Italy_FM_visit__2014_12_24_h19m19s35__SF

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا ستایشى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

ێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی دیسەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوزای لە بەڕێز “پاولۆ جێنتیلۆنی” وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنان؛ تیشكی خستە سەر دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووپات كردەوە كە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە، بە تایبەت تیشكى خسته‌ سه‌ر كاریگەریی هێرشە ئاسمانییەكان له‌ گۆڕێنی باڵانسی شەڕ و ئاماژەی بە قوربانییەكانی پێشمەرگە و بەرگریی قارەمانانەیان له‌ بەرنگاربوونەوەی تیرۆردا، كرد.

هەروەها باسی لە ڕەوش و پێویستییه‌كانی ئاوارە و پەنابەران كرد و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتنی هاوكاریی بەپەلە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانه‌وه‌ كردەوە، بە تایبەت كە وەرزی سەرما و سۆڵە و زستان گەیشت و ئاواره‌كان لە بارودۆخ و ڕەوشێكی نالەباردان و ئەوپەڕی پێویستییان بە هاوكاریی بەپەلە هەیە. سوپاسی سەرۆك وەزیران و سەرۆك ئەركانی سوپای ئیتالیایشی كرد كە لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانه‌ بوون دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمى كوردستان؛ سەردانی هه‌ولێریان كرد، هه‌روه‌ها  سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا نارد.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستییان بە هاوكاریی ئیتالیا هه‌یه‌ بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەورووپا هان بدەن تا لە پرسی ناساندنی كارەساتی ئێزدییەكان بە جینۆساید لە ئاستی جیهاندا؛ هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراقیش باسی لە دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و هیوای خواست ڕێككەوتنه‌كە ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمایەكی واقعبینانە و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ به‌ڕێز سەرۆك وەزیران و حكوومەتی نوێی عێراق دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە بەڕێز پاولۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوی ئیتالیا وێڕای پێشكەشكردنی پیرۆزبایی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری؛ باسی لە ڕۆڵی دیاری كورد له‌ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا كرد و بە ڕۆڵێكی زۆر گرنگی لە قەڵەم دا، هه‌روه‌ها دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینى بۆ ڕۆڵی پێشەرگە و خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك ئامادەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستانە و پێشتریش هاوكاریی سەربازی و مرۆییان پێشكەش كردووە و چەند تیمێكیان مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە پێشمەرگە ده‌كه‌ن و ئەو تیمانە لە ڕۆژانی داهاتوودا فراوانتر دەكرێن. دووپاتیشی كردەوە كە ئیتالیا هەم لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و هەم بە شێوەیەكى ڕاستەوخۆش، هاوكاریی هەرێم دەكات.

به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتالیا باسی لەوەش كرد كە دوای ڕزگاركردنی شوێنەكان، ئیتالیا دەتوانێت لە بواری ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەدا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات و لەم بوارەشدا خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەندن. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی به‌ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتالیا دەربڕی و هیوای خواست ئەو نووسینگە دیپلۆماسیەی له‌ هه‌ولێر هه‌یانه،‌ لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا ببێتە كونسوڵخانە و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی ئیتالیا بڕیاری له‌سه‌ر داوە. سەرسامی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئارامی و پێشكەوتوویی شاری هەولێر نیشان دا و بە شارێكی مۆدێرن و ئارام و سەقامگیری لەقەڵەم دا.

دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ هەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕێكخرا و سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتى:

ئێوارەتان باش، بەخێر بێن..
خۆشحاڵین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دەكەین كە ئەمڕۆ سه‌ردانى كردووین، هەروەك دەزانن به‌ڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا خۆی لە كەسانی یەكەم بووە كە دوای ئەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەرەو كوردستان هاتن، هات سەردانی هەولێری كرد و دواتر سوپاسالاری ئیتالیاش سەردانی ئێمەی كرد و ئیتالیا وەك بەشێك لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەی دژی تیرۆریستان دروست بوو، لە ڕووی تەقەمه‌نی و چەك و یارمەتیی مرۆیی و هاوكاریی سەربازییه‌وه‌، یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە. ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی ئەو تەوەرانە و پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و ئیتالیامان كرد، هەروەها باسی ئەو هاوكاریانەمان كرد كە ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووه‌ و دەینێرێت. هەرێمی كوردستان سوپاسگوزاری ئەو یارمەتییەیە و هیوادارین ئەو پەیوەندیانەی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەگشتی لەگەڵ ئیتالیا لە ئایندەدا زیاتریش ببێت.

