daban navarra

دابان شەدەڵە چاوی دەکەوێت بە ئەلبێرتۆ کەتەلان ئیگوێراس، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا- ئیسپانیا

لە چوارچێوەی بانگهێشتێکی فەرمی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا پێشوازی لە نوێنەری حکومەتی هەرێم، دابان شەدەڵە، کرد.

ئەلبێرتۆ کەتەلان ئیگوێراس، سەرەڕای بەخێرهاتن،داوای گەیاندنی پشتگیری تەواوی خۆی و پەرلەمانی هەرێمی ناڤارای کرد بۆ گەلی کورد، ڕایگەیاند کە “ئێمە بەردەوامین لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە لە هەرێمی کوردستان، وە پشتگیری تەواوی خەڵکی ناڤارا-لە ئیسپانیا بۆ گەلی کورد ڕادەگەیەنین لە جەنگدا دژ بە تیرۆریزمی جیهانی”.

دابان شەدەڵە باسی لە بارودۆخی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد بۆ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا، هەروەها باسی لە بارودۆخی مرۆیی کرد کە حکومەتی هەرێم و تەنانەت خەڵکی کوردستان، هەموو هەوڵیکیان خستووەتە کار تاوەکو لەم بارودۆخە قورسەدا پێداویستی ژیانی ئاوارەکان بەبێ جیاوازی دابین بکرێت.

باس لەوە کرا کە چۆن کوردستان وەک دورگەیەکی ئارام باوەشی بۆ برایانی کریستیان، کوردانی یەزیدی و هەموو ناوچەکانی تری عێراقیش کردووەتەوە کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارەبوون. باس لە پێویستی هاوکاری نێودەوڵەتیش کرا، بە تایبەت کە ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان و لەم دۆخەدا، ئەرکێکی لۆجیستی قورسەو هەموو پێداویستیەکانی ژیان بوونیان نیە، لەبەرئەوە پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە.

 لە میانەی ئەم دیدارەدا باس لە ڕۆڵی ووڵاتانی ناوچەکەو ڕۆڵی حکومەتی نوێ ی عێراق کرا بۆ چارەسەرکردنی تەنگەژەکان. لە کۆتاییدا هەردوولا سەردانی پێشانگای فۆتۆگرافی خاچی سور یان کرد، کە لە هۆڵی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارادا کرابووەوە.

daban photo uni nebrija

“جوگرافیای نوێ ی تیرۆریزم: دەوڵەتی ئیسلامی لە دیدی ئیسپانیاوە” -ڕۆڵی کورستان

ئەمڕۆ ڕێکەوتی 14/11/2014 لە زانکۆی نێبرێخا-لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا پانەڵێکی هاوبەش لەسەر بابەتی “جوگرافیای نوێ ی تیرۆریزم: دەوڵەتی ئیسلامی لە دیدی ئیسپانیاوە” بەڕێوەچوو. لەم دیدارەدا کەسانی ئەکادیمی زانکۆکەو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابان شەدەڵە، هەروەها باڵێۆزی عێراق وەدیع الباتی، باڵێۆزی ئێران، و باڵێۆزی پێشووتری ئیسپانیا لە عێراق ئیگناسێۆ ڕۆبێرۆ پێرێس و کەسانی تری ئەکادیمی تر بانگهێشتکرابوون سەرەڕای ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆکە.

لە چوارچێوەی دیدارەکەدا بابەتی تیرۆریزم بەتایبەت ڕێکخراوی داعش، بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، تەوەری سەرەکی دیدارەکە بوو. لەم چوارچێوەیەدا بابەتی ئایدۆلۆجی و سەرەتاکانی پەلهاویشتنی ڕێکخراوی داعش وەک درێژکراوەی ئەلقاعیدە لە عێراق و شام، وە پاشان بە سود وەرگرتن لە بۆشایی شەڕی ناوخۆی سوریا بە ووردی خرانە ژێر باسکردنەوە، کە چۆن ئەم گروپە توانیویانە ببنە ماگنێت بۆ کەسانی توندڕەو لەسەرتاسەری جیهان. باس لە هەنگاوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرا بەتایبەت بابەتی کێشەی تێکەڵاوبوونی ڕەوەندی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلام لەگەڵ کۆمەڵگاکانی خۆیان، هەروەها کۆنترۆڵکردنی هاتنی کەسانێک کە بۆنی توندڕەویان لێ دێت لە و وڵاتانەوە بەرەو بەرەکانی شەڕ.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە ڕووداوەکانی کوردستان کرد، کە چۆن ئەم ڕێکخراوە کردیە ئامانج لە پاش دەستبەسەرداگرتنی موسڵ. چۆن گەلی کوردستان بە میانڕەویی و ئارامی و ئارەزویان بۆ ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، نەک تەنها بۆ خۆیان بەڵکو بۆ هەموو کەمەنەتەوەیەتیەکانی تری عێراق و ناوچەکە هەستاون بەبەرگریکردن لە خاکی کوردستان و پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی، هەروەها حکومەتی هەرێم بە هاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان هەستاوە بەئەرکێکی زۆر ئەستەم بۆ داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە، کە تەنانەت بۆ ووڵاتێکی پێشکەوتووی ئەوروپیش کێشەیەکی لۆجیستی و دارایی گەورە بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی عێراق و جەنگی دژ بە داعش. سەرەڕای ئەمانەش باس لە گرنگی هاوکاریی سەربازی و زانیاری و مرۆیی کرا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ وەستاندنی توندڕەوی، وە کە سەرەڕای چارەسەری سەربازی چارەسەری سیاسیش زۆر گرنگە- کە ڕۆڵی کوردستان تیایدا تەواو دەبێت بەرچاو بێت.

