Luxemberg__2015_03_31_h11m12s44__SF

نێچیرڤان بارزانی: شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی بنەماكانی مافی مرۆڤە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/3/29 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژان ئاسڵ بۆرن وەزیری دەرەوەی لۆكسەمبۆرگ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باس لە  ڕەوشی ئەو ئاوارانە كرا كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بارگرانییەكی زۆریان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە كاتێكدا هەرێم خۆی دووچاری قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و شەڕێكی نەگریس بووەتەوە، وێڕای ئەمەش توانیویەتی پێشوازی لەو ئاوارانە بكات و لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و خزمەتگوزارییان پێشكەش  بكات، بۆ ئەمەش شاندی میوان سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كرد.

شاندی میوان هەروەها باسیان لەوە كرد كە هەموو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی وڵاتانی ئەورووپا لە بارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەكان، یارمەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات و بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی داهاتوو لە میانی بەشداریكردنیان لە كۆنفرانسی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان كە لە كوێت دەبەسترێت، باس لەوە دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ ڕووی هاوكاریكردنی ئاوارەكانه‌وه‌، ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەركەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی  ئێستای عیراق و بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و ڕەوشی سیاسیی وڵات كرا و شاندی لۆكسەمبۆرگ سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو نەبەردییەی هێزی پێشمەرگە دەربڕی كە توانیویەتی بوێرانە ڕووبەڕووی ئەو گرووپە تیرۆیستییە ببنەوە و ئامادەییی خۆیان دەربڕی كه‌ بۆ چارەسەركردنی بریندارانی پێشمەرگە، هاوكاریی پێویست پێشكەش بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد بۆ سەردانەكەیان و هەڵوێستەكەیانی بەرز نرخاند و دڵنیای كردنەوە كە هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازیی ئایین و مەزهەب و نەتەوە، باوەشی بۆ هەموو ئاوارەكان كردووەتەوە و ئاماژەی بەوەش كرد ئەو شەڕەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆیستان دەیكات، بۆ پاراستنی بنەماكانی مافی مرۆڤە كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهان، هاوبەشی ئەو بنەمایانەن و بەردەوام لەبەرچاوی گرتوون.

لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیران بارودۆخی سیاسیی عێراق و بەرەكانی شەڕ و بە تایبەت ڕەوشی شاری مووسڵی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پاراستنی ئەو ناوچانەی كە ئازادی كردوون و هه‌موو هاوكارییەكیش بۆ نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر پێشكەش دەكات.

لە كۆتایی دیدارەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و لەم بارەیەشەوە چەندین بیروڕا لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ كران.

congreso_diputados_ep

پەرلەمانی ئیسپانیا هەنگاو دەنێت دژ بە رێکخراوی داعش

پەرلەمانی ئیسپانیا

25/3/2015

لەسەر داواکاری گروپی پەرلەمانی باسک ، پەرلەمانی ئیسپانیا ئەم هەنگاوانە دەردەکات دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی ، وە بۆ پشتگیریکردنی داهاتوویەکی دیموکرات لە عێراق و سوریا

•           کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئیسپانیا هەستاوە بە پشتگیریکردنی پێشنیارێکی جوڵەی پەرلەمانی کە لەلایەن پەرلەمانتا ئایتۆر ئێستێبان ەوە ئامادەکراوە (گروپی پەرلەمانی باسک)، وە لە کۆتاییدا پۆپیولار پارتی PP و پارتی سۆسیالیستی ئیسپانیا PSOE ڕەزامەندبوون لەسەری.

•           هەنگاوەکە داوای پابەندبوون دەکات بەرامبەر دانیشتوانی سیڤیل و داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە بارودۆخی کەمە نەتەوایەتیەکان بکۆڵێتەوە، دوورکەوتنەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دوورکەوتنەوە لە ئازاردان، وە هەر پێشێلکاریەک لە ڕابردوو وە لە داهاتوودا ئەنجامبدرێت.

