daban-univers

هەلی خوێندن بۆ چوار زانکۆی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی ئێراسمۆس موندۆس-مەرحەبا- بە هەماهەنگی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا

ڕۆژی دووشەممە،13/10/2014،لە چوارچێوەی کاری هەماهەنگیکردنی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی زانستی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ووڵاتی ئیسپانیا، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، دابان شەدەڵە، هەروەها نوێنەرانی زانکۆکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیەو ڕاپەڕین، لە زانکۆی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا لە هەرێمی گالیسیای ئیسپانیا بەفەرمی دەستپێکی هەنگاوی یەکەمی پرۆژەی ئێراسمۆس موندۆس – مەرحەبا –  ڕاگەیاندرا.

پاش ئەوەی لە ڕابردوودا زانکۆکانی کوردستان میوانداری کراون و بە هاوکاری نوێنەرایەتی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا و چەندین زانکۆی تر لە ووڵاتی ئیسپانیا دروستبوو، هەلی ئەوە ڕەخسا کە چەند زانکۆیەک لە کوردستانەوە بەشداربن لەم پرۆژەیەداو، پاش پێشکەشکردنی پرۆژەکانیان، لەسەر ئاستی عێراق تەنها چوار زانکۆی هەرێمی کوردستان هەلی قبوڵکردنیان لە پرۆگرامەکەدا پێبەخشرا.

لە چوارچێوەی ئەم پرۆگرامەدا بە کۆی ٤١ شوێن، هەلی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لەو چوار زانکۆیە دەڕەخسێت – لەسەر ئاستەکانی بەکالۆرێۆس، ماستەر، دوکتۆرا و پۆست-دوکتۆرا، سەرەڕای بەرنامەی ئاڵوگۆڕی کادیری ئەکادیمی لە نێوان ئەو زانکۆیانەی کە لە چوارچێوەی پرۆگرامەکەدا بەشدارن. ئەوەی شایانی باسە کە ئەم پرۆگرامە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینکراوە بە بڕی 2.340.050 یۆرۆ. کۆی پرۆگرامەکە 17 زانکۆ لە خۆدەگرێت لە ووڵاتانی تری  وەک ئیسپانیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئێران، پۆرتوگال، ئیتالیا، فەڕەنسا، بولگاریا و پۆڵەندا ، کە ئەمەش پردێکی پەیوەندی زانستی بەرفراوان دروستدەکات.

پرۆژەکە تاوەکو 14 ی تەمموزری 2018 بەردەوام دەبێت، کە تیایدا پێشکەشکاری سەرکەوتوو، وە هەڵبژێردراو لە لایەن زانکۆکەی خۆیەوە، لە ژێر پرۆگرامەکەدا بۆ ماوەی دیاریکراوی خوێندنەکە بەپێ ی ڕێنماییەکان، بڕە پارەی پێدەبەخشرێت کە: دەرماڵەی سەفەر، تێچوونی ڤیزە، دەرماڵەی ژیان، تێچوونی بەشداریکردن و تەئمین لە خۆدەگرێت.

ئەو زانکۆیانەی کە سەرکەوتووانە لە کوردستانەوە توانیان بە هەنگاوەکانی قبوڵکردن لە پرۆگرامەکەدا بڕۆن، زانکۆکانی سلێمانی، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و زانکۆیە کۆیە بوون. هەنگاوەکانی بەشداریکردن لەم پرۆژەیەدا هەر لەسەرەتاوە، بە ئێستاشەوە لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا پشتگیری لێکراوە. لە کۆی ئەو 41 کورسیەی کە بۆ ئەو 4 زانکۆیەی کوردستان تەرخانکراوە: 15 کورسی بۆ خوێندنی بەکالۆرێۆسە، 7 کورسی بۆ ماستەر، 8 کورسی بۆ دوکتۆرا، 2 کورسی بۆ پۆست دوکتۆرا و، 9 کورسی بۆ ئەکادیمیانی ئەو زانکۆیانەیە.

لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەکەدا،جێگری ڕاگری زانکۆی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا-بەرپرسیار لە بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکە، پرۆفیسۆر کارلۆس سالگادۆ بەخێرهاتنی هەمووانی کرد، دەستخۆشی لە زانکۆ سەرکەوتووەکان کرد وە هیوای بەختێکی باشی بۆ خواستن.