دواتر وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە وتەیەكدا، پیرۆزباییی سەركەوتنی پێشمەرگەی لە سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانى شه‌نگال لە ڕووی مۆراڵه‌وه‌ كاریگەریی زۆری لەسەر ڕای گشتی دروست كرد و گرنگیی خۆی هەبوو و گوتی:
زۆر سوپاس، كۆبوونەوەیەكی زۆر گرنگ و بەسوودمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نێچیرڤان بارزانی هەبوو، من حەز دەكەم لە سەرەتادا پیرۆزبایی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بكەم بۆ ئەو دەستكەوتە سەربازیانەی لە شه‌نگال بە دەست هاتن و ئەمەش زۆر گرنگ بوو لە ڕووی مۆراڵه‌وه‌، چونكە نیگەرانییەكی زۆر لاى ڕای گشتی لەوبارەوە هەبوو و جەخت لەسەر ئەم بارودۆخە دەكرایه‌وە، بۆیە توانای پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی شه‌نگال لە ڕووی سیمبۆلى و مۆڕاڵه‌وه‌، زۆر گرنگ بوو.
هەروەها وەك سەرۆك وەزیران گوتی، ئێمە باسی هاوكاریی هاوبەشی نێوانمان كرد لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە دژی داعش پێكهاتووە، بە تایبەتی هاوكاریی سەربازی و خۆشحاڵم كە لە ڕۆژی یەكەمەوە یەكەم تیمی ئێمە لە مامۆستا و ڕاهێنەر و مەشقكارانی سەربازیی ئیتاڵی، گەیشتۆوونەتە هەرێمی كوردستان و لە ئایندەدا ژمارەیان دەگاتە 280 كەس، بەڵام ئێستا 35یان گەیشتوونەتە هەولێر بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لەسەر ئەو سیستەمەی چەكی ئیتاڵی كە بۆ ئه‌وانمان دابین كردووە.
ئێمە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی هاوكاریی مرۆییمان كرد كە ئەمەش ئەركێكی قورس و سه‌خته‌ لەسەر هەرێمی كوردستان و لە ڕووی هەبوونی په‌نابه‌ر و ئاوارەى ناوخۆوه، ‌حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستۆتە ژێر بارێكی قورسه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: ئیتالیا لەمبارەیەوە بەرنامەی خۆی هەیە و دەستپێشخەریی ئەوەی هەبوو كە 12 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریی مرۆیی دابین بكات، بەڵام ئێمە بیرمان لە دەستپێشخەریی دیكە كردۆتەوە بۆ هاوكاریی مرۆیی، بە تایبەتی كە ئێستا لە وەرزی زستانداین، بۆیە دەمانەوێ لەم ڕووەوە هاوكار بین. ئێمە هەروەها جەخت لەسەر باشتركردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولامان دەكەینەوە، جگە لە خەبات لە دژی تیرۆریستانی داعش، دەمانەوێ پەیوەندییەكانمان لە زۆر بواردا بچێتە پێشه‌وه‌، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و كولتووریەوە، چونكە دەكرێ كاری زۆر لەسەر هەردوو بوار بكرێت، كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولای تیادایە، ڕاستە ئێستا ئەو هاوكارییە هەیە و لە زۆر بواریشدا بەدی دەكرێت، هەروەها تیمی تایبەتمان لە بواری شوێنەواردا هەیە و بە ڕەچاوكردنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی لە ڕووی سەربازییەوە بە دەست هاتوون، ئەگەری هاوكاری لە زۆر بواردا زیاتر دەكات.

وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئاشكرای كرد، هه‌موو ئه‌و فڕۆكە ئیتالیانه‌ى یارمه‌تى و هاوكارى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌هێنن، پێشتر له‌ به‌غدا ده‌نیشنه‌وه‌ ئینجا دێنه‌ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عیراقه‌ و گوتى: ئێمه‌ له‌م داوایه‌ تێده‌گه‌ین. ڕوونیشى كرده‌وه‌ لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا، تێبینیی ئەوەی كرد ئەوان بەرنامەی خۆیان هەیە و بە بەیاخەوە دەڕواننە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەولێر ئیمزایان كردووە و هیوای خواست جێبەجێی بكەن.