ئەوەی شایانی باسە کە میانڕەوی و وەستانەوەی گەل و حکومەتی کوردستان بەرامبەر بەم گروپە توندڕەوە، مایەی سەرنج و پشتگیری کەسانی ئەکادیمی و نوێخوازو خوێندکارانە، کە چۆن بە بەراورد بە ووڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان کورد هەوڵ و هیوای بۆ پێکەوەنانی ناوەندێکی میانڕەو، هەرێمێکی ئاشتیخواز وە پێشکەوتوو خستووەتە کار.

nb_hangarprotocol__2014_11_12_h18m53s10__MZ__2014_11_14_h19m18s29__SF

هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریا پرۆتۆكۆلێكی لێكگه‌یشتن ئیمزا ده‌كه‌ن

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌‌ به‌ڕێز د. ئێستیڤان میكۆلا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ و بازرگانیی هه‌نگاری و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری به‌رگری، ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئاسایشی وزه‌ و باڵیۆزی هه‌نگاریا له‌ به‌غدا و كونسلی گشتیی هه‌نگاریا له‌ هه‌ولێر، پێكهاتبوو.

شانده‌كه‌ خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی كوردستان و به‌شداریكردنیان له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كونسلخانه‌ی گشتیی‌ هه‌نگاریا له‌ هه‌ولێر ده‌ربڕی و، ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ توانیویه‌تی زۆر پێشكه‌وتنی به‌رچاو له‌ هه‌موو بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنی وڵاتدا به‌ ده‌ست بێنێت. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشییان له‌ خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد كه‌ توانیویانه‌ ڕووبه‌ڕووی تیرۆر ببنه‌وه‌ و به‌سه‌ر تیرۆرستاندا سه‌ربكه‌ون و ببنه‌ هێڵی یه‌كه‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر. جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك چۆن هه‌نگاریا هاوكاریی هه‌رێمی كردووه‌، له‌مه‌ودواش له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌رده‌وام ده‌بێت.

په‌یوه‌ندیی دووقۆڵیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریا و چۆنیه‌تیی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌كانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و وزه‌ و سیاسی و دیپلۆماسیدا، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو. هه‌روه‌ها باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ كرا.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسی سه‌ردانی شانده‌كه‌ و هاوكارییه‌كانی هه‌نگاریای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و، ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی لێكردن بۆ كردنه‌وه‌ی كونسلخانه‌ی گشتیی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی كونسلخانه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریا ده‌توانن له‌ زۆر بواردا هاوكار بن و هه‌رچه‌نده‌ ئێستا شه‌ڕی تیرۆر هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ داهاتوودا ده‌رفه‌تی زۆری ئه‌نجامدانی كار و پرۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا، به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌تی عیراقدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و سه‌ردانی چاوه‌ڕوانكراوی به‌ڕێز وه‌زیری نه‌وتی عیراق بۆ هه‌ولێر  باس كرا، به‌و هیوایه‌ی كه‌ ببێته‌ زه‌مینه‌خۆشكه‌رێك بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنی گفوگۆكان. هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌ی شاندی هه‌نگاریدا، پرۆتۆكۆلێكی لێكگه‌یشتن له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریادا بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ بواره‌ جیاكانی كولتوری، شوێنه‌وار، بازرگانی و چه‌ندین بواری دیكه‌دا، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و سه‌رۆكی شانده‌كه‌دا ئیمزا كرا.

1545568_797938480264133_3428732549669112416_n

سەردانی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا-پشتگیری و هاوکاریی مرۆیی

ئەمڕۆ ڕێکەوتی 12/11/2014، دابان شەدەڵە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئامادەی دانیشتنی تایبەتی کۆمیسێۆنی پێکەوەژیان و پشتگیری نێودەوڵەتی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا لە ئیسپانیا بوو، بۆ ئاگادارکردنەوەی ووردی پەرلەمانی ئەو هەرێمە لەسەر دۆخی کوردستان بە گشتی و بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی و هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان.