دابان شەدەڵە، سوپاسی ڕۆڵی زانکۆی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلای کرد لەم پرۆژەیەداو کورتەیەکی باسکرد لەسەر بارودۆخی خوێندنی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان “کە چۆن لە سایەی ڕژێمەکانی پێشوو، بە تایبەت سەدام، زانکۆکانی کوردستان تووشی داخستن هاتبوون، وە بەلاوەنرابوون، کە ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی هەبووە لەسەر ئاستی پێگەیشتنی ئەکادیمی لە کوردستان، بەڵام لە دوای 2003 ەوە دەرگای دووبارە گەشەسەندنەوەی ئەم بوارە خەریکە واڵا دەبێتەوە”.

کارۆلینا گاربالیاوسکاتی، بەرپرسیاری ئۆفیسی پرۆژەکە لە یەکێتی ئەوروپا، سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنی پرۆژەکە تا ئەم ئاستە، هەروەها سوپاسی زانکۆی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلای کرد بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەکە.

نوێنەرانی زانکۆکانی کوردستان هەریەکە هەستان بە پێشکەشکردنی کورتەیەک لەسەر زانکۆکانیان بۆ ئامادەبووان. لە ڕۆژانی تری داهاتووی ئەم هەنگاوەدا ۆرکشۆپی تایبەت لەسەر ووردەکاری پرۆژەکەوە، چۆنیەتی هەڵبژاردن، بەڕێوەبردن، کواڵیتی هەڵبژاردنەکان پێشکەشکران.

بەشداری سەرکەوتووانەی ئەو 4 زانکۆیەی هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی باشە بۆ گەشەسەندنەوەی ئاستی خوێندنی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان، وە هێمایە بۆ سەرکەوتوانە بەشداریکردن لە پرۆژەیەکی لەم شێوەیەدا.

130576949752083028

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌كات

ئێوارەی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/10/2014 له‌ سه‌لاحه‌دین به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ فلیپ هامۆند وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه پێكهاتبوو‌ له‌ ئێدوارد ئۆكدێن به‌رپرسی كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیای وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و جەنەڕاڵ سێر سیمۆن نێرده‌ی ئاساییشی بریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و فرانك باكێر بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ك راوێژكاری سیاسی و سه‌ربازی جكوومەتی بریتانیا.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جه‌بار یاوه‌ر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا سه‌رۆك بارزانی به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەتی بریتانیا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و پشتیوانییەی پێشكەشی‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان كردووە.

دواتر سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لە بەرەكانی شەڕ ئەوەی خستەڕوو كە كوردستان ڕووبەڕووی شەڕێكی درێژخایەن لەگەڵ دوژمنێكی سەرسەخت و تاوانبار بووەتەوە كە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو لایەك. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی پڕچه‌ككردنه‌وه‌ ئابلووقه‌ی خرابووه‌ سه‌ر، به‌ڵام قاره‌مانانه‌ ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بوویەوە كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی لەبەردەستدایە و توانی زوو تاكتیكی تیرۆریستان بزانێ و ڕێ لە پێشڕەوییان بگرێ و له‌ چه‌ندین ناوچه‌دا پاشه‌كشه‌یان پێ بكات و شكستیان بدات.

هەر لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا هێمای بە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان دا و ئەوەی خستەڕوو كە قورسایی ئەم شەڕە سەخت لەسەر شانی كوردستانە و كوردستان هەموو جیهان شەڕی داعش دەكات و پیرۆزباییشی لە سەرۆك بارزانی و هێزەكانی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لەدژی داعش بەدەست هاتووە. وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرچاوڕوونییەكی زیاتریان هەیە.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنییەتیی له‌ناوبردنی تیرۆریستانی داعش كرا و جەخت لەوە كرایەوە كه‌ لەناوبردتی تیرۆریستان هەوڵێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سەربازی و سیاسی و ئابووری ده‌وێ و پێویسته‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی وشك بكرێت و ئازادی هاتوچۆیان لێ قه‌ده‌غه‌ بكرێت و پێویست ده‌كات له‌رووی فكریشه‌وه‌ زانایانی ئایینی و رۆشنبیران و ناوەندە هزرییەكان بەڕووی تیرۆریستاندا بێنەوە چونكە ئەم هەڕەشەیە هەڕەشەیەكی جدییە و هەموو لایەك دەخاتە ژێر مەترسی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هەماهەنگیی زیاتری‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزەكانی هاوپه‌یمانان تاوتوێ كرا بۆ ئەوەی ئامانجە سەربازییەكانی تیرۆریستان بە شێوەیەكی كاریگەر لەناوببردرێن و ژیانی خەڵكی سڤیلیش بە باشترین شێوە بپارێزرێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ كرا، له‌وباره‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو كه‌ سه‌ركردایه‌تیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بڕیاری داوه‌ به‌شداری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت و پشتیوانی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق بكات.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی سوپای عێراق كرا، كه‌ پێویسته‌ هاوسه‌نگی تێدا بێت و ڕۆڵ و به‌شی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رچاو بگیردرێت.