لای خۆیەوە به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بارودۆخی دەشتی نەینەوا و ڕزگاركردنییه‌وه‌، ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ئۆپه‌راسیۆنى سەربازیش بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی مه‌سیحییه‌كان بۆ شوێنەكانی خۆیان، ڕاگرتن و پاراستنی ناوچەكە كارێكی گرنگترە و گوتی: بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مووسڵ، ئەم كارە زەحمەت دەبێت، نیگەرانیی ئێمە لە بارەی پاراستنیانە دوای گەڕانەوەیان. ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ مووسڵ كارێكی سەختە، بەڵام هاوكاریكردن بۆ گەڕانەوەی ئەم خەڵكە بۆ زێدی خۆیان لە پێشینەی كارەكانی ئێمەیە و ناشتوانین كاتەكەی دیاری بكەین.

به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەوەی خستە ڕوو كه‌ وڵاتەكەی چەكی بە هەرێمی كوردستان داوە و پێكهاتبوو لەمووشەكی RBG و دژه‌تانك، ئەمە جگە لە هەبوونی مەشقكار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لەسەر بەكارهێنانی و ئاماژەی بەوەش دا فڕۆكەكانی ئیتالیا لە بنكەی سەرەكیی خۆیانەوە لە كوێت كاری خۆیان ئەنجام دەده‌ن و جۆری فڕۆكەكانیش TORNADO و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانن كه‌ ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئیتالیاى له‌سه‌ره‌.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشكى خسته‌ سه‌ر بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو و ڕوونى كرده‌وه‌ كوردستان بە كاتێكی سەختدا تێپەڕی، لە هەمان كاتیشدا گەشبینیی خۆی بە حكوومەتی تازەی به‌ڕێز عه‌بادی نیشان دا و دووپاتی كردەوە ئێستا قۆناغێكی دیكەی پەیوەندییەكان دەست پێدەكات، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ عه‌بادی سەردانی كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستا كاتی سەردانەكە دیار نیە و گوتی : لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی كاركردنمان لەگەڵ حكوومەتی تازەی عیراقدا هەیه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هه‌روه‌ها گوتى ئێمە مانگی ڕابردوو سەردانی بەغدامان كرد و گەیشتینە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی پرسی نەوت و داهاته‌وه‌ بۆ هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی نەوتى ڕۆژانه‌ لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەگەڵ هاوكاریكردنی بەغدا بۆ هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ لە نەوتی كەركووك. هیوادارین بگەینە جێبەجێكردنی ئه‌م ڕێككەوتنە لە سەرەتای مانگی یەكی ساڵی تازە، بە هەبوونی كەشوهەوایەكی تازە و هیوادارین سوودی لێ وەربگرین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، هەروەها پێویستە بەغداش 17%ی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق بنێرێت كە تا ئێستا ئێمە 11%مان وەرگرتووە، ئەم ڕێككەوتنەش بۆ ماوەی یەك ساڵە و هیوادارم لەم كاتەدا بگەینە ڕێككەوتنی تەواو و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوكاریەك.

دوایین شت له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكدا به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا گوتى: پێزانینمان بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ كه ‌له‌ جیاتى هه‌موو جیهان له‌سه‌ر زه‌وى به‌ هاوكاریى هێزى ئاسمانیى هاوپه‌یمانان شه‌ڕى داعش ده‌كات، ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌ستى من نییه‌، هه‌ستى ڕاى گشتیى ئیتالیاش هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. به‌شداریى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانى كۆبانێشدا به‌رز ده‌نرخێنین و هاوكارییه‌كى باشه‌ بۆ ئه‌و شه‌رڤانانه‌ى له ‌وێ ده‌جه‌نگن.