 ئەوەی شایانی باسە کە پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا لە ئیسپانیا لە ڕێکەوتی 13/10/2014 بەیاننامەیەکی فەرمی دەرکرد بۆ پشتگیری گەلی کورد لە بەرەنگاربووەنەوە بەرامبەر گروپی توندڕەوی داعش.

سەرەڕای چاوپێکەوتن لەگەڵ، ئەلبێرتۆ کەتەلان، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی ناڤارا، لەچوارچێوەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا زانیار ووردو ڕاستەوخۆ لەسەر بارودۆخی گشتی کوردستان و عێراق پێشکەش بە پەرلەمانتارانی ئەو کۆمیسێۆنە تایبەتە کرا. بابەتی هێرشەکانی داعش ڕووەو کوردستان، ئاوارەبوونی برا کریستیانەکان و کوردانی یەزیدی و بە تاڵانبردنی سەرو ماڵیان باسکرا، کە چۆن بە بەپێی پەیڕەوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدەوەو پێویستی بە بەئاگابوون و پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، ئەمەش سەرەڕای باسکردنی بارودۆخی مرۆیی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان- کە بابەتێکی مرۆیی نێودەوڵەتیە.

باس لەوە کرا کە سەرەڕای ئەستەنگە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، کوردستان لە ماوەی تەمەنی ئەزموونەکەیدا نمونەیەکی جوان و دروستی  ئاشتی و پێکەوەژیانی پێشکەشکردووە لە ناوچەکەدا. هەرێمێک کە وێنەی گەشەکردنی دیموکراسی و ئازادی بۆ هەموو ناوچەکە لە خۆدەگرێت، کە ئەمەش پێویستی بە پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ گەشەکردنی زیاتر و برەودان بە ئاشتی و دیموکراسی لە ناوچەکەو جیهاندا. هەروەها داواکرا کە چەند پەرلەمانتارێکی ئەم کۆمیسێۆنە پێویستە سەردانی کوردستان بکەن بۆ بە ئاگابوون و بینینی دۆخەکە بە چاوی خۆیان.

پەرلەمانتارانی تایبەتی ئەم کۆمیسێۆنە خۆشحاڵبوون بە بیستنی ڕاستەوخۆی زانیاریەکان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای  دوپاتکردنەوەی پشتگیری و سوپاسی ڕاستەوخۆی گەلی کوردستان، بە ووردتر بابەتی پشتگیریکردنی دۆزی کورد و خۆڕاگری و هاوکاریی مرۆیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکەیان باس دەکەن.

سەرەڕای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، باس لەوە کرا کە ناردنی 300 ڕاهێنەری ئیسپانی بۆ عێراق، پێویستە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، هەروەک چۆن ووڵاتەکانی تری ناتۆ بەپێی پێگەی خۆیان هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن. وە گرنگە کە ئیسپانیا ڕۆڵی زیاتر ببینێت وە بابەتی گەلی کوردستان لە ناوچەکەدا جیاوازە لە بابەتە ناوخۆییەکانی ئیسپانیا خۆی، وە پێویست بە هیچ هەستیاریەک ناکات لەم ڕووەوە. دواجار نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا-نوێنەرایەتی گەلێکە کە بە درێژایی مێژوو چەوسێندراوەتەوە و چوارچێوەی مێژوویەکان جیاوازن لەوەی کە لە ئەوروپاو ئیسپانیادا بوونی هەیە، وە ئێمە پەیوەندیمان بە بابەتی ناوخۆیی ئیسپانیاوە نیە.

nb_qubad_pc__2014_11_10_h23m51s53__MZ__2014_11_12_h10m29s19__SF

نێچیرڤان بارزانی: کۆنترۆڵى نەوتی کوردستان ڕادەستی سۆمۆ ناکەین

دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014ى لیژنه‌ى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕاگەیاند، هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی خۆی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ ناکات. ئاماژەیشی بەوە دا کە حکوومەتی عێراق بەبێ هەرێم ناتوانێ نەوتی کەرکووک هەناردە بکات. هه‌روه‌ها گوتى: هیوادارین کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن، بەڵام لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش، حکوومەتی هەرێم چارەسەری دیکەی هەیە. جه‌خیشى کردەوە، کە بازرگانیکردن لەگەڵ داعش خیانەتی نیشتمانییە.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند  کاتێک حکوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئێمە هیچ نەوتێکمان هەناردە نەکردبوو، ئەوان تاکلایەنانە بڕیاری خۆیان دا. ڕایشیگەیاند هەرێمی کوردستان دەبێ میکانیزمێک دابڕێژێت کە ئەو دۆخە جارێکی دیكه‌ دووپات نەبێتەوە. دووپاتیشى کردەوە هەرێم بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵی نەوتی هەرێم ناداتە دەست سۆمۆوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا لە مانگی یەکەوە کە مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەهاتووە، هەتا ئێستا بەو سیاسەتەی  داماناوە، هەتا ڕادەیەکی زۆر مووچەی فەرمانبەرانمان دابین کردووە. هیوایشی خواست، لە ماوەیەکی کورتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا بکات کە مەسەلەی پێدانی مووچە نەبێتە هەواڵی ڕاگەیاندنەکان، دڵنیایی خۆیشی ڕاگەیاند، کە حکوومەتی هەرێم بەو ئاستە دەگات.

