DSC_5076 copy

کۆنفڕانسی ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا

ئەمڕۆ ڕێکەوتی 28/1/2015 کۆنفڕانسی ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان و فۆڕەمی کۆمپانیا ئیسپانیەکان لە ژێر چەتری ژووری بازرگانی ئیسپانیا لە بارەگای سەرەکی ژووری بازرگانی لە مەدرید بەڕێوەچوو. مەبەست لەم کۆنفڕانسە دروستکردنی پردی پەیوەندی بازرگانی و ئابوریە لە نێوان ووڵاتی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی هەردوولا، هەروەها پێشکەشکردنی هەر هاریکاری و کارئاسانیەک بەڕووی ئەو کۆمپانیایانەی کە مەبەستی کارکردن ڕوو لە هەردوو ووڵات و هەرێمەکانی یەکتری دەکەن.

لە میانەی کردنەوەی دیدارەکەدا سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی ئیسپانیا، خۆسی لویس بۆنێت، بەخێرهاتنی سەرۆکی ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات و شاندی بازرگانانی یاوەری کرد،وە هیوای خواست کە ئەم هەنگاوەو چالاکیەکانی ئەمڕۆ ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگای یەکترناسین و دروستکردنی پەیوەندی درێژخایەن بە تایبەت ئیسپانیا وەک چوارەمین گەورەترین بازاڕی ئابوری ئەوروپا بتوانێت ببێتە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە، بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی کە بازاڕێکی تینون بە جۆرێتی باش. هەروەها کە ئیسپانیاش ووڵاتێکە لە زۆر بواری ئابوری و بازرگانیدا قورسایی خۆی هەیە وەک لە بوارەکانی بیناسازی، کەرەستەی بیناسازی، ، کشتوکاڵ، ووزەی نوێکەرەوەو، هەروەها بەکاربەرێکی سەرەکی ووزە بە تایبەت نەوت و گاز…

ئەوەی شایانی باسە شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز دارا جەلیل خەیات، هەروەها بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، باسی لە هەلی کارکردن لە هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەت بە هۆی بوونی سەقامگیری ئاسایش، کە کوردستان دەکرێت وەک دەرگایەکی ئابوری بۆ تەواوی عێراقیش سەیربکرێت و پێویستە کاری باش لەسەر ئەم هەلە بکرێت.

باڵێۆزی عێراق لە ئیسپانیا، وەدیع ئەلباتی وە چەندین بازرگان و وەبەرهێنەری تری ئیسپانی و کوردستانی ئامادەی ئەم دیدارە بوون، کە لە کۆتاییدا سەرەڕای پێشکەشکردنی چەندین زانیاری ئابوری-بازرگانی، بوو بە هۆی گۆڕینەوەی پەیوەندی وەک بنەمایەک بۆ کارکردنی زیاتر لە داهاتوودا لە نێوان هەردوو لادا.

nechirvan_barzani_prime_minister_krg__2014_03_14_h0m50s43__DK

نێچیرڤان بارزانی، ڕزگاركردنی كۆبانێ لە هەموو ئازادیخوازان پیرۆز دەكات

له‌ برووسكه‌یه‌كی پیرۆزباییدا بەبۆنەی ڕزگاركردنی شاری كۆبانێوه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و شەڕڤانان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان كرد و سوپاسی توركیا و هاوپەیمانانیش دەكات لە بەشداریكردنیان لە ڕزگاركردنی كۆبانێ.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەبۆنەی ڕزگاركردنی كۆبانێ، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی كۆبانێ، پێشمەرگە، شەڕڤانان و هەموو گەلی كوردستان و ئازادیحوازان و جیهان دەكەین. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی لە بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە وەك شه‌نگال و شوێنەكانی دیكەی كوردستان، هەمیشە لە خەمی ڕزگاركردنی كۆبانێدا بووه و هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی هاوپەیمانان هاوكاریی كۆبانێ بكەن و هێزی پێشمەرگە بگاتە ئه‌وێ.

هه‌ر لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەوڵ و هەڵوێستی بەڕێزان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆمار و ئەحمەد داوودئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا بكەم، كە بەبێ هەڵوێستی جوامێرانەی ئەوان، نەدەكرا هێزی پێشمەرگە بگاتە فریای كۆبانێ، هه‌روه‌ك چۆن ڕۆڵێكی گرنگیشیان لە یارمەتیدانی ئاوارەكانی كۆبانێ گێڕا. سوپاسی هەڵوێستی ئەمه‌ریكا و هاوپەیمانەكانیشی دەكەین، كە بە پشتیوانیی ئاسمانی و گەیاندنی تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستانەوە، هاوكاریی كۆبانێیان كرد.