Developed and maintained by:
Department of Information Technology (DIT)
Department of Media and Information (DMI)
© 2014 Kurdistan Regional Government, KRG
KRG_Logo

سەردانی هەرێمی کەتەلۆنیا

ئەمڕۆ 19/12/2014، دابان شەدەڵە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، سەردانی هەرێمی کەتەلۆنیای کرد لە ئیسپانیا. لە میانەی سەردانەکەدا، لەگەڵ  بەڕێز ژۆسێپ ڕوڵ کۆبووەوە، کە کەسی دووەمی پارتی کۆنڤێرخێنسیا-هەماهەنگیکاری گشتی پارتی  فەرمانڕەوای هەرێمی کەتەلۆنیایە. لەم چوارچێوەیەدا لە نزیکەوە باس لە ڕەوشی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی کوردستان کرا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی. ژۆسێپ ڕۆڵ سوپاسگوزاری پارتەکەی دەربڕی و بەڵێنی ئەوەی دا کە ڕۆڵی خۆیان لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەکەیان بەکاربهێنن لە پشتگیریکردنی گەلی کورد.

لە میانەی دیدارەکەدا کۆبوونەوە لەگەڵ ژۆردی سۆلێ کرا، کە سەرۆکی کۆمیسێۆنی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ کاروباری دەرەکی ، یەکێتی ئەوروپا و هاوکاریکردن. لەم چوارچێوەیەدا باس لە پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا کرا، باس لەشەڕی دژ بە تیرۆر و پشتگیری کوردستان کرا، هەروەها بابەتی سەردانیکردنی شاندی پەرلەمانی هەردوولا بۆ لای یەکتر لە داهاتوودا. هەروەها کە لە داهاتوودا هەنگاوی پەرلەمانی بەسودی گەلی کوردستان ئەنجامبدرێت.

ئەوەی شایانی باسە کە نوێنەرانی هەموو پارتە سەرەکیەکانی پەرەلەمانی هەرێمەکە ئامادە بوون.

Trade_conference_2014__2014_12_16_h22m37s57__SF

دواى ڕێککەوتنى بەغدا و هەولێر، بزاڤی بازرگانی وئابووری لەهەرێم دەستپێدەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق – کردنەوەی دەیەم پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە 9ی دیسەمبەر/کانونی یەکەم، بە بەشداری 250 کۆمپانیا لە 16 وڵاتەوە، بە وتەی بەرپرس وچاودێرانی بازرگانی وئابووری، بووە تەحەدایەکی گەورە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هەرێمی کوردستان ووەبەرهێنەرانی بیانی ودەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وسەلماندنی گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە سیاسی وئەمنییەی هەرێم پێی تێپەڕدەبێت.

دوابەدوای ئەو قەیرانە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن حکومەتی پێشووی بەغداوە سەپێندرابوو، هەروەها بەهۆی هەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چالاکیە بازرگانی وئابووریەکان سستی وهەندێک کەرت شێوەیەک لە وەستانیان بەخۆیانەوە بینی.

ساماڵ سەردار، وەزیری بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرنگی کردنەوەی خودی پیشانگاکە لەو کاتە هەستیارەدا ئەوەی خستەروو کە ” لەوانەیە بەشداریکردنی وڵات وکۆمپانیاکان لە پیشانگای هەولێری نێونەتەویی ئەم ساڵدا وەکو ساڵانی رابردوو نەبێت، بەڵام کردنەوەی خودی پیشانگاکە دەیسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان لەگەشەکردنی ئابووری وجموجۆڵی بازرگانی نەوەستاوە وبارودۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بۆ کاروباری بازرگانی زۆر لەبارە”.

وەزیری بازرگانی بەباشی زانی لەقۆناغی ئایندەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی چالاکتر کار بۆ سەرنجڕاکێشانی کۆمپانیای بیانی بکات بۆ هەرێم ودووپاتیکردەوە ئێستا بارودۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی باشتر دەچێت.

گەیشتنی هەردوو حکومەتی بەغدا وهەولێر بەڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بووە هۆی دەستپێکردنەوەی چالاکی ئابووری وبازرگانی لە هەرێم وبازاڕ بوژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی.

عەبدوڵلا ئەحمەد عەبدولڕەحیم، سەرپەرشتیاری پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، لەلێدوانێکی تایبەت بەماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رایگەیاند، “گرێدانی ئەم پیشانگایە بەو بارودۆخەی ئێستادا وبەتایبەتی دوای هەولێر وبەغدا گەیشتن بەڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بۆ هەموو لایەکی دەسەلمێنێت کوردستان دەتوانێت پێگەی ئابووری خۆی بپارێزێت ونەکەوێتە بەر کاریگەری هیچ قەیرانێک”.