لە لایەکی دیکەشەوە جێگری سەرۆک وه‌زیران به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمه‌ریکا و بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی ئەو دۆخەن و، گوشارێکی زۆریش بۆ حکوومەتی عێراق دەهێنن، بۆ ئەوەی پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا بە هەرێمی کوردستانیان داوە. به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی گوتیشی بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە پەیوەندیداین و، نیگەرانیى خۆیشمان بە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕاگەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگەیاند: ئەولەویەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چارەسەرێک لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە، ئێمەیش پێمان وایە باشترین چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ بەغدا ڕێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لەو دۆخە بدۆزینەوە. ئه‌وه‌یشى نەشاردەوە كه‌ ئەگەر لەگەڵ بەغدا ڕێک نەکەوتین، ئەوە مانای ئەوە نییە چارەسەرێکی دیکە نەبێت، بێگومان ڕێگەچارەی دیکەیش هەیە، بەڵام ئەولەویەتی هەرێم  ئێستا ئەوەیە، لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێکی هاوبەش.

هه‌روه‌ها گوتى: هیوادار بووین له‌ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و وەزیر ه‌ نوێیه‌که‌ی نه‌وت، سیاسەتێکی نوێ و بەرچاوڕوونییەکی نوێتریان لە بەغدا بۆ چارەسەركردنی کێشەکان هه‌بێت، ئێستایش ئەو هیوایەمان هەیە کێشەکان چارەسەر بن. ئاشکرایشی کرد كه‌ بڕیار وایە به‌ڕێز وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێم بکات و گوتی: چاوەڕێی ئەو دیدارە دەکەین و دوای ئەوە بڕیار لەسەر کاتی چوون بۆ بەغدا دەدەین.

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ کە هەرێمی کوردستان هەتا کۆتاییی 2015 دەتوانێ بەشە بودجەی 17%ی ڕاسته‌قینه‌ى خۆی پڕ بکاتەوە و ڕایگەیاند، بەغدا سه‌روه‌رى لە بەشە بودجەی هەرێم جیا دەکاته‌وه‌، دوای ئەوەیش تێچووەکانی حاکیمەیش جیا ده‌كاته‌وه‌، ئینجا بودجه‌ى هەرێم دادەنێت، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە هەرێم بەشێکە لە سه‌روه‌ریى عێراق و، پێشمەرگەی هەرێم بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.

به‌ڕێز سەرۆک وەزیران گوتیشی: ئەمڕۆ پێشمەرگە لە هەندێک شوێن ماوەتەوە، کە ئەگەر بۆ پاراستنی خاکی هەرێم بێت، پێویست ناکات لەو شوێنانە بمێننەوە، بەڵام بەوانەیشەوە پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق حیسابی بۆ نەکراوە. ئاماژەی بەوەش دا کە تا مانگی سێی 2015، هەرێم دەتوانێ ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم ده‌هات، کە لە 11% تێناپەڕێت، له‌ ڕێگه‌ى فرشتنى نه‌وته‌وه‌ پڕ بکاتەوە.

سەبارەت بە دیدارى ئه‌مڕۆى به‌ڕێز پارێزگای کەركووكیش له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، ڕایگەیاند ئەوان بەردەوام پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. گوتیشی: به‌ڕێز پارێزگاری کەركووك سەردانی تورکیا دەکات  و، بەر لە چوونی بۆ تورکیا هاتبووە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئێمە بکات و، تێبینییەکانی ئێمە وەربگرێت.

سەبارەت بە ده‌نگۆى بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “بازرگانیکردن لەگەڵ داعش بە خیانەتی نیشتمانی دەزانین”. لەگەڵ ئەوەش ڕایگەیاند، لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی هەندێک ناو دەکرێت، بەڵام تاکوو ئێستا یەکلا نەبوونەتەوە. هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر به‌ جددى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ڕاده‌وستێت و ده‌بێ تاوانبارن جا هه‌ر كێ بن، به‌ سزاى یاساییى خۆیان بگه‌ن.