كۆبانێ ببووە سیمبۆلێكی خۆڕاگری و بەرگری بەرامبەر تیرۆریستانی داعش، هەموو حیزبەكانی كوردستان و هەموو كورد لەسەر پێویستیی هاوكاریكردنی كۆبانێ یەكدەنگ بوون، ئەمڕۆش بەبۆنەی ڕزگاركردنییه‌وه لە لایەن پێشمەرگە و كچ و كوڕە شەڕڤانە خۆڕاگرەكانەوە، پیرۆزبایی لە هەموو حیزبەكانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان و یەك بە یەكی كوردستانیان دەكەم. هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا هەموو گوندەكانی دەڤەری كۆبانێ و هەموو شوێنێكی كوردستان لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكرێن.

ئەم سەركەوتنە ئەنجامی هەوڵ و قوربانیدانی شەڕڤانان و پێشمەرگەیە و پێویستە شەهیدانی كۆبانێ و هیچ شوێنێكی دیكەی كوردستان لەبیر نەكەین. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی توانای خۆی، هاوكاریی خەڵكی ئاوارەبووی كۆبانێی كرد و لە داهاتووشدا بەپێی توانا هاوكاریی خەڵكی ئەو شارە خۆڕاگرە دەكات.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان 

26/1/2015

nb_pm_london_gov__2015_01_22_h22m26s3__MZ__2015_01_24_h0m7s1__SF

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاره‌دارى له‌نده‌ن كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2015/1/22 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز بۆریس جۆنسۆن شاره‌دارى له‌نده‌ن و شاندێكى یاوه‌رى كرد له‌ به‌ڕێزان نه‌دیم زه‌هاوى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا و ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانى كارى به‌ریتانى پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز شاره‌دارى له‌نده‌ن خۆشحاڵیى خۆى به‌م‌ سه‌ردانه‌ و به‌ پێشكه‌وتووییى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌یبینێت، زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ پێشبینى ده‌كرد. بۆ ئه‌مه‌ش وێڕاى پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستخۆشى له‌ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌ به‌رده‌وامه‌كانى پێشمه‌رگه كرد و نیگه‌رانى و هاوخه‌میى خۆى بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و قوربانیان ده‌ربڕى.

هه‌روه‌ها ستایشى پێشمه‌رگه‌ى كرد و گوتى: خه‌ڵكى به‌ریتانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یرى سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئازایانه‌ به‌ره‌نگارى تیرۆرستانى داعش بوونه‌ته‌وه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر له‌ سنووره‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و بۆ ئه‌ورووپا و به‌ریتانیاش هه‌ڕه‌شه‌ن.‌ باسى له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى سه‌ربازگه‌یه‌كى به‌ریتانیش كرد كه‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه ده‌كات و خۆشحاڵیى خۆى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان ئه‌فسه‌رانى به‌ریتانى و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ نیشان دا و هیواى خواست هاوكاریى باشترى پێشمه‌رگه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر تیرۆرستاندا سه‌ربكه‌وێت.

به‌ڕێز شاره‌دارى له‌نده‌ن جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ریتانیا و شاره‌داریى له‌نده‌ن، خوازیارى بنیاتنانى په‌یوه‌ندیى به‌هێز و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، بۆیه‌ حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌تى وڵاته‌كه‌ى هان ده‌دات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا په‌ره‌یان پێ بده‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد و ئه‌م سه‌ردانه‌ى به‌ هه‌نگاوێكى باش بۆ له‌نزیكه‌وه‌ بینینى بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها ستایشى كۆمه‌كه‌ مرۆیى و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى به‌ریتانیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد و به‌بیرى هێنایه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تى به‌ریتانیا له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووشدا، هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و به‌ یارمه‌تیى ئه‌وان سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ست هێناوه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو و له‌پێناو سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه‌ و نه‌هێشتنى تیرۆر، به‌ریتانیا هاوكاریى زیاترى هه‌رێمى كوردستان بكات و له‌ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریى سه‌ربازیى و چه‌كى قورسدا، یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بدات. خواستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا له‌ هه‌موو بواره‌ سیاسى، ئابوورى، كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا و بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى به‌ریتانیا، دووپات كرده‌وه‌.