عەبدوڵلا ئەحمەد عەبدولڕەحیم ئاماژەی بەوەدا، “لەماوەی دە ساڵی رابردوودا، پیشانگای هەولێر توانیویەتی ئەو متمانەیە دروستبکاک وحکومەتیش رۆڵی لە پێشخستنی هەبووە بەشێوەیەک کە ئێستا رووبەری هۆڵە داخراوەکانی پیشانگا 17000 مەتری دووجایە ورووبەری گۆڕەپانەکان نزیکەی 25000 مەتری دووجایە، وتائێستاش لەو ماوەیەدا زیاتر لە 60 پیشانگای تایبەتمەند ئەنجامدراون لەچەندین بواری گرنگ وپێویست کە کاریگەری بەسەر ژیانی هاوڵاتیاندا هەبووە”.

نوێنەر وسەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەهەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدا قەیرانی دارایی وهەڕەشەی تیرۆریستان، کاریگەری بەسەر هەبوونی لاوازی لەچالاکیەکانیاندا هەبوو وتا رادەیەکیش پلانە تازەکانیانی وەستاند، بەڵام ئەو وەستانە یەکجارەکی نەبوو بەبەڵگەی هەبوونی چەندین نمایشی کۆمپانیای گەورەی جیهانی بۆ کاڵا وبەرهەمەکانیان لەهەرێمی کوردستان.

سامان بریفکانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کۆمپانیای “ماجیک ئارت” بۆ پەخش ونمایشی میدیایی، بەسایتی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، “لەگەڵ هەبوونی شێوەیەک لە دوو دڵی لەلایەن بەشێک لەکۆمپانیاکانەوە، لەماوەی رابردوودا چەندین کۆمپانیا ومارکەی گەورە لەهەرێمی کوردستان وبەتایبەتیش لەهەولێر نمایشی گەورەیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی لاندرۆڤەر ورێنجرۆڤەر وبی ئێم دەبڵیوو کە تازەترین بەرهەمی خۆیان خستە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. هەروەها چەندین مارکەی جیهانیش لە وڵاتانی فەرەنسا وئەمەریکا وبەریتانیاش لەبازاڕ ومۆڵەکانی هەولێردا لقی خۆیان کردەوە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا “ئێستا بەتایبەتی دوای رێککەوتن بۆچارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا متمانەکە زیاتر بوو وبێگومان چالاکیەکانیش زیاتر دەبن”.

لەچوارچێوەی چالاکیەکانی پیشانگاشدا، کونسوڵگەری گشتی کۆماری چیک لەهەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێکی وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی چیک، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەدەزگاکانی راگەیاندن ئەنجامدا بۆ باسکردنی چالاکیەکانیان لەهەرێمی کوردستان.

کونسوڵی گشتی چیک لەکاتی پێشکەشکردنی وتەکەیدا

جیرۆسلاڤ رایف، کونسوڵی گشتی چیک لەهەرێمی کوردستان، لەلێدوانێکدا بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، ” کۆمپانیاکانی وڵاتەکەمان بەهاوبەشی لەگەڵ بانکی چیک چەندین چالاکی گەورەی لەهەرێمی کوردستان ئەنجامداوە بەتایبەتی لەبواری کارەبا. بەئەنجامدانی ئەم چالاکیەش ئێمە دەمانەوێ بازاڕی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەرانی ووڵاتی خۆمان وئەورووپاش بناسێنین وباس لەبارودۆخی ئەم هەرێمە بکەین ولەلایەکی دیکەشەوە پاڵپشتی خۆمان بۆ چالاکیەکانی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان دووپات بکەینەوە”.

کۆماری چیک، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بوونێکی کاریگەری لەبازاڕی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا هەیە وهەمیشە پاڵپشتی چالاکی وەبەرهێنانیان لەهەرێمی کوردستاندا کردووە.

لوبنانیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ هەبوونی کێشەکانی ماوەی رابردوودا، کار وچالاکیەکانی وەبەرهێنانی نەوەستاند وهەمیشە پشتگیری خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکردەوە.

جاک سەراف سەرۆکی گرووپی مالیای لوبنانی کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان لەچەندین کەرتدا کاردەکات بەتایبەتی لەکەرتی گەشتوگوزار، لەلێدوانێکی تایبەت بەماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە “کەرتی تایبەتی لوبنان زۆر بەگرنگیەوە سەیری کوردستان دەکات وچالاکیەکانی خۆی لەهەرێمی کوردستان رانەگرت”.