ده‌رباره‌ى ئەو فڕۆکەیەش كه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو لە سلێمانی مۆڵەتی نیشتنەوەی پێنەدرا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەر فڕۆکەیەک  بۆ هەولێر و سلێمانی دێت، دەبێت مۆڵەتی نیشتنەوەی لە بەغدا پێبدرێت، بەڵام ئەو فڕۆکەیە مۆڵه‌تی نەبووە، هەر بۆیەیش لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕێگه‌ى نیشتنەوەی پێنەدراوە و، دوای ئەوە فڕۆکەکە چووەتە بەغدا و ئاگادار نین لە بەغدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. له‌سه‌ر بە نرخی بەنزینیش ڕایگەیاند، خوازیارى ئه‌وه‌ین كه‌ نرخه‌كه‌ى كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا و له‌م بارودۆخه‌دا حکوومەتی هەرێم ناتوانێ نرخی بەنزین کەم بکاتەوە.

هاوکات به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانى هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوه‌ قه‌رز وه‌رگرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌ یاسایه‌كى ناردووه‌ته‌ په‌رله‌مان و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە. ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەو یاسایە، حکوومەتی هەرێم دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا داوای قەرزی نێودەوڵەتی بكات. ئاشکرایشی کرد، لەگەڵ شاندێکی حکوومەت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ردانى ئیمارات و بەریتانیاى كردووه‌، بۆ ئەوەی لە هەندێک بانکی نێودەوڵەتی داوای قەرز بكه‌ن، تا ئەو پارەیە ببێته‌ داهاتێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی، ئەوان قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەران وەرناگرن، بەڵکوو بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژی بەکاری دەهێنن.

nb_speech__2014_11_02_h20m20s37__MZZ__2014_11_02_h23m27s36__SF

وتارى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ڕێوڕه‌سمى ناساندنى فه‌رمى قه‌ڵاى هه‌ولێر وه‌ك شوێنه‌وارێكى جیهانى له‌ لایه‌ن ڕێكخراوى یوونسكۆه‌وه‌


میوانه‌ ئازیزه‌کان،

ئێواره‌تان باش و هه‌موو‌ لایه‌کتان زۆر به‌ خێر بێن‌..

خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌رم که‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێز، له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا پێکه‌وه‌ ده‌بینه‌ شاهیدی سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی کوردستان، شاهیدی هه‌ڵنانی هه‌نگاوێکی دیکه‌ی گه‌وره‌ و گرنگی کوردستان به‌ره‌و جیهان، که‌ ناساندنی قه‌ڵای مێژوویی و دێرینی هه‌ولێره‌ وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی و به‌شێک له‌ که‌له‌پووری مێژوویی و که‌لتووریی مرۆڤایه‌تی و دونیا.

ناساندن و جێگیربوونی ناوی قه‌ڵای هه‌ولێر له‌ لیستی جیهانیی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کانی دنیادا، سه‌ربه‌رزی و شانازییه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌ولێر و کوردستان و هه‌موو عیراق، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ڕووداوێکی گرنگ و پڕ به‌هایه‌.

قه‌ڵای هه‌ولێر، ئه‌و شوێنه‌یه به‌ درێژاییی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زارى ساڵی ته‌مه‌نی، ڕه‌گه‌کانی له‌ قووڵاییی مێژوودا داکوتاوه‌، ده‌یان شارستانی و ده‌سه‌ڵاتی جیاجیای ئیمپراتۆر و شا و سه‌رکرده‌کانی جیهان و ناوچه‌که‌ی به‌ڕێ کردووه‌ و، له‌ هه‌موو چاخ و سه‌رده‌مێکدا هه‌میشه‌ بۆ پاراستنی هه‌ولێر و خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ک قه‌ڵغانێک بووه‌‌. هه‌ره‌ ترسناکترین هێز و سوپای داگیرکه‌رانی تێک شکاندووه‌ و، خۆی وه‌ک هه‌میشه‌ سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز له‌ ناوجه‌رگه‌ی ئەم شارە خۆشەویستەدا ماوه‌ته‌وه‌.

له‌ مێژووی نزیکیشدا قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌یان که‌سایه‌تیی ناودار و لێهاتووی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا بۆ کوردستان پێگه‌یاندووه‌ و، شێوازی ژیان و که‌لتوور و که‌له‌پووری قه‌ڵا، بۆته‌ به‌شێکی دیار و سه‌ره‌کیی پێکهاته‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی هه‌ولێر، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ که‌ قه‌ڵای هه‌ولێر، یان وه‌ک هه‌ولێرییان پێی ده‌ڵێن “قه‌راتی هه‌ولێرێ” له‌ سه‌دان شیعر و گۆرانی و، له‌ ئه‌ده‌بیاتی کوردیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کی دیار و به‌رچاوی هه‌بێت. بۆیه‌ مافی هه‌ولێر و هه‌ولێرییان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانه‌ که‌ ئه‌مڕۆ شانازی به‌م ده‌ستکه‌وته‌وه‌‌ بکه‌ن و سه‌ربڵند بن به‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌چێته‌ ڕیزی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی جیهانی و ده‌بێته‌ موڵکی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی.

هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ له‌ دڵه‌وه‌ سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشیی خۆم و حکوومه‌ت و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌ش بکه‌م بۆ ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، کۆمیسیۆنی باڵای نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر و به‌تایبه‌تى سه‌رۆکی کۆمسیۆنه‌که‌ به‌ڕێز کاک “دارا یه‌عقووبی” و هاوکارانی، که‌ له‌ پرۆسه‌ی ناساندنی قه‌ڵادا وه‌ک شوێنه‌وارێکی جیهانی زۆر ماندوو بوون. بۆ ده‌سته‌ی شوێنه‌واره‌کانی عیراق، نێرده‌ى هه‌میشه‌ییى عیراق له‌ یوونسکۆ، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵادا به‌شدارن و بەتایبەتی سوپاسی پارێزگاری خۆشەویستی هه‌ولێر و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان و ئه‌و وڵاتانه‌ش دەکەم، که‌ ده‌نگیان بۆ قه‌ڵای هه‌ولێر دا، تاکوو بچێته‌ لیستی شوێنه‌وارى‌ جیهانییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌م بۆنەیەدا ڕێگەم بدەن بە ناوی خەڵکی کوردستان، بە ناوی خەڵکی هەولێرەوە به‌خێرهاتنێکی گه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێکخراوی یوونسکۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان خاتوو “ئیرینا باکۆڤا” بکه‌م، که‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ئاماده‌یه‌ و له‌م که‌یسه‌دا هاوکارییه‌کی زۆری کردووه‌. سوپاسی ده‌که‌ین و زۆر به‌ خێر بێن بۆ کوردستان و بۆ عیراق.

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،

ڕاسته‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ ڕێوڕه‌سمێکی که‌‌لتووریی گرنگداین و سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی کوردستان پیرۆز ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌ ڕۆژێکی ئاوادا ناکرێت باس له بارودۆخی وڵات و ناوچه‌که‌ نه‌که‌ین، که‌ به‌ره‌نگاری تیرۆرێکی دڕنده‌ی تاریک‌ و ڕه‌وشێکی سه‌خت بۆته‌وه‌. ڕه‌وش و بارودۆخێکی وا که‌ کوردستان بۆته‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی هاوپه‌یمانیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی تیرۆر و، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان ئێستا له‌ جیاتی هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، به‌رگری له‌ خاک و خه‌ڵکی کوردستان و جیهان و له‌ نرخ و به‌هاکانی دنیای ئازاد ده‌که‌ن و، ڕۆژانه‌ له‌و پێناوه‌دا شه‌هید و بریندار ده‌بن.‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خوشک و براکانیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، پێکه‌وه‌ تێده‌کۆشن و به‌رگری ده‌که‌ن. سڵاو و ڕێزمان بۆ هەموو ئەو قارەمانانە کە ئەمڕۆ لە بەرەکانی شەڕدا بۆ بەرگری لە وڵات و خاک و نیشتیماند، شەونخوونی دەکەن.

له‌م بارودۆخه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی نیشتمانیی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی کوردستاندا، که‌ وه‌ک هه‌میشه‌ مه‌رجی یه‌که‌می هه‌موو سه‌رکه‌وتنێکمانه‌، پشتگیری و هاوکاریی دۆستانمان له‌ جیهان و ناوچه‌که‌ش، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه،‌ که‌ به‌رگرییه‌کی نه‌به‌ردانه‌ ده‌کات و به‌ ڕۆحییه‌تى “یان کوردستان یان نه‌مان” له‌ سه‌نگه‌ردایه‌، ده‌ستپێشخه‌ری بخاته‌وه‌ ده‌ستی خۆی و ڕۆژانه‌ له‌ پێشڕه‌ویدا بێت و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ شکست به‌ تیرۆریستان بێنێت.

بۆ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر و شکستی زیاتری تیرۆریستانیش، پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌ چه‌کی قورس و ڕاهێنان و هاوکاریی زیاتری دۆستان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ گشتی هه‌یه‌. هه‌ر لێره‌وه‌ دووباره‌ سوپاسی هاوپه‌یمانان و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ ده‌که‌ین که‌ له‌ ڕووی سه‌ربازی و مرۆییه‌وه‌ پشتگیری و هاوکارییان کردووین و بە دڵنیاییەوە چاوه‌ڕێی هاوکاریی زیاتریان لێ ده‌که‌ین.

لایه‌نێکی دیکه‌ی سه‌ختیی بارودۆخه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ حکوومه‌تی فیدرالی عیراق بودجه‌ و مووچه‌ی کارمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستانی بڕیوه‌ و له‌ سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ی دۆڕاودا، قووتی خه‌ڵکی کوردستانی کردووه‌ته‌ کارتێکی فشار، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناکۆکی و کێشه‌ سیاسییه‌کاندا له‌ دژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ کاری بهێنێت، ئه‌مه‌ش به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی فرۆشتووه‌! که‌ له‌ هه‌موو ڕاستییه‌که‌وه‌ دووره‌ و دواى بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، ئینجا حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى به‌ فرۆشتنى نه‌وت کردووه‌.

به‌ڵام خۆڕاگریی هاووڵاتیانی کوردستان و به‌رگه‌گرتنی بێ بودجه‌یی و بێ مووچه‌یی، شکستی به‌ سیاسه‌تی ئه‌وانه‌ هێنا که‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ و مامه‌ڵه‌ و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانیان، هه‌موو عیراقیان تووشی کاره‌ساتێکی سیاسی و ئه‌منی و سه‌ربازی کرد.

لێره‌وه‌ پڕ به‌ دڵ سوپاس و پێزانین بۆ هاووڵاتیان و کارمه‌ندان و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان دووپات ده‌کەمه‌وه‌ که‌ به‌رگه‌یان گرتووه‌ و ده‌گرن، سوپاسی خاوه‌نکار و کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ران ده‌که‌ین، که‌ وێڕای نه‌بوونی بودجه‌ش ده‌ستیان له‌ کار هه‌ڵنه‌گرت و له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و ئه‌نجامدانى کار و پرۆژه‌کان به‌رده‌وام بوون.

هه‌ر لێره‌وه‌ دەمەوێ به‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بڵێم: دوای هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی دارایی بەردەوام دەبێت وهیوادارە له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌و قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر ببێت. هه‌روه‌ها دووباره‌ هه‌موو کارمه‌ندان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هیچ مووچه‌یه‌کیان نافه‌وتێت و هه‌مووان ته‌واوی مووچه‌کانیان وه‌رده‌گرن.

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،

وه‌ک چۆن له‌ هه‌رێمی کوردستان، یه‌کێتی و یه‌کڕیزیمان پاراست و هه‌موومان پێکه‌وه‌ حکوومه‌تمان پێکهێنا، زۆر پێداگیریمان له‌وه‌ کرد که‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌مووان پێکه‌وه‌ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقی فیدرالدا بکه‌ین. دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌کان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتن له‌ واقیعى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکات.

ئێمه‌ ئه‌م به‌شدارییه‌ له‌ حکوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا به‌ ده‌رفه‌تێک ده‌بینین بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بێته‌ پێشه‌وه‌ و، بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێک که‌ سوودی بۆ ته‌واوی عیراق هه‌بێت و له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موولایەکدا بێت. عیراقێک که‌ بتوانێت سوود له‌ هه‌ڵه‌کانی پێشوو وه‌ربگرێت و به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بکات که‌ وڵات له‌و کاره‌ساته‌ی تێیکه‌وتووه‌، ڕزگار ببێت.

لێرەوە دووباره‌ به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌کتان ده‌که‌م، پڕ به‌ دڵ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵکی کوردستان و شاری خۆشەویستی هه‌ولێر ده‌که‌م که‌ قه‌ڵاکه‌ی ئیتر ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ که‌لتووری مرۆڤایه‌تی و موڵکی هه‌موو جیهان. دڵنیام که‌ ئاسۆ ڕووناکه‌ و سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌ڕێوه‌یه‌. ئێواره‌یه‌کی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌ک، بە خێر بێن بەسەرچاو.

زۆر سوپاس

_88Y9064

دانیشتن لەگەڵ کۆمیتەی مافی مرۆڤ، یەکسانی و بەشداریی گشتی پەرلەمانی هەرێمی باسک

ڕێکەوتی 22/10/2014 دابان شەدەڵە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە دانیشتنێکی تایبەتی کۆمیتەی مافی مرۆڤ، یەکسانی و بەشداریی گشتی پەرلەمانی هەرێمی باسک، سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت ڕەوشی مرۆیی، هەستا بە پێشکەشکردنی روونکردنەوەی وێنەیی و دەنگی تایبەت بەم بابەتە بۆ پەرلەمانتاران، هەروەها وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتارانی ئەو کۆمیتەیە لەسەر بابەتەکە.

پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتە سیاسیەکان و پەرلەمانی هەرێمی باسک دا، پەرلەمانی هەرێمەکە بە کۆی دەنگ بەیاننامەیەکی فەرمیان لەسەر دۆزی کورد  ڕاگەیاند، کە لە یەکێک لە خاڵەکاندا، پەرلەمانی هەرێمەکە داوای بە ئەرێنی وەڵامدانەوەی بابەتی هاوکاریی هەرێمی کورستان دەکات، لە لایەن حکومەتی هەرێمی باسک ەوە.