قسەكردن لەبارەی ڕۆڵی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ به‌هێزتركردنی هاوپه‌یمانیی نێودەوڵەتی لە دژ به‌ تیرۆریستانی داعش ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Karim_Sinjari_and_Milan_Chovanec_Czech_Republic_Interior_Minister__2014_09_21_h12m27s32__SS

کۆماری چێک پاڵپشتی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە

حکومەتی چێک پاڵپشتی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوەو جەختیکرد لەسەر دانی چەک بە پێشمەرگە وگەیاندنی نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ ئەم هێزانە.

ئەم هەڵوێستەی حکومەتی چێک لەمیانەی دیدارەکانی کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هات لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری چێک، کە لەسەر بانگهێشتى فەرمى میلان چۆڤانیک، وەزیرى ناوخۆ، سەردانی ئەم وڵاتەى کرد.

لەم کۆبوونەوانەدا، کەریم سنجاری باسی لە دوا پێشهات و پەرەسەندنەکانى سەرگۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکەی بەگشتى کرد. هەروەها کورتەیەکى سەبارەت بە شەڕى دژى داعش و پێویستى بەردەوامبوونى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە هاوکاریکردنى حکومەتى هەرێم و بەردەوامبوونیان لە هەوڵدان بۆ بنبڕکردنى تیرۆر لەناوچەکەدا پێشکەش کرد.

لەلای خۆشیەوە وەزیرى ناوخۆى چێک پابەندى حکومەت و گەلى چێکى دووپاتکردەوە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردنى حکومەت و گەلى کوردستان لە شەڕى دژى رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، و تیرۆر بەگشتى. هەروەها ئامادەیى تەواوى وەزارەتەکەى  نیشاندا بۆ هاوکارى و هەماهەنگى کردن لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە بوارى دابینکردنى ئامراز و تەکنەلۆژیاى پێشکەوتووى چاودێرى و ئاسایش و پێدانى خولى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى ناوخۆ.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا، وەزیری ناوخۆی چێک ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانى پۆلیسى چێکی ئامادەن بۆ پێدانى خولى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە بوارى ئاشکراکردن و هەڵگرتنەوەى بۆمب و پوچەڵکردنەوەى بۆمبى چێنراو. هەروەها رایگەیاند کە داوای لە بەرپرسانی پۆلیسی وڵاتەکەی کردووە بە زووترین کات پێشنیارى بۆ ئامادەبکەن سەبارەت بە چۆنیەتى پێشکەشکردنى هاوکاریەکانیان بە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم بۆ شەڕ لە دژى تیرۆر.

کەریم سنجارى متمانەیی خۆی بە حکومەتى چێک دەربڕی بەوەی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە بوارى دابینکردنى تەکنەلۆژیاى چاودێرى پێشکەتوو و سیستەمى پێشکەوتووى ئاسایش و کردنەوەى خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانى ناوخۆ لە گشت بوارەکاندا. دووپاتیشیکردەوە حکومەتى هەرێم وەکو هاوبەشێکى درێژ خایەن سەیرى کۆمارى چێک دەکات.

هەر لەو سەردانەیدا وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانى دەزگا ئەمنیەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى چێک کۆبۆوە بە مەبەستى گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنیەتى هەماهەنگى و هاوکارى لە نێوان هەردوو وەزارەتدا.

دواتر کەریم سنجاری لەگەڵ تۆماس کوختەن جێگرى وەزیرى بەرگرى چێکى کۆبوەوە ولە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتى پەرەپێدانى هەماهەنگى و هاوکارى سەربازى لە نێوان حکومەتى هەرێم و کۆمارى چێک. وپاشان سەردانى کۆگاکانى چەک و کارگەى دروستکردنى چەک و تانک و زرێپۆشیان کرد بۆ ئاشنابوون بە توانا سەربازیەکانى کۆمارى چێک بە مەبەستى پێشکەش کردنى هاوکارى سەربازى بە هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگە لە شەڕى دژى داعش و تیرۆر.

هەروەها لەسەردانێکیدا بۆ وەزارەتى دەرەوەى چێک، کەریم سنجاری لەگەڵ  لوکاش کاوتسکى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەم وڵاتە کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری ناوخۆ تیشکى خستە سەر رەوشى ئێستاى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و رەوشى ئاوارەکان و پێویستى بەردەوامبوونى کۆمارى چێک و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە پشتگیریکردن و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیى بە ئاوارەکان. لەبەرامبەردا لوکاش پابەندى حکومەتى چیکى دووپاتکردەوە بۆ پشتگیرى کردنى هەرێمى کوردستان و پێشکەش کردنى هاوکارى مرۆیى بە ئاوارەکان.

‌لە درێژەى چالاکیەکانیدا، کەریم سنجارى سەردانى سەرۆکایەتى کۆمارى چێکى کرد و لەگەڵ  هینک کمونیچک راوێژکارى سەرۆکی کۆمار بۆ کاروبارى دەرەوە کۆبوەوە. لە میانەى دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەى گرنگى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان کۆمارى چیک کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگى ئاڵوگۆرکردنى سەردان لە ئاستى باڵا لە نێوان هەردولادا.

5169106850_6f336e29b7

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كۆبانێ

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خوشك و براكانمان لە كۆبانێ بەشێكە لە ئەو نەفیرعام و دوژمنكارییەی تیرۆریستان لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دەدەن. وەحشیگەری و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان هەڕەشەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان و شەرەف و كەرامەت و مان و نەمانی گەلەكەمانی كردۆتە ئامانج.

داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم هەموو ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ بكەن. بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.

داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەكەم بە زووترین كات هەموو ڕێوشوێنێك بگرنەبەر بۆ پاراستنی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستی تیرۆریستان. چونكە تیرۆریستانی داعش لە هەر شوێنێك بن دەست لە تاوان و كارەسات ناپارێزن و دەبێ لە هەر شوێنێك بێت لێیان بدرێت و تێكبشكێندرێن.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی ئەیلوولی 2014

Hollande_and_Barzani__2014_09_14_h20m13s10__SS

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەكات

لەهەنگاوێکی مێژووییدا وەکو یەکەمین سەرۆک کۆماری وڵاتێکی ئەوروپی خاوەن ئەندامێتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوێنێ فرانسوا هۆڵاند سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێکی حکومی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازی لێ کرا.

لەیەکەمین وێستگەی ئەو سەردانەدا سەرۆک بارزانی بەیاوەری سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەکەی سەردانی کەمپی ئاوارەکانیان لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەکان بوون کە لەپاش پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و لەم کەمپەدا نیشتەجێن.

پاشان کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی هەرێم وسەرۆکی فەڕەنسا وشاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و جێن یوڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارک بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرسی حکوومەتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی کوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی فەرەنسا و شاندە یاوەرەکەی کرد و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و کاریگەر وەسف کرد.

سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی گەلی کوردستان و ڕایگەیاند کە جێگەی شانازییە کوردستان دۆستێکی مەزنی وەک گەلی فەڕەنسای هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەکاندا هەردەم لەگەڵ گەلی کوردستان وەستاوە و یارمەتی و هاوسۆزیی ئەمجارەی فەڕەنسا کاریگەریی زۆری لە بەهێزتربوونی ورەی گەلی کورد و هێزەکانی پێشمەرگە هەبووە و هاوکێشەی شەڕەکانی لە قازانجی گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە گۆڕیوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی فەڕەنسای بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی نێودەولەتی و دروستکردنی هاوپەیمانێتیی دەولی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند و لەبارەی شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان لەشەڕی ئەم ڕێکخراوە هەتا ڕیشەکێشکردن و لەناوبردنی بەردەوام دەبێت.