129998576698715424

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

كۆنگرەی لەندەن كە تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەشەڕدان، لەكاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان لەشەڕێكی ڕاستەوخۆ و توند دایە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ڕۆژانە بە خوێنی گەشی پێشمەرگە قارەمانەكان، شكستی گەورە تووشی تیرۆریستانی داعش دەبێت.
لەدوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە بەخوێنی خۆی سەدانهەزار ئاوارە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پاراستووە و چەندین ناوچەی بەرفراوانی بە بێ ڕەچاوكردنی پێكهاتەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە لەدەست تیرۆریستان ڕزگار كردووە.

ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد هەموو لایەك ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرن و داوای بەشداربوونی نوێنەری كوردستان لەم كۆنگرەیە و كۆنگرە هاوشێوەكان بكەن. هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە ئێستا كاریگەرترین هێز كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆریزمی جیهانی بووەتەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

لێرەدا ناڕەزایەتی خۆمان و خەڵكی كوردستان ئاراستەی ڕێكخەرانی ئەم كۆنگرەیە دەكەین و جێگەی دڵگرانیی ئێمەیە كە شەهیدبوون و قوربانیدان بەشی خەڵكی كوردستان بێت و ئیعتبارەكەش بۆ خەڵكی تر هەژمار بكرێت. خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەیە كە لەمجۆرە دانیشتنە نێودەوڵەتیانەدا نوێنەری خۆی هەبێت كە گوزارشت لە واقع و بیروبۆچوونەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان بكات. قورسایی ئەم بارودۆخە لەسەر شانی گەلی كوردستانە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكات و دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بگەیێنێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
22ـی 1ـی 2015

45971Image1

سیاسەتی حکومەتی بەریتانیا لەسەر هەرێمی کوردستان

کۆمیتەی پەرلەمانی بەریتانیا (هاوس ئۆڤ کۆمۆنز) پرسی سیاسەتی حکومەتی بەریتانیا بەرامبەر هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی فراوانتری عێراق و هەرێمایەتی دەخاتە ژێر باسەوە.

•           بوونی هەرێمی کوردستانی عێراق و گەشەسەندنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ باقی عێراق و ووڵاتانی دراوسێ و لێکدانەوەکانی بۆ سەر سیاسەتی دەروەی بەریتانیا.

•           ڕۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە کارئاسانیکردن بۆ گەشەسەندنی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و باقی عێراق بۆ هێنانەدی باشی ئابوری بۆ هەردوو لا و یارمەتی بەهێزکردنی ئاسایش و حکومەتێکی دیموکرات لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی دەدات.

•           ڕێچکەی حکومەتی بەریتانیا بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وە چین ئەو هەنگاوە سەرەکیانەی کە دەبێت لەلایەن نێردەی بازرگانی نوێ ی بەریتانیا بۆ عێراق، خاتوو نیکلسن ی وینتەربۆرن، بگیرێنە بەر.

•           هاوکاری مادی و جۆری تری هاوکاری کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی عێراق کراون لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی (بە ڕێکخراوی وێست مینیستەر بۆ دیموکراسی و کۆنسوڵیەی بەریتانیشەوە) بۆ گەشەپێدانی توانای پەرلەمانتاری و حوکمکردن، دامەزراوەیکردنی دیموکراسی (لە نێوانیاندا میدیای ئازاد)، کۆمەڵگای مەدەنی و مافی کەمە نەتەوایەتیەکان، وە گەشەپێدانی پەیوەندی کەلتوری و پەروەردەیی لەکەڵ بەریتانیا.

•           چۆن وەزارەتی دەروەی بەریتانیا بوون و سەرچاوەکانی لە عێراق ڕێکدەخات، لە ژێر ڕۆشنایی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باقی ووڵات.

UK Government policy on the Kurdistan Region of Iraq inquiry

NB_Sitess__2015_01_21_h11m20s37__SF

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى ڤاتیكان كرد

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جۆرجیۆ لینگۆ، باڵیۆزى ڤاتیكان له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز باڵیۆزى ڤاتیكان له‌ عیراق دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ڤاتیكان زۆر له‌ نزیك و به‌ بایه‌خه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و عیراق ده‌كات و سوپاس و پێزانینى ڤاتیكانى بۆ سیاسه‌تى كرانه‌وه‌ و پێشوازیكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و به‌تایبه‌تیش پێكهاته‌ى مه‌سیحى و دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ ئه‌وان، ده‌ربڕى.