لە ژێر هەڕەشەی هێرشی دڕندانەی ڕێکخراوی توندڕەویی داعشدا کە میلەتی کوردیان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا کردووەتە ئامانج، ئەمڕۆ لە ڕوماڵێکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی گشتی و بەتایبەت مرۆیی، نوێنەری حکومەتی هەرێم هەستا بە ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکە بە ووردی، سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەسەندن و بەرفراوانبوونی ڕێکخراویی توندڕەوی داعش، کە ئەم ڕێکخراوە بوون بە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر پێکەوەژیان هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە ناوبردنی کەمە نەتەوایەتیەکان، وەک کریستیان و کوردانی یەزیدی، وە دواتر کە چۆن نمونەی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارەکان باسکرا، کە سەرەڕای قورسایی باری شەڕ و بودجە، ئەوپەڕی هەوڵ دراوە تاوەکو  ڕەوشی مرۆییان چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەمە بابەتێکە کە هێندە ئاسان نیەو، نازانرێت چەند دەخایەنێت، بۆیە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە کە بە دەنگی ئەم بابەتەوە بچێت.

وەڵامی ئەم کۆمیسێۆنە، کە پێنج گروپی پەرلەمانی لە خۆدەگرێت: EA-NV (ناسێۆنالیستەکانی هەرێمی باسک)، EH Bildu، SV-ES(سۆسیالیستەکانی باسک) ، PP-ETP(گروپی پۆپیولاری باسک) ، وە Mixto-UpyD، وە حکومەتی هەرێمی باسک ئەرێنی دەبێت بۆ هاوکاریکردنی گەلی کوردستان و لە هەنگاوی داهاتوودا شێوازی ڕێکخستنی هاوکاریەکان دەخرێتە ژێر باس و جێبەجێکردنەوە.

پەرلەمانتارانی ئەم کۆمیتەیە بە ووردی چاودێری بارودۆخی کوردستانیان کردووە لە ڕابردووداو، هەندێکیان سەردانیان ئەنجامداوە ، سەرەڕای دەربڕینی هاوسۆزیی بۆ نمونەی پێکەوەژیان و سوپاسکردنی هێزی پێشمەرگەو بەرگری گەلی کوردستان بەبێ جیاوازی لەو ناوچە پڕ کێشەیەدا، ئەگەری هاوکاریی بۆ ڕۆژئاواش بە جیا لە چوارچێوەی ڕێگا نێودەوڵەتیەکانەوە، بە ئەرکێکی خۆیانی دەزانن کە پێشکەش بە گەلی کوردستانی بکەن.

nb_pm_spain__2014_10_16_h18m30s44__MZ

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى ئیسپانیا له‌ عیراق ده‌كات


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز خۆسێ مارییا فێررێ باڵیۆزى ئیسپانیا له‌ عیراق كرد كه‌ جارى یه‌كه‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

له‌ دیدارێكدا ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و بارودۆخى ئه‌منى له‌ به‌غدا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى وڵات و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆرستانى داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى تاوتوێ كرا و، به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانى نیگه‌رانیى خۆى له‌ پێشهات و نائارامییه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ وێڕاى خراپیى ڕه‌وشى ئه‌منى و نائارامى له‌ زۆر شوێنى عیراق، كه‌چى ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى دوایى كه‌ له‌ هه‌ولێر بووه‌، بارودۆخێكى ته‌واو جیاواز و ئارامى و ئاسایش و سه‌قامگیرى بینیوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا دروستبوونى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى تیرۆر و ڕۆڵى ئیسپانیا له‌و هاوپه‌یمانییه‌دا باس كرا و، تیشك خرایه‌ سه‌ر گرنگیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانى ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى دانیشتنێكى تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ساز ده‌كات و پشتگریى ئیسپانیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌ جه‌نگى دژى تیرۆردا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌ سیاسى و ئابوورییه‌كان كرده‌وه‌ و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ل ئیسپانیا ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها هیواى خواست ئیسپانیا ڕۆڵى خۆى له‌ جه‌نگى دژى تیرۆردا بگێڕێت و له‌ پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیشدا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات. به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانیش جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانى و سیاسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن و كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانى ئیسپانیا هان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو بكه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان و كارى تیادا بكه‌ن.

پرسى به‌شداریكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا و گرنگیى ئه‌و به‌شداریكردنه‌ بۆ پرۆسه‌ى سیاسى و ئێستا و داهاتووى عیراق، به‌شێكى دیكه‌ى گفتوگۆى هه‌ردوولا بوو.