەگەڵی، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكانی دوێنێ شەو و ئەم بەیانییە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق ئەو بابەتانە باسكراون و ئەو وەك دۆستێك و وەزیری نەوتی عێراق دەخوازێت كێشەكان چارەسەر ببن و گوتی: “بە ڕوونی بە وەزیری نەوتی عێراقمان ڕاگەیاندووە كە ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە، یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت و بەپێی ئەو یاسایەش پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت دابین بكرێت كە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینارە. ئەگەر ئێوە ئەوە جێبەجێ دەكەن ئەوا پێمان خۆشە و ئەگەر جێبەجێی ناكەن ئەوا ڕێگەمان بدەین رێككەوتنێكی دیكەتان لەگەڵ بكەین و ئامادەین بۆ رێككەوتنەكە، چونكە ئەو نەوتەی ئێستا لەبەر دەستمانە ئەگەر لە بازاڕەكانی جیهان بیفرۆشین، پارەی زیاترمان دەست دەكەوێت بە تایبەتی لەو بارودۆخە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە. ئێمە ملیۆنێك و نیو ئاوارەمان هەیە، شەڕی داعش دەكەین، مووچەی فەرمانبەرانمان هەیە سێ مانگە مووچەمان نەداوە، ئەمانە هەمووی كێشەی گەورەن كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، لەبەر ئەوە پێویست بەوە دەكات ئەوان یاسای بودجە جێبەجێی بكەن و لە یاسای بودجە زیاتر ئێمە هیچ رێككەوتنێكی دیكەمان لەگەڵ بەغدا نییە و هیوادارم جێبەجێی بكەن”.

سەرۆك وەزیران ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەر بۆ گفتوگۆكرنی زیاتری ئەو كێشانە، بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێز هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بكات و كۆبوونەوەی دیكە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن و هیوای خواست بگەنە ئەنجامێك. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وەزیری دارایی نامەیەكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناردووە و پێی ڕاگەیاندووە كە ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت ڕاست نییە و دەبێت ئەو بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و حەق نییە بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.جەختی لەوەش كردەوە كە هیچ بڕیارێك نییە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.

لەبارەی ئەوەی كە بەغدا رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەولێر جێبەجێ ناكات، ئایا چ گارانتییەك هەیە حكوومەتی بەغدا رێككەوتنێكی نوێ جێبەجێ بكات؟ سەرۆك وەزیران ئاشكرایكرد كە هیچ گارانتییەك نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە رێككەوتن لەسەر بنەمای یاسی بودجەی ساڵی 2015ی عێراق بووە و دەشخوازن گوێبیستی رێگەچارەكانی بەغدا بن.

لە بارەی ئەو كێشانەی كە لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دروست دەبن ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە كە ڕاستە لە ساڵی 2014 هەندێك كێشە لە پرسی فرۆشتنی نەوت هەبوو، بەڵام كێشەكە تەنیا لە یەك شوێن بوو كە ئەویش ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا بوو، ئەگەر نا ئەو نەوتەی دیكەی كە فرۆشراوە زۆر بە ڕێكوپێكی فرۆشراوە و هیچ كێشەیەك نەبووە. هەمو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەت كردەوە كە باسیان لەوە دەكرد هەرێم نەوتی فرۆشتووتە ژمارەیەك وڵاتی وەك ئیسرائیل و هی دیكەش و ئەوەی ڕوون كردەوە كە وڵاتان نەوت ناكڕن، بەڵكو كۆمپانیان كە ئەو كارە ئەنجام دەدەن. لەبارەی كێشەكانی دیكەی بەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئاشكرایكرد كە بازاڕی نەوتی جیهان ئەو كات ئاشنای نەوتی هەرێم نەبوو و پاڵاوگەكان جۆری ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستانیان نەدەزانی ، بەڵام ساڵی 2015 ئەو كێشەیە نەما و ئێستا نەوتی هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە.