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى بارودۆخى ئێستایان و پێداویستییه‌كانیان له‌ ڕووى په‌روه‌رده‌یى و ته‌ندروستى و نیشته‌جێكردن‌ و لایه‌نه‌كانى دیكه‌‌ و ئه‌و كار و خزمه‌تگوزارییانه‌ى تا ئێستا پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان كراوه‌، پوخته‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كرا و بۆ ئه‌مه‌ش سوپاس و پێزانینیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. بۆ قۆناغى ئێستاش جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیى مانه‌وه‌ى ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌.

لاى خۆه‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌سه‌ر سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى حكوومه‌ت و پابه‌ندیى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كوردستان به‌ بنه‌ماكانى پێكه‌وه‌ژیان و كه‌لتوورى لێبورده‌یى و پێشكه‌شكردنى كۆمه‌ك و هاوكارى بۆ ته‌واوى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بێ جیاوازى كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا كه‌ ڕووبه‌ڕووى ڕێكخراوێكى دڕه‌نده‌ى تیرۆرستى ده‌بینه‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: له‌ هه‌رێمى كوردستان په‌یامى ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى ده‌نێرین و خوازیارى ئه‌و ڕۆژه‌ین كه‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان. داوایشى له‌ ئاواره‌كان كرد خۆڕاگر بن تا ئه‌م قۆناغه‌ كاتیه‌ ده‌ڕوا و ئارامى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنه‌كانیان. هه‌روه‌ها وێڕاى ناردنى سڵاو و ڕێز، پێزانینى خۆى بۆ قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا‌ سوپاس و پێزانین پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كرا بۆ به‌شداریكردنى له‌ ڕێوڕه‌سمى جه‌ژنى له‌دایكبوونى حه‌زره‌تى مه‌سیحدا و ئه‌و وتاره‌ى له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا پێشكه‌شى كرد كه‌ بووه‌ هۆى هاندانى هه‌موو لایه‌ك بۆ قووڵتركردنه‌وه‌ى گیانى پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتى و ته‌بایى و سوپاسى خه‌ڵك و حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیران كرا، بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان كراوه‌.

germany__2015_01_12_h23m19s7__SF

ئه‌ڵمانیا له‌ هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ‌2015/1/11، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو “ئوزولا فۆن دێر لایه‌ن” وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌‌ڵمانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ چه‌ند به‌رپرسێكى سه‌ربازى و سیاسى و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانته‌ران و باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و كونسولى گشتیى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا خاتوو “فۆن دێر لایه‌ن” وێڕاى سوپاسگوزارى بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى له‌ كوردستان لێى كراوه‌، ڕێز و پێزانینى خۆى و حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگى دژى داعشدا، له‌ جیاتى هه‌موو جیهانى ئازاد له‌ شه‌ڕدایه‌ و نرخێكى زۆرى پێشكه‌ش كردووه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ تیرۆرسته‌ زۆر كاریگه‌ر بووه‌ و پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندى‌ كه‌ داعش هێزێك نییه‌ له‌ناو نه‌چێت، یان نه‌شكێت.

هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى پێشكه‌ش به‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان كرد و هاوسۆزى و هاوخه‌میى خۆى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كانیان و گه‌لى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا و دنیاى ئازاد له‌ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن. دڵگرانیى خۆیشى بۆ هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى پاریس نیشان دا.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى كرد كه‌ بۆ جارى دووه‌مه‌ دێته‌ هه‌رێمى كوردستان تا له‌ نزیكه‌وه ئاگادارى بارودۆخه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌كان بێت، سوپاس و پێزانینى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ هاوكارییه‌ سه‌ربازى و مرۆییه‌كانى ئه‌ڵمانیا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان و جۆرى چه‌ك و مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌، كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاوى له‌ گۆڕینى هاوكێشه‌كانى شه‌ڕدا هه‌بووه‌ و له‌ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییدا، هاوكارییه‌كى زۆرى پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام پێویستى به‌ یارمه‌تى و هاوكاریى زیاترى سه‌ربازى هه‌یه‌.

تاوتوێكردنى ڕه‌وشى عیراق و پێشهاته‌ سیاسى، سه‌ربازى و ئه‌منییه‌كان و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

130654780100483111

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كۆبۆوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەمە 11ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئیكهارد بروس باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و ئەندامانی لیژنەی بەرگریی پارلەمانی ئەڵمانیا و كۆنسوڵی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.

لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و ڕێز و پێزانینی خۆیشی نیشاندا بۆ پێشمەرگە كە ئازایانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات و ڕاشیگەیاند كە ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ مانایەكی قووڵی هەیە و ئەڵمانیا لەو مانایە دەگات. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ حكوومەتی ئەڵمانیا مایەی شانازییە كە هاوكاریی پێشمەرگە دەكات لە شەڕی دژی تیرۆریستان. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە بكات و لە پێویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاگادار ببێتەوە. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا هێمایشی بەوەدا هاتنی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا و لیژنەی بەرگریی پارلەمانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەیە كە لەڕووی تەشریعییەوە بتوانن چوارچێوەیەكی یاسایی پتەو بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە دابڕێژین.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەی پارلەمانی ئەڵمانیا لەمەڕ چۆنییەتی یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەڕەشەی تیرۆریستان كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشیان لە دۆستایەتیی گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و ستاییشی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە لەپاڵ شەڕی داعش یارمەتیی ئاوارەكانیان داوە و ئەوانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە. شاندی میوان هاوخەمیی خۆیشیان دەربڕی بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگدا شەهید بوونە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و ئەو هاوكاریانەی بە كاریگەر وەسفكرد. وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە و پێشمەرگەیش توانیویەتی لەزۆر شوێن شكست بە تیرۆریستان بهێنێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاری و یارمەتیدانی دۆستانی هەیە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە یەكلایی بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیش ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموو جیهانیانە و ڕووداوەكانی شاری پاریس بەڕوونی پێشانیدا كە تیرۆر دەتوانێ لە زۆر شوێن ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و ناسەقامگیری. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان ڕەچاوی هەموو ئەو ئیلتزاماتانە دەكات كە لەگەڵ دۆستان و هێزی هاوپەیماناندا هەیەتی.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێویستییەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و هەروەها دەڤەری شنگال و كۆبانێ و گوزەرانی ژیانی ئاوارەكانی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و دلشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا و فەریق شێروان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

بۆ بینینی پڕێسكۆنفرانسەكە ئێرە كلیك بكە

nb_shingar_d__2015_01_05_h17m51s8__MZ

نێچیرڤان بارزانی چیای شه‌نگال به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

پێشنیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/1/5 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ناحیه‌ی سنوونێ و مه‌زارگه‌ی شێخ شه‌رفه‌دینی له‌ چیای شه‌نگال كرد.

سه‌ره‌تا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوچه‌كه‌ و نوێنه‌رانی خه‌ڵكی ئێزدی له‌و سنووره‌، دوایین ڕه‌وش و بارودۆخی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوان و پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ و كاراكردنه‌وه‌ی داموده‌زگا حكوومییه‌كانی تاوتوێ كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی داموده‌زگا كارگێڕییه‌كان و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و ڕێگه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیان خۆش بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تیمی تایبه‌تی حكوومی، سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن تا ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر پێویستییه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌‌كان ئاماده‌ بكات.

به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ستایشی ڕۆڵی ئه‌و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ ئێزدییانه‌ی كرد، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌، له‌ ناوچه‌كه‌ و چیای شه‌نگال مانه‌وه‌ و به‌رگرییان كرد و گوتی: سه‌ری ڕێز و نه‌وازش به‌رامبه‌ر شه‌هیدان‌ داده‌نوێنینن، هه‌ره‌وه‌ها ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و پێزانیمان بۆ ئه‌و قاره‌مانانه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مانه‌وه‌ و مه‌ردانه‌ به‌رگرییان له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ چیای شه‌نگال و مه‌زاری شێخ شه‌رفه‌دین كرد و به‌تایبه‌تی باسی له‌ ڕۆڵی دیاری فه‌رمانده‌ ئێزدییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێزان قاسم شه‌شۆ، قاسم سمێر، قاسم دربۆ، خه‌له‌ف مراد عتۆ هه‌بابی و فه‌قیر به‌ده‌ل ئلیاس، كرد.