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی کراوە و دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتییە سەربازیی و مرۆڤییەکانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت و دەچێتە قۆناغێکی تازەتر و هاوپەیمانییەکی بەهێزی دەولییش بۆ ئەم مەبەستە پێکدێت.

هاوکات باسی لە بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی کرد کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک لە شاری پاریس بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەبەسترێت و ڕایشیگەیاند شاندی هەرێمی کوردستانیش لەم کۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت چونکە لە ئەرزی واقعدا کوردستان هیڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە و لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە لە جەنگدایە.

سەرۆکی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوارە و کوردستانیشی بە نموونەیەک زۆر باش وەسف کرد لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێکەوەژیانەی کوردستان دەکات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێکەوەژیانە دەکات.

لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسکۆنفڕانسێک بوون و ناوەڕۆکی کۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان باس کرد.

سەرۆکی هەرێم بەناوی خۆی وگەلی کوردستان سوپاس وپێزانینی پێشکەشی سەرۆکی فەڕەنسا کرد بۆ هەلوێستی بەرامبەر بەگەلی کوردستان لەکاتێکی زۆر هەستیاردا.
نیشانیشیدا پاڵپشتی فەڕەنسا کاریگەری ئەرێنی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گەلی کوردستان وپێشمەرگەی کوردستان  و رۆڵی گرنگی لە لەناوبردنی تیرۆریستاندا بینی.

هەروەها سوربونی گەلی کوردستانیشی لەسەر شەڕکردن لەگەڵ تیرۆریستان ونەک تەنها شەڕ بەڵکو لەناوبردنیان چونکە ئەوان هەڕەشەیەکی گەورەن لەسەر ئاشتی جیهانی و نیشامیدا ئەو رۆڵەی فەڕەنسا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەیگێرێت رۆڵی بەرهەمداربوو وبووە هۆی هاتنەدی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چونکە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تیرۆریستانە پێویستی بەکاری هاوبەش هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا ەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان تاکە چارەسەری گونجاوە بەتایبەتی کە ئێستا هاوکێشەکە گۆڕدراوە وپێشمەرگە لەپێشکەوتنی بەردەوامدایە وتیرۆریستانیش لەپاشەکشەدان.

پاشان فرانسوا هۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند سەردانی بۆ هەولێر سەردانێکی کاریگەرە وواتای خۆی هەیە و وڵاتەکەی هەمیشە لەکاتی مەینەتیەکاندا هاوکار وپاڵپشتی کوردستان ونیشانیدا هەرێمی کوردستان سەدان هەزاری ئاوارە وپەنابەری لەباوەشگرتووە فەڕەنساش هەموو توانایەکی فەراهەم کردوە  بۆ پێشوازیان وئەوانش زۆر سوپاسگوزاری رۆڵی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمن وفەڕەنسا شانازی بەوە دەکات کە یەکەمین وڵات بوە ئەو پاڵپشتیەی پێشکەشی هەرێم کرد .

هاوکات سەرسامی خۆی بۆ پاڵەوانێتی پێشمەرگە نیشانبا کە بەئازاییەکی گەورەوە شەڕی تیرۆریستانیان کرد وقوربانی زۆریشیان دا وهێشتاش لەو خەباتەی خۆیان بەردەوامن و دووپاتیشیکردەوە هەرێمی کوردستان توانی سود لەو چەکانە وەربگرێت کە فەڕەنسا بۆی ناردبوو وتوانی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت وستایشی پێکەوەژیانی ئاینی وتایفەتی ونەتەوەیی هەرێمی کرد وبە نمونەیەکی سەرکەوتووی لەناوچەکەدا وەسفکرد.

ئێوارەی هەمان رۆژ فرانسوا هۆڵاند سەرۆکی کۆماری فەڕەنسا کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومیی هەرێمی کوردستان بەڕێکرا.

شایانی باسە بەر لە کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بە مەبەستی گوێگرتن و زیاتر ئاگاداربوونی لە داواکاری و کێشەکانی ئاوارەکان لە کەنیسەی مار یوسفی عەنکاوە لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی ئاوارەکان کۆبۆیەوە.