سەبارەت بە ئاگاداربوونی ئەمریكا لەو كێشانە و بە تایبەتی پابەند نەبوونی بەغدا بە رێككەوتنەكەیەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد كە ئەوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نوێنەرانی كوردیان لە بەغدا لەو كێشانە ئاگادار كردووەتەوە و وەك لە یاسای بودجەی عێراقیش هاتووە گەر بەغدا پابەند نەبێت، ئەوا هەرێمی كوردستانیش ئەو مافەی دەبێت كە پابەندی رێككەوتنەكە نەبێت.

لە بارەی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتیی و پارتە سیاسیەكانی كورستان سەبارەت بەو كێشانە، سەرۆك وەزیران ئەوەی خستەڕوو كە كاتی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە، بەڵام كۆبوونەوەكان لەگەڵ نوێنەرانی كورد و پەرلەمان و كونسڵ و دیبلۆماسە بیانییەكان دەستی پێكردووە و بەردەوامیش دەبن تا هەموو لایەك لە وردەكاری كێشەكان تێبگات.

سەبارەت بەو پرسەی كە گوایە سەردانەكانی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەورووپا و وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی كوردستان هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانەن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “پێش ئەوەی جەنابی سەرۆك ئەو سەفەرە بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا بكات، بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی ئاگادار كراوەتەوە و سەردانەكانی شتێك نەبوو كە بە نهێنی كرابێت و ئەو ئاگاداری هەموو شتەكان بووە، بۆیە من باوەڕ ناكەم ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە سەردانەكانی جەنابی سەرۆكەوە هەبێت. تەنیا ئەگەر پەیوەندیش بەوەوە هەبێت، من تەئكید لەسەر یەك شت دەكەمەوە كە ئێمە یاسای بودجەی عێراقمان هەیە و رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمە لەگەڵ بەغدا و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، ئێمە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دووپات دەكەینەوە”.

سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە كەس سەربەخۆیی ناداتە كوردستان بەڵكو ئەوە مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە و سیستەمی ئێمە فیدرالییە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەر كاتێك دەرفەت هەبێت كوردستان سەربەخۆ دەبێت و ئەمە خەونی هەموو كوردێكە. نەشی شاردەوە كە بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو سەردانانەیدا ئەم بابەتانەی باسكردووە، بەڵام دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەرێز سەرۆكی هەرێم خۆی باسی ئەو بابەتە دەكات.

جەختی لەوەش كردەوە ئەو كاردانەوەی لەسەر ئەم پرسە لە بەغدا پیشان دەدرێن كە هەندێك جار زۆر نا بەرپرسانەن، خزمەت بە چارەسەری هیچ كێشەیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا ناكات بە پێچەوانەوە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكەن و ئەوەی خێری عێراقی دەوێت ئەو كاردانەوانانە پیشان نادات و هیوادارم كێشەكان دوور لە ئاڵۆزی و لێدوانی نابەرپرسیارانە چارەسەر بكرێن.

لەبارەی كشانەوەی نوێنەرانی عێراقیش لە بەغدا بەهۆی كێشەی نەناردنی بودجەوە، سەرۆك وەزیران بە هەڵەی زانی هەر كاتێك كێشەیەك لەگەڵ بەغدا دروست بێت بیر لەوە بكرێتەوە وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا بكشێنەوە و گوتی كە ئەوە هیچ خزمەتێك بە كورد ناگەیەنێت و دەبێت نوێنەرانی كورد لە بەغدا بمێننەوە و هەوڵیش بدرێت كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، گەر نا رێگەی دیكە هەیە لەبەردەم هەرێم بەكاری بهێنێت.

سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستەڕوو كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا نەوت نییە، بەڵكو ژمارەیەك كێشەی دیكەش لە نێوان هەردوولادا هەن وەك كێشەی پێشمەرگە و مادەی دەستووری و جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق.

لەبارەی سەركەوتوویی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش گوتی: “ئەگەر ئەو ژێرخانەی پێویست بوو بۆ ئەم كارە چەند ساڵ لەمەوبەر دامان نەنابا، كێشەكانی هەرێم دە ئەوەندی ئێستا زیاتر دەبوو. من دەمەوێ بڵێم سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت سیاسەتێكی سەركەوتوو بووە و سەركەوتووانە ئەو كارانەی كە دەبوو بیكات، بە پێی دەستووری عێراق جێبەجێی كردووە. بێننە بەر چاوی خۆتان ئەو بڕپارەیەی كە بەغدا ناردوویەتی جا هەر چەندێك بێت، بڕیاریاندا لە فڕۆكەخانەی بەغدا دیسان بە نیوەی بكەن و دواتر كردیانە بیست و پێنج لەسەد و دواتر دە لە سەد. دە لەسەدی دیكەی بودجەی هەرێمی كورستانیان بڕی بێ ئەوەی هەرێم بزانێت بۆ و هۆكارەكەی چییە؟ ئەگەر ئێمە ئەم ژێرخانەی ئابووری و هەناردەكردنی نەوت و ئەم سیاسەتەی نەوتمان نەبوایە لە هەرێمی كوردستان، بەغدا چی دیكەی بەسەر ئێمە دەهێنا. كەواتە كێشە شەخس نییە، بەڵكو كێشەكە بیركردنەوە و شێوەی بیركردنەوەیە. هەروەها بەدبەختی دیكە ئەوەیە كە نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی كە گەورەترین زەربەی لە هەرێمی كوردستان دا نەك سیاسەتە نەوتییەكەی كە سیاسەتێكی سەركەوتوو بوو و بەرەو ئاسۆیەكی گەش دەڕۆیشت”.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەتیشی كردەوە بێجگە لەو بڕە نەوتەی كە لە ڕێكەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت، هەرێم هیچ نەوتێكی دیكە بفرۆشرێت تەنیا جۆرێكی دیكەی نەوت نەبێت كە قورسە و بە بۆڕی نەوت ناتوانرێت بگوازرێتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی هەرێم لە نەوتی دەست دەكەوێت، حساب دەكرێت.

لای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی خستەڕوو كە پەرلەمان داوا لە حكوومەتی یتیحادی دەكات پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام ئەگەر ئەمە نەكرا وەك هەنگاوی یەكەم بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و گەر هەر پابەند نەبوو بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەتوانێت پابەند نەبێت بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و مووچە و پارە لە داهاتەكانی هەرێمەوە دابین بكات هەروەك پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی 15/1/2015 بڕیاری داوە گەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتنەكەوە، ئەوا حكوومەتی هەرێم دەتوانێت سەربەخۆ بودجە بۆ هەرێم دابین بكات. هیواشی خواست كە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

ئاماژەی بەوەش كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا هەموو لایەك هاوڕابوون لە بەردەوامی پرۆسەی بە دامەزراوەییكردن و شەفافكردنی زیاتری كەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی هەرێم (كەپ كۆ). ئاشكراشی كرد كە ئامادەكاری دەكەن شاندێكی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكی گونجاودا سەردانی بەغدا بكات وەك وەڵامدانەوەی سەردانی بەڕێز سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر.

لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمیش بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ڕوونی كردەوە كە یاسای ئامادەكرنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ ڕاپرسی ئامادەكراوە و رێككەوتنێك هەیە لەسەر دروستكردنی لیژنەی دەستوور و هیوای خواست هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت كە نوێنەری هەموو چینەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیان تێدایە و دەست بە گفتوگۆ و كار و چالاكییەكانیان بۆ ئەم مەبەستە دەكەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە رێگە نادەن هیچ حزب و لایەنێك دەست بخاتە ناو كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە و پەرلەمان تاكە دەزگای داڕشتنی یاسایە لە هەرێم.

DutchMin__2015_05_15_h18m42s34__SF

وه‌زیرى به‌رگریى هۆڵه‌ندا پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژینیان هێنس وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە و ڕاهێنەرانیان كرد كە لە هەولێر لە لایەن پسپۆڕانی سەربازیی هۆڵەندا و هاوپەیمانانه‌وه‌ مەشق و ڕاهێنانی پێویستیان پێدەكرێت و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە لەو مەشق و ڕاهێنانانە سەركەوتوو بن و بە شێوەیەكی دڵسۆزانە كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بەو قوربانییە گەورەیه‌ی هێزی پێشمەرگە كرد كە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان دەیدات و ڕێز و سوپاسی خۆی بۆ ئەو قارەمانیه‌تی و نەبەردیەی پێشمەرگە نیشان دا. ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەوان ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش تەنیا وەك مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان نابینن، بەڵكو مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى هەموو جیهان و بڕیاریان داوە هاوكاری پێشكەش بە پێشمەرگە بكەن بۆ بنبڕكردنی ئەو مەترسییە، بەردەوامیش دەبن لە هاوكارییەكانیان وەك چۆن هەر لە ڕۆژی یەكەمی دروستبوونی مەترسییەكانه‌وه‌ لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیماناندا، هاوكارییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردووە.

هەروەك سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوە و بەپیرەوەچوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاواره‌ و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بە هەموو شێوەیەك خزمەتگوزاری و هاوكاری پێشكەش كردوون.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و پەیام و قسە بەنرخەكانی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد و ڕێز و پێزانینی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتى حكوومەت و خەڵكی هۆڵەندا كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هەڕەشەی تیرۆره‌وه‌ لە ناوچەكە، هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە هەموو ئەركەكانی خۆی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو ئەركە بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئەو ئازادیانەی كە جیهانی ئازاد بەرگرییان لێ دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو كە ڕاستە ڕووبەرێكی زۆری خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراوه‌ و مەترسییەكانیان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كراوەتەوە، بەڵام مەترسییەكە هێشتا كۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستە هاوكارییەكان لە هەردوو بواری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و سوپاسی ئەو ئەفسەر و پسپۆڕە سەربازییە هۆڵەندییانەشی كرد كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن و هیوای بەردەوامیی ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی خواست كە سودێكی زۆری بۆ بەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش هەبووە.

nb_meeting__2015_05_13_h15m15s44__MZ__2015_05_13_h23m52s51__SF

ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نوێنه‌رانی كوردستان له‌ به‌غدا و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

بۆ خستنه‌ڕووی دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕێككه‌وتنی2014/2/12 ی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/5/13 ، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نوێنه‌رانی كوردستان له‌ به‌غدا و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر ساز كرا.

دوای خستنه‌ڕووی ورده‌كاری و داتاكانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌ كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌:

1- له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌نارده‌كردنی بڕی پێویستی نه‌وت به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ و یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015، به‌ داخه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تی فیدرال پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ بارقورسییه‌‌كی زۆر كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆی داراییی هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی ساڵی 2014 و شه‌ڕی دژی تیرۆر و بوونی زیاتر له‌ ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاوا‌ره‌ و په‌نابه‌ر و ده‌رهاویشته‌كانی كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراله‌وه،‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه.‌

2- كۆبوونه‌وه‌‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و پرسه‌كان له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆكردن و دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال‌.

3- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه و به‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015 ی عیراقی فیدراله‌وه‌ ‌ پابه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیالۆگ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام و حكوومه‌تی فیدرال هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر پێشێلكردنی یاسای بودجه‌ و شایسته داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌نارد، ئه‌وا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتبه‌ست به‌ بڕگه‌ی 3 له‌ مادده‌ی 11 ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015 و به‌پێی یاسای ژماره‌ 5ی ساڵی 2013 ی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕێگه‌چاره‌ی دیكه‌ ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌رێمی كوردستان.