دوای ئه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی مه‌زاری شێخ شه‌رفه‌دینی به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نووساندا گوتی: ’’هاتنی ئێمە بۆ مەزارگەی شەرفەدین و دیتنی ئەو قارەمانانەی کە چەندین مانگە بەرگرییان کردووە و ماندوو بوونە لە چیای شه‌نگال، یەکەم شت بۆ ئەوە بووە کە بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ دەستخۆشییان لێ بکەین و پێیان بڵێین ڕێزگرتنی ئێمە بۆ خەبات و ماندووبوونی چەند مانگەی ئەوان و ئەو بەرگرییەی ئەوان کردوویانە لە چیای شه‌نگال یەکجار زۆرە. دووەمیش سەردانمان بۆ مەزارگەی شەرفەدین پەیامی ئێمەیە بۆ خوشک و برا ئێزدیەکانمان و پێیان دەڵێین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزی بۆ ئەوان هەیە و پێیان دەڵێین ئێمە لە برینی قووڵی ئێوە تێدەگەین، بەڵام سوپاس بۆ خودا کە لە ئەنجامی خەبات و ماندووبوونی ئەو قارەمانانە، ئێستا ئەو ناوچەیە بە تەواوی ئازاد کراوە و سوپاسی ئەو قارەمانانە دەکەم کە نەیانهێشت ئەم شوێنە پیرۆزەی ئێزدییەکان بکەوێتە دەستی چەکدارانی داعشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ تێروته‌سه‌لی باسی هەنگاوەکانی دواترمان کرد لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری، کە چۆن خزمەتگوزاریی كارگێڕی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەستەبەر بکەین و هیوادارین لە هەنگاوەکانی دواتردا و دوای ئازادکردنی تەواوی شه‌نگال، خزمەتگوزاریی تەواویان بۆ دەستەبەر بکرێت و ژیان بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و خەڵکەکەشی بگەڕێننەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ناوچەکە و خەڵکەکەی به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتی: “بە دڵنیاییەوە هەر من نیم، دوای منیش دیسان لیژنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەکە دەکەنەوە و مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە هەر شتێک لە توانادا بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە و گەڕانەوەیان، هەر شتێک پێویست بێت و ئەرکی ئێمە بێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک حکوومەت ئەرکی خۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین”.

ده‌رباره‌ی پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەوەی لە شه‌نگال ڕووی داوە، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: ”ئێمە بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لیژنەمان پێکهێناوە و دوو وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەکەدا بەشدارن، لەگەڵ هەندێ شایەتحاڵی ڕووداوەکان. هەوڵەکانی ئێمە وەک حکوومەت لەوبارەیەوە بەردەوامن، چونکە بە ڕاستی بڕوای ئێمە وایە ئەو ڕووداوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، بە هەموو پێوەرەکان جینۆسایدە و هەر هەوڵێک پێویست بکات بۆ بەنێونەتەوەییی ناساندنی ئەو ڕووداوە بە جینۆساید، ئەوا بێ دوودڵی حکوومەت ئەنجامی دەدات”.

لەبارەی وەستانی پێشرەوییەکانی پێشمەرگەشه‌وه‌ بۆ ناو شه‌نگال، به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتی:”لە ڕاستیدا ئەو بەرنامەیەی کە یەکەمجار دانرا، سەنتەری شه‌نگال لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکەی پێشمەرگەدا نەبوو، بڕیار نەبوو جارێ پێشمەرگە بچێتە ناو شه‌نگاله‌وه‌، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە تەنها بۆ ڕزگارکردنی چیای شه‌نگال و سنوون و دەورووبەری بوو، ئێستا بە دڵنیایەوه‌ پێشمەرگە لە ڕوانگەی سەربازییەوە سەیری شه‌نگال دەکات و هەر کاتێ شه‌نگال ببێتە ئامانجی ڕزگارکردنی لە لایەن پێشمەرگەوە، ئەوا دەکەوێتە ناو بەرنامەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە”.

لەبارەی کاتی ڕزگارکردنی ئه‌و ئافره‌ته‌ ئێزدییانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه‌ ڕفێنراون‌، به‌رێز سەرۆک وەزیران گوتی: “هەموو بابەتێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس ناکرێن، بەڵام دەمەوێ هەموو خەڵک و ئێزدییەکان دڵنیا بکەمەوە کە هەوڵەکانمان بەردەوامن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز شێخ ئیسماعیل، پیاوی ئایینیی ئێزدی و مجێوری مه‌زارگه‌ی شێخ شه‌رفه‌دین، ده‌رباره‌ی سەردانی به‌ڕێزان سەرۆک بارزانی سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چیای شه‌نگال گوتی “ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین بە هاتنی به‌ڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت بۆ چیای شه‌نگال و مەزارگەی شەرفەددین’’.