ئەندامانی پەرلەمان داوا لە حکومەتی ئیسپانیا دەکەن کە:

1.         هەموو هەنگاوێک بگرێتە بەر کە لە توانایدایە بۆ بەدواکەوتن و سزادانی کارەکانی بە ناو “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام/داعش”،کارەکانی جینۆساید و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی، بە تایبەت لە دۆخی یەزیدیەکان، ئاشوری و کلدانەکان و کەمەنەتەوایەتی و ئاینزا بچوکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

2.         هاوکاریکردی یەکە کاراکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نێوانیاندا ئەنجومەنی ئاسایش لە تێڕوانین لە بارودۆخی کەمەنەتەوایەتیەکان و کەمایەتیە ئاینیەکان لە عێراق و سوریا، بەمەبەستی پاراستنی سەرمایەو ئاین و هەمەڕەنگی، وە جەختکردنەوەی تایبەت لەسەر ئەو هەنگاوانە کە هەن بۆ بەرگرتن لە بەکارهێنانی سزا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕابردوو وە لە داهاتوودا، هەروەها ڕوخاندنی میراتی کەلتوری و هونەری هەرێمەکە.

3.         برەودان بە دۆسیەی هاوتەریبی نەتەوەیەکگرتووەکان تا بگاتە ئامانچ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر بابەتی ڕوخاندنی میراتی کەلتوری مرۆڤایەتی لەلایەن داعشەوە، کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکانە بەڕێوەچووە.

4.         پەیوەست بوون بە پاراستنی دانیشتوانی سیڤیلی بەرکەوتوو بە تایبەت برەودان بە کاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان لە لوبنان، تورکیا، ئوردون، وە بەتایبەت بۆ هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان، کە ڕێژەی ئاوارەکان بەرامبەر دانیشتوان، زۆر زیاترە وەک لە شوێنەکانی تر.

5.         دانپێدانان بە ئەو کارانەی کە دەسەڵاتدارێتی لوبنان، تورکیا، ئوردون، وە بەتایبەت دەسەڵاتدارێتی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان کردوویانە-کە ناوچەکەیان گۆڕیوە بە تاکە شوێن لە عێراق کە تیایدا پێکەوەژیانی باوەڕەکان و کەمەنەتەوەیەتیەکان ئەمڕۆ تیایدا ئاساییە، تەنانەت لە نێوەندی شەڕیشدا.

6.         برەودان بە زیادکردنی هەوڵەکانی ئیسپانیا لە هاوپەیمانیەتیەکەدا لە هەموو بوارەکانەوە.

7.         پەیوەست بوون بە داهاتوویەکی دیموکراتی لە عێراق و سوریا و دڵنیابوون لە سەقامگیریەکی ڕاستیانەی ئاشتی لە ناوچەکە.

8.         داواکردنی بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕێکەوتنە ئابوری و سەربازیەکان کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە گیراوەتەبەر، لەنێوانیاندا دابەشکردنی یەکسانی داهاتەکانی نەوت.

9.         سەرزەنشتکردنی هەر کارێک کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە، ئایا داعش ئەنجامی دابێت، یان میلیشیای سەر بە حکومەت یان هەر گروپێک یان حکومەتێک کار دەکات لە کێشەکانی سوریا و عێراق.

EU_meeting__2015_03_21_h21m40s19__SF

نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕوانیی هاوكاریی زیاترمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/3/19 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا كرد.

لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، پرسی ئاوارەكان، بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كران و شاندی میوان دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەوەی تووشی قەیرانی بێ بودجەیی هاتووە و بارێكی قورسی لەسەر شانە، ئەركێكی گەورە و پیرۆزی مرۆیی ئەنجام داوە بە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە كە لە ترسی تیرۆر لە دەڤەرەكانی دیكەی عیراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و توانیویەتی تا ڕادەیەكی باش پێداویستییەكانیان دابین بكات.

شاندی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا هەروەها باسیان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاماژەیان بەوە كرد ناوی پێشمەرگە بووەتە وشەیەكی گرنگ و گەشاوە لە سەرتاسەری ئەورووپا و جیهاندا كە بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە بنەماكانی ئازادی و مرۆڤایەتی دەكات و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و هیوایان خواست ئەو شەڕە لە ماوەیەكی كورتدا بە سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە ئازادیخوازەكان دژی تیرۆر و تۆقاندن، كۆتایی پێ بێت. هەر لە دیدارەكەدا باسیان لە پێدوایستییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆیی و سەربازی و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.

لە لایەن خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵوێستە ئەرێنییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر هەرێم بە شاندی میوان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ پەنابەران و ئاوارەكانی دەستی تیرۆر بەردەوام دەبن، بەڵام ئەوەی كە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریكردنی ئاوارەكان چاوەڕوان دەكرا، وەك پێویست نەبووە، بە تایبەتی كە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ لە دەست تیرۆریستان، ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی یەكێتیی ئەورووپا چ ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، خۆیان بۆ هاوكاریی پێویست ئامادە بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە وردی تیشكی خستە سەر بەرەكانی شەڕی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بە سەركەوتن و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی پێشمەرگە كرد. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش باسی لەوە كرد كە هەرێم پابەندی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لەگەڵ بەغدا هەیەتی، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2015دا بەغداش ئەركەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەند بابەتێكی دیكەی مایەی بایەخی هەردوولا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Japan_meeting__2015_03_17_h12m7s51__SF

نێچیرڤان بارزانى داواى هاوكارى له‌ ژاپۆن ده‌كات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2015/3/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز كێنتارۆ سۆنۆرا جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە و سوپاس و پێزانینی سەرۆك وەزیران و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی بۆ ئەم هەڵوێستەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و پشتگیریی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی وڵاتەكەی پشتگیریی مرۆیی و كۆمەك پێشكەش بەو ئاوارە و پەنابەرانە دەكات كە بەهۆی ترسی تیرۆره‌وه‌ هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكەی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. هه‌روه‌ها باسی لە سەردانی شاندێكی پەرلەمانی عیراق بۆ وڵاتەكەی كرد كە لە هەموو لایەنەكانی كورد و سوننە و شیعە پێكهاتبوو و لە وێش ژاپۆن ئامادەییی خۆی بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە عیراق و هەرێمی كوردستان نیشان داوە و ژمارەیەك لەو پرۆژانە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەم سەردانەی جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆنی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانەكەی لەم كاتەدا وەك پشتگیرییەك بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵه‌م دا. جەختی لەوەش كردەوە كە كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە بەو شێوە وەحشیگەرییە، تراژیدیایەك بوو هەمووانی شۆك كرد و دووبارە سەرخۆشیی خۆی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی بە حكوومەت و گەلی ژاپۆن راگەیاند. پوختەیەكیشی دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆر خستە ڕوو و تیایدا ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە لە پێشڕەوی و سەركەوتن و تیرۆریستانیش لە شكست و پاشەكشێی بەردەوامدان و پێشمەرگە كۆمەڵێك شوێن و پێگەی زۆر ستراتیژی لە دەستی تیرۆریستان دەرهێناوە.

هەروەها باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار پەنابەر و ئاوارە كردووە و ئەمەش پاڵەپەستۆیەكی زۆری بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتى كە حكوومەتی عیراق وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەرانی نەكردووە و داوای كرد حكوومەتی ژاپۆن لە هاوكاری و كۆمەكە مرۆییەكانی بەردەوام بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە ژاپۆن لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا بە دابینكردنی ئامێر و پێداویستیی و تەكنەلۆژیای نوێی بواری هەڵگرتنەوەی مین، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بارودۆخی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت، هه‌روه‌ها سوپاسی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان دەدات و ئەم هاوكاریانەی ژاپۆنی بەرز نرخاند.

WHO_meeting__2015_03_16_h19m11s10__SF

ڕێكخراوى جیهانیى ته‌ندروستى، ستایشى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2015/3/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز دكتۆر عەلاء عەلوان بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی جیهانیى تەندروستی WHO و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی WHO هەڵسەنگاندنێكی لەبارەی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەگشتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك بەتایبەتی كرد و ڕۆڵی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆكی بەرز نرخاند كە وێڕای ئەو بارودۆخە قورسەی لەسەر شانیانە، توانیویانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و لە هه‌مان كاتدا خزمەتگوزاریی پزیشكی و تەندروستی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكان و هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی بكەن.

بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی WHO هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ بەدەستهێنان و پێشكەشكردنی سەرچاوەی زیاتری كۆمەك و هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان لە بواری تەندروستیدا و ڕوونیشی كردەوە كە لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عیراق، باس لە كار و چالاكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەكات كە بێ‌ جیاوازی خزمەتگوزاری بە هەموو لایەنێك دەگەیەنن و جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاترە و داوا له‌ حكوومەتی فیدراڵی عیراق ده‌كات هاوكاریی زیاتری ته‌ندروستى و پزیشكی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی ئەم سەردانەی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیى WHOی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندنی بەڕێزیان بۆ كار و چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك كرد، كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشكی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی سەرتاسەری پارێزگای دهۆك و بەردەوامیش ده‌یانه‌وێ بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، هاوكارییەكانیان باشتر و زیاتر بكەن. هەروەها سوپاسی ڕێكخراوی WHOی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگیەی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی بواری تەندروستی و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان هەیانە.

DPM_meeting_aviation__2015_03_13_h4m16s17__SF

حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی و گرەنتی ئارامی بۆ گەشتە ئاسمانیەكان دووپات دەكاتەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی و گرەنتی ئارامی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان و بەردەوام بوونی کارو گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکانی هەردوو فرۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی دا. هەروەها ئامادبوونی هەموو کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەرێمی کوردستانی دا.

بەمەبەستی تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی فرۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پلاندانان و وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بە وەکالەت و سەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەو  وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێرو نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و بازرگانی و بەرپرس و نوێنەری فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە دانیشتنەکەدا پوختەیەک لەبارەی رەوشی فرۆکەخانەکان و ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و کاریگەری ئابوری و بەستنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوە، لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەکان کرا. هەروەها بەداتاو زانیاری پێویست باس لە دۆخی ئەمرۆی فرۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانی و گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو دوو فرۆکەخانەیە کرا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵپەساردنی هەندێک لە هێڵەکانی گەشتە ئاسمانییەکان کرا، کە بەهۆی دۆخی ئاسایشی عیراقەوە وەستاون. هەروەها جەخت لە ئاسایی بوونی بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: “ئاسمانی کوردستان ئارامەو فرۆکەخانەکانیش لە ژێر هیچ مەترسییەکدا نین”.

هە ر لەو دانیشتنەدا بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و بەگەرخستنی زیاتری گەشتە ئاسمانییەکان، باس لە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کورستان، لە برەودان بە بەستنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە لەرێگەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە کرا.

2nd__2015_03_07_h16m17s29__SF

جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لەوەزیری بەرگری توركیا وشاندی یاوەری كرد

ئەمڕۆ 6ی مارت/ئادارـی 2015 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عیسمەت یەڵماز وەزیری بەرگری توركیا وشاندی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كە وەزیرانی پێشمەرگە وناوخۆی هەرێمی كوردستان ووتەبێژی فەرمی حكومەت وژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومی هەردوولا ئامادەی بوون، بارودۆخی ئێستای عیراق وهەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گفتوگۆی فراوانی لەبارەوە كرا.

لایەنی توركی ئاماژەیان بەوەدا ئەوان سەردانی ناوەندی مەشق وراهێنانی پێشمەرگەیان كردووە لەسۆران بۆ ئاگاداربوون لەبەڕێوەچوونی مەشقی پێشمەرگە ئاماژەشیان بەوەدا ئەوان هەوڵی فراوانتركردنی ناوەندەكان دەدەن ولەیارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لەڕووی مرۆیی وسەربازیەوە بەردەوام دەبن.

وەزیری بەرگری توركیا ئاماژەی بەوەدا ئاسایشی خاك وخەڵكی هەرێم بەئاسایشی خۆیان دەزانن وئەو هەڕەشەیەی تیرۆریستانی داعش بە هەڕەشە بۆ سەر خۆشیان دەزانن و بەپێویستیشی زانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا لەبواری سیاسی وئابوری وكۆمەڵایەتیش پەرەیان پێبدرێت.

قوباد تاڵەبانی سوپاسی حكومەتی  توركیای كرد بۆ ئەو هاوكاریانە وخۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە ئاستی پەیوەندیەكان لەساڵانی رابردوودا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ودووپاتیكردەوە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی پەیوەندی باشتر لە توركیا دەكات.

PM_1_Italy__2015_03_03_h23m45s50__SF

ئیتالیا له‌ پشتگیریی مرۆیی و سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/3/2، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌ ڕۆما له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ’’مه‌تێیۆ ڕێنزی’’ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیاوه‌ پێشوازییان لێ كرا.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و پشتیوانیی مرۆیی و سه‌ربازیی ئیتالیا بۆ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی هاوینی ڕابردووی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیا بۆ هه‌ولێر دووپات كرده‌وه‌ و كات و مانای سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ گرنگ و پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. پاشان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و پێشڕه‌وی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامی پێشمه‌رگه‌ و ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ بارێكی قورسیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم و پێویستی به‌ یارمه‌تی و هاوكاریی زیاتر هه‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری بۆ ڕۆما نیشان دا و گوتی: دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پشتگیری و هاوكاریی مرۆیی و سه‌ربازیمان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر هه‌موو پشتگیرییه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، ڕێز و پێزانینی وڵاته‌كه‌یشی بۆ ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستاندا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك گوتی: په‌یامی خۆڕاگری و ئازاییان دایه‌ هه‌موو جیهان.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ته‌شه‌نه‌كردنی ڕێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌مووان پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاری تیرۆر بیبنه‌وه‌ و گوتی: ئیتالیا له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ و زیاتر له‌ جاران هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شوێنێكی ستراتیژی ده‌بینین و خۆمان به‌ دۆستی گه‌لی كوردستان ده‌زانین، بۆیه‌شه‌ ئیتالیا بڕیاری داوه ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ كونسلخانه‌ی گشتی به‌رز بكاته‌وه‌ و به‌مه‌ش‌ ده‌مانه‌وێ په‌یامێك بده‌ینه‌ هه‌مووان كه‌ ئێستا ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان له‌ جاران باشتره‌ و ڕایگه‌یاند: بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌، به‌رده‌وام بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بارودۆخی مووسڵ و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق و گرنگیی به‌شداری و هاوبه‌شیی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاتدا تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی سووریا و كاریگه‌ریی پێشهاته‌كانی ئه‌وێ له‌سه‌ر ڕه‌وشی عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌رێكی سیاسیانه‌ بۆ كێشه‌ی سووریا كرایه‌وه‌.

شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیتالیا، پێكهاتبوون.

nb_vatican_4__2015_03_02_h15m32s45__MZ__2015_03_03_h12m6s4__SF

نێچیرڤان بارزانی و پاپای ڤاتیكان ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/3/2 له‌ ڤاتیكان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌ لایه‌ن به‌ڕێز قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان پاپا فرانسیسه‌وه‌ پێشواز‌ییان لێ كرا.

له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به‌م دیداره‌ نیشان دا و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌یان به‌ گشتی تاوتوێ كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و شه‌ڕی دژی داعش و باس له‌ گرنگیی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستان كرا، كه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ته‌واوی جیهان و مرۆڤایه‌تی مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ن.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاكان و ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی خسته‌ ڕوو، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشی تیرۆرستانی داعشدا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شه‌نگال و ده‌وروبه‌ریان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانی مه‌سیحی، ئێزدی و موسڵمانان، ناچار بوون زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو بكه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێ جیاوازی و وه‌ك خوشك و برایانی خۆیان پێشوازییان لێ كردوون و هه‌رچی له‌ توانای حكوومه‌تدا بێت بۆ هاوكاری و یارمه‌تیدانی ئه‌وان، هیچ درێغییه‌كیان نه‌كردووه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی زۆریی ژماره‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ له‌ دۆخێكی زۆر سه‌ختدایه‌ و باری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر قورسه‌، بۆیه‌ داوای له‌ قه‌داسه‌تی پاپا كرد كه‌ هانی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش و و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر به‌ هانای ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ بێن و له‌ ڕووی مرۆییه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

له‌ دیداره‌كه‌دا قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ بێ جیاوازی به‌ پیر ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ چووه‌‌ و لانه‌ و په‌ناگه‌ی داونه‌تێ و كۆمه‌ك و هاوكاری پێشكه‌ش كردوون. هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌باییه‌ی كرد كه‌ له دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌نێو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی كوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا، به‌ مایه‌ی ڕێز و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌م دیداره‌دا شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیتالیا، ئاماده‌ بوون.