4- كۆبوونه‌وه‌ داوا له‌ حكوومه‌تی فیدرالی ده‌كات كه‌ به‌پێی به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی، چاره‌سه‌ری گرفت و كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدرال و هه‌رێم بكات و پابه‌ند بێت به‌ ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانه‌وه‌.

US_visit1__2015_05_06_h21m30s49__SF

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆبوونەوە

لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمیكوردستان و شاندی یاوەری دوێنێ لە كۆشكی سپی لە لایەن باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێشوازی لێ كرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا سه‌رۆکی هه‌رێم سوپاسی سه‌رۆک ئۆباما و جێگری سه‌رۆک و ئیداری ئه‌مریکا و گه‌لی ئه‌مریکای کرد بۆ وه‌ده‌نگاهاتنیان و پشتگیریکردنیان له گه‌لی کوردستان له شه‌ڕی داعش و هه‌روه‌ها بۆ ئەو پشتگیری سه‌ربازییەی پێشكەشی هێزه‌کانی پێشمه‌رگەی كوردستانیان كردووە. سه‌رۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە کورستان پێویستی به پشتگیری زیاتر هه‌یه بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاتی سه‌ربازی و ئابوری و مرۆیی که کوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە. هەروەها باسی هاتنی یه‌ك ملیون و شه‌شسه‌د ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، و ئێزیدی و مه‌سیحی و په‌نابه‌ری سوری کرد که ڕوویان له کوردستان کردووه. سه‌رۆک ئۆباما سوپاسی سه‌رۆک بارزانی و گه‌لی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی پێکهاته نه‌ته‌وەیی و ئایینیه‌کان که له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕە ڕایان کردووه، و ئه‌وه‌یشی به یه‌کێک له هۆكارەكان زانی که کۆمه‌ڵگەی نێوده‌له‌تی پشتگیری گه‌لی کوردستان دە‌کات.

سه‌رۆک ئۆباما پێزانینی خۆیشی راگه‌یاند بۆ دلێری قوربانیدانی پێشمه‌رگه و پرسه‌ و هاوخه‌می خۆیشی راگه‌یاند بۆ ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕی دژی داعش گیانی خۆیان فیدا كردووە. سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆک پابه‌ندبوونی خۆیان دووپات کردەوە بۆ شه‌ڕکردن ل دژی داعش و بۆ یارمه‌تیدانی هێزی پێشمه‌رگه. هەر لەم دیدارە سەرۆك بارزانی باسی ئەوەی كرد كە مێژووی گەلی كوردی خوێندووەتەوە و ئاگاداری تەحەدیاتی بەردەم گەلی كوردستانە.‌

ڕێککه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و له‌م بار‌ه‌یەوه سه‌رۆک بارزانی جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بەو ڕێككەوتنە كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە چاوەڕێی پابەندبوونی بەغدایش دەكات.

له‌م کۆبونه‌وه‌دا، هه‌روه‌ها باسی هه‌وڵی هاوبه‌شی لایەنەكان به به‌شداری له گه‌ل هێزه سونیه‌كان، بۆ ئازادکردنی موسل کرا. له‌م باره‌وه، سه‌رۆک بارزانی گوتی که هەو‌لێر و به‌غدا و ئەمەریكا و هاوپەیمانان له نزیکه‌وه خه‌ریکی هه‌ماهه‌نگین له گه‌ڵ یه‌کتر له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا باسی بارودۆخ و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ناوچەكەیان بە گشتی كرد و گفتوگۆیش لەبارەی ئاییندەی ناوچەكە لەدوای شەڕی داعش كرا. له‌م کۆبوونه‌وه‌دا هه‌ردوولا پابه‌ندبوونی خۆیان دووپات کروه‌وه بۆ له‌ناوبردنی ڕێکخراوی تیروریستیی داعش.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیری سامانە سرووشتییەكان و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا ئامادە بوون