هەروەها گوتی: ’’سەردانی به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەت بۆ مەزارگەی شەرفەددین بە واتای سەردانی بەڕێزیانە بۆ ماڵی تەواوی ئێزدییەکان و ئەمرۆ بۆ ئێمە بووە جەژن. هیوادارین هاتنەکەی ببێتە خێر بۆ چیای شه‌نگال و هیوای خواست بە پشتیوانی خودا و سەرۆک بارزانی و جەنگاوەرە ئیزدییەکان و قاسم شەشۆ و هەموو ئێزدییەکان، شه‌نگالیش بە تەواوی ئازاد بکرێت’’.

هەروەها گوتی: ’’دوای کردنەوەی ڕێگەی چیای شه‌نگال، هاوکارییەکان بە بەردەوامی گەیشتوونەتە خەڵکەکە و هیوادارین ئەو هاوکاریانە بەردەوام بن و گوتی: دواکاریی هەرە گرنگمان ئەوەیە هەوڵ بدرێت ئەو کچ و ژنە ئێزدییانەی کە تا ئێستا لە دەستی چەکدارانی داعشدان، ڕزگار بکرێن و داوکارایی دووەممان ئەوەیە کە شه‌نگال ببێتە هەرێمیکی ئێزدی کە سەر بە هەرێمی کوردستان بێت و تەزووی کارەباشمان کە بە هێڵەکانی مووسڵەوە بەسترا بوون، لەمەودوا بە هێڵەکانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ ببەسترێتەوە”.

لە لایەکی دیکەوە به‌ڕێز قاسم شەشۆ یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی کوردانی ئێزدی كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ چیای شه‌نگال مایه‌وه‌ و به‌رگری كرد، گوتی:”هاتنی به‌ڕێز سەرۆک بارزانی و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو ناوچەیە مێژوویەکە، کە هیچ کاتیک لەبیر ناکرێت و جێگەی دڵخۆشی و سەربڵندیی ئێمەیە. دەمانەوێت لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەو خەڵکە بڵیین کە پێشتر دەیانگوت پێشمەرگە لە شنگال ڕایکرد، با ئێستا بزانن کە پێشمەرگە بە خوێن و شەهیدبوون، برینداربوون، هاتن و ڕێگەی چیای شه‌نگالیان کردەوە و سەرۆک بارزانی هاتە چیای شه‌نگال و مەزارگەی شەرفەدین، وەک چۆن ئێستا دەیبینن کە سەرۆکی حکوومەتیش لەبەردەم دەرگای مەزارگەی شەرفەدینە و بەو خەڵکە دەڵێین؛ ئەوان ناتوانن فێڵمان لێبکەن و گاڵتە بە عەقلی خەڵکی ئێمە بکەن.

هەروەها لەبارەی چەند لێدوانێکەوە کە گوایە دەگوترێ شه‌نگال بکرێتە هەرێمی سەربەخۆ کە سەر بە هەرێمی کوردستان نەبێت، به‌ڕێز قاسم شەشۆ  گوتی: “ئێمە لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەستمان کردووە کە هەندێ کەس دەڵێن با شه‌نگال هەرێمێکی سەربەخۆ بێت و سەر بە هه‌رێمی کوردستان نەبێت، ئەو کەسانە ناحەزی ئێمەن و ئەوان بەرپرسیار نین لە شه‌نگال و بڕیار لە دەستی ئەواندا نییە، ئێمە بەشیکین لە کوردستان و هەرگیز جیا نابینەوە، بەڵام لە سەرۆکی حکوومەت داواکارین کە شه‌نگال بکرێتە پارێزگا و بە قەزا نەمێنێتەوە’’.

پاشنیوه‌ڕۆش به‌رێز نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر چیای شه‌نگال، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی سنووره‌كه‌ و فه‌رمانده ئێزدییه‌كانی ‌پێشمه‌رگه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ چیای شه‌نگال مانه‌وه‌ و فه‌رمانده‌ییی پێشمه‌رگه‌ ئێزدییه‌كانیان كرد و به‌رگرییان له‌ چیای شه‌نگال و ئاواره‌ ئێزدییه‌كان و مه‌زاری شێخ شه‌رفه‌دین كرد، دوایین پێشهاته‌ سه‌ربازییه‌كان و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی تاوتوێ كرد.