سەراف رایگەیاند، “گروپەکەی کە هەناردەکاری سەرەکی لوبنانیە بۆ هەرێم هەوڵی ئەوە دەدات بەدیلێک بۆ هێنانی کاڵاکانیان بۆ هەرێم بدۆزنەوە بەتایبەتی لەڕێگەی ئاسمانیەوە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری سنوری نێوان سوریا ولوبنان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە.”

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “لوبنان زیاتر لەبواری بانکی وئاوەدانکردنەوە وگەشتوگوزارەوە رۆڵیان لە پێشخستنی بواری وەبەرهێنان هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش جگە لە بوارەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا”.

هەر لە چوارچێوەی گەڕانەوەی چالاکی ئابووری وبەمەبەستی نزیککردنەوە وپەرەپێدانی ئالیکاری نێوان کۆمپانیاکانی بریتانی وهەرێم، گروپی بزنسی بریتانی – کوردستان، ئێوارەی 10ی دیسەمبەر/کانونی یەکەم، راگەیەندرا.

لە رێورەسمی راگەیاندنی گروپەکە، باڵیۆزی بریتانیا لە بەغدا، فرانک بەیکەر، جەختی کردە سەر گرنگی سەقامگیری وژینگەیەکی دروست بۆ ئەنجامدانی چالاکی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە رێورەسمەکەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوەدا کە، هەروەک لە رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بازاری ئازاد وئاسانکردنی هەلومەرجی وەبەرهێنانی بیانی دەکات.

دارا جەلیل خەیات: سەرەڕای گرفتەکان، هەرێمی کوردستان پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی پاراستووە

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “سەرەڕای ئەو گرفتانەی لەم دواییەدا روویاندا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی ئابووری وبازرگانی خۆی بپارێزیت. بەهۆی ئەو سەقامگیریەی لەڕووی ئاسایشەوە لەشار وشارۆچکەکانیدا هەیە توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لەعیراق وناوچەکەدا.”

لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوەدا کە هەڕەشەی تیرۆریستی وبڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی پێشووی ‌‌بەغداوە، “دوو تەحەددای زۆر سەرەکی بوون لەبەردەم هەرێمی کوردستان کە بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەرێم بیر لە پەیڕەوکردنی شێوازی دیکە وپلانی دیکە بکات بۆ پاراستنی باری ئابووری. ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەسەقامگیری ئەمنی وسیاسی وگرنگیدان بەکەرتی تایبەت”.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە پاڵپشتیکردنی حکومەت بۆ وەبەرهێنان “باشترین وەڵام بوو لەو بارودۆخەدا. هەبوونی وەبەرهێنەری خۆماڵی لە کەرتە چالاکەکان، بەڕێژەی دەتوانم بڵێم زیاتر لە 70 لەسەد وایکرد سستیێکی زۆر نەکەوێتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە وزەرەرەکە بەڕێژەیەکی گەورە نەبێت بەبەراورد لەگەڵ شوێن وناوچەکانی دیکەی عیراق”.

بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عیراق وهەرێمی کوردستان لەئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستانی رێکخراوی ناسراو بە داعش، هەروەها بەهۆی بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عیراق وپێنەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی هات کە بەهۆیەوە زۆر لەپرۆژەکان وەستان.

دارا جەلیل خەیات، رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وبەغدای بەپێشڤەچوونێکی گرنگ لەقەڵەمدا ودووپاتیکردەوە کە ئەم رێککەوتنە زەمینە خۆشدەکات بۆ بەجمووجۆلکردنەوەی چالاکی ئابووری؛ هەروەها عیراق وکوردستانیش پێگەیەکی بەهێزتریان لەبازاڕی نەوتی جیهاندا دەبێت، ئەگەرچی ئێستا نرخی نەوت دابەزیووە. گوتیشی کە “بەپێی پێشبینیەکان لەماوەی پێنج تا شەش ساڵی داهاتوودا داهاتی نەوتی عیراق رەنگە بگاتە زیاتر لە300  ملیار دۆلار.”

دارا جەلیل خەیات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە “گرنگی بەئەنجامدانی کۆمبوون ودیداری بازرگانی وئابووری بدرێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەستی باڵایان لەبواری بازرگانی ووەبەرهێناندا هەیە.” هاوکات ئاماژەی بەو رێککەوتن وکۆبوونەوانە کرد کە هەرێمی کوردستان وبێللاروسیا وهەنگاریای لەم دوواییەدا کۆکردەوە کە “بوونە دەستپێکی گرنگ بۆ هەنگاوی گرنگتر لەئایندەدا”.

دیداری ئابووری ژووری بازرگانی دوبەی

هەر لەم بارەیەوە، لقی هەولێری ژووی بازرگانی دوبەی دیدارێکی ئابووری لە 18ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو ئەنجامدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر باری ئابووری کوردستان وبەشداریکردنی وەبەرهێنانی بیانی، بەتایبەتی ئیماراتی. پارێزگاری هەولێر وسەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم وکۆنسوڵی گشتی ئیمارات وکۆنسوڵی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان ونوێنەری ژووری بازرگانی ئەڵمانیا وژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی بواری ئابووری ووەبەرهێنان ئامادەی بوون.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر گەڕانەوەی چالاکیە بازرگانیەکان کردەوە وئاماژەی بە دەوری حکومەتی هەرێم دا لە پاڵپشتیکردنی ئەم جۆرە چالاکیانە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان وبەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری هەرێم.
لەم دیدارەدا، دارا جەلیل خەیات وتی “بەگرنگدان بە بواری پیشەسازی دەکرێ خودی کوردستان وشارەکانی عیراق وووڵاتانی دەوروبەر سوود لە بەرهەمە پیشەسازیەکان وەربگرن وەکو ئاسن وچیمەنتۆ”.

لەبواری گەشتوگوزاریشیدا، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانی وپیشەسازیەکانی هەرێم ئەوەی دووپاتکردەوە، “بەسوود وەرگرتن لەم کەرتە دەکرێ ساڵانە کوردستان پێشوازی لە چوار تا پێنج ملیۆن گەشتیار بکات بەجێبەجێکردنی پرۆژەی تازە وپێشکەوتوو”.

لەلای خۆشیەوە کارمیلیۆ فیکارا، کۆنسوڵی ئیتاڵیا لەهەرێمی کوردستان، گوتی “بەهۆی ئەو بارودۆخەی عیراق وهەرێم وناوچەکە بەگشتی پێیدا تێپەڕی، دوو پیشانگای زۆر گرنگی ئیتاڵی لەهەرێمی کوردستان دواخرا بەڵام لەئایندەیەکی نزیکدا چالاکیەکانمان لەهەرێمی کوردستاندا دەستپێدەکاتەوە”. فیکارا ئەوەی دووپاتکردەوە کە کەرتی تایبەتی وڵاتەکەی بەپەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیە ئابووری وبازرگانیەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

هەر لەهەمان دیداردا، راشد ئەلمەنسوری، کۆنسوڵی گشتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە وتەیەکدا دووپاتیکردەوە “هەرێمی کوردستان شوێنێکی سەقامگیر وئارامە وخاوەنی پێگەی ئابوری خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە وڵاتەکەی بیر لە پرۆژەی گەورە وسوود بەخش دەکات کە لە کوردستان جێبەجێی بکات” .

راشد ئەلمەنسوری دووپاتیکردەوە “بوونی پێشمەرگە، باشترین زامنکاریە بۆ پێشکەوتنی بواری ئابووری لەهەرێمی کوردستان، چونکە پێشمەرگە بەپاراستنی سەقامگیری ئاسایشی ئەم هەرێمە، وڵاتانی جیهانیش هان دەدات بەوەی بێن پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجامبدەن، داواشیکرد هەرچی زووە وڵاتان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن وباشترین پرۆژەی خۆیان بهێننە کوردستان”.

nb_qubad_baghdad__2014_12_02_h22m58s43__MZ__2014_12_03_h22m1s31__SF

نێچیرڤان بارزانی: ستراتیژێكمان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان دانا وكاتی ئەوەیە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەینەوە و لە زمانی هەڕەشە دوور بكەوینەوە

دواى ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عیراق، ئێوراه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى دیسه‌مبه‌رى 2014 شاندى باڵاى حكوومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر. له‌ به‌غداش دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پاش بەكۆتاهاتنی كۆبوونەوەكان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا؛ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لە دانوستانەكاندا پێی گەیشتوون؛ خستەڕوو.

سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو و گوتی: “ئێمە لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو كە لە بەغدا بووین، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق و  وەزیری نەوت و ئەو تیمەی بۆ گفتوگۆ دایاننابوو؛ ئەنجام دا و ئەمڕۆ كۆتایی بەو سەردانەمان دێنین”.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا كۆبوونەوەكان بە چ شێوەیەك بەڕێوەچوون؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “دەمەوێ ئەوە بڵێم كە بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكان زۆر باش بەڕێوە چوون. ئێمە بینیمان كە خواستێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لای سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت و هەموو ئەو وەزیرانەی حكوومەتی بەڕێز عەبادی؛ هەیە. ئەوان دەخوازن كێشەكان بە شێوەیەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن. ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە دووپاتمان كردۆتەوە و دەمانەوێ جارێكی دیكەش دووپاتی بكەینەوە كە ئەولەویەت بۆ ئێمە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەیە لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئێمە ئەوەمان لە هەموو بژاردەكانی دیكە پێ باشتر بوو”.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەو ڕێككەوتنانەی لە كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق پێی گەیشتوون گوتی: “دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بە تاكلایەنە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی؛ ئێمە زۆر هەوڵمان دا ئەم كێشەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز عەبادی و ئەو تیمەی لە گەڵیەتی گەیشتووینەتە هەندێك ڕێككەوتن كە پێمانوایە ئەو ڕێككەوتنانە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدادایە و بە شێوەیەك كراوە كە دەتوانین بڵێن هەردوولامان بە سەركەوتوویی لەو پرۆسەیە دەرچووین”.

دەربارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەش بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی: “ڕێككەوتنەكە بەمشێوەیە دەبێت: ڕۆژانە لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین دەكەین، یارمەتییان دەدەین بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك. لەپاڵ ئەمەشدا ئەوان بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی كە 17%یە و هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئەو ڕێژەیەی دەینێرن 17% نییە و كەمترە لەو ڕێژەیە؛ ئەوە بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەبێت”.

دەربارەی پرسی پێشمەرگە و شایستەكانی كە یەكێك لەو كێشانەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ پێشمەرگە نیشان دا، بە تایبەت بۆ ئەو خەبات و قوربانیانەی كە داویەتی و ئێستاش لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە ڕازیب وون كە بڕە پارەیەك بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت كە نزیكەی 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینارە “.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوا و گوتی: “ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا؛ ڕێككەوتنی كۆتایی نییە؛ بەڵام پێمان وایە سەرەتایەكی باشە. كۆمەڵێك كێشەی دیكە ماوە كە دەبێ لەو ماوەیەدا گفتوگۆی لەسەر بكەین و بگەین بە رێككەوتن. ئەمە دەستپێكردنێكی باشە لە لایەن هەردوولاوه‌ بۆئەوەی بتوانین لە ماوەی شەش مانگ یان زیاتر؛ هەموو كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەین. دەتوانم بە شێوەیەكی گشتی بڵێم ئێمە بەم ڕێككەوتنە خۆشحاڵین و بە دەستكەوتێكی باشی دەزانین بۆ هەموو لایەك. لەچاو ئەو كێشانەی پێشتر لە هەرێمی كوردستان هەمانبووە، ئێمە قۆناغێكی باشمان بڕیوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ ئەوەی ئێمە بینیمان لە بەغدا؛ ئارەزووی به‌ڕێز سەرۆك وەزیران بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر بێینە پێش؛ چونكە وەكوو باسم كرد ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین .”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی گوایە فشاری دەرەكی، بە تایبەت ئەمه‌ریكا و لایەنەكانی دیكە لەسەر شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێككەوتن؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ئەوەی كە كردوومانە بە خواستی بەغدا و هەولێر بووە و ویستوومانە بگەینە ئەنجام و هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ڕۆڵی ئەمەریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان هاندانی هەردوو لایەنی دانوستانكار بووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و هیچ دەستوەردانێكیان لە وردەكاریی پرۆسەكە نەكردووە و هیچ فشارێكیان نەبووە و ته‌نانه‌ت لە ڕێكخستنی ئەو دانیشتنەش هیچ ڕۆڵێكان نەبووە. وەك دەزانن بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی ماوەیەك لەمەوبەر هاتە هەولێر و لەگەڵ كاك قوباد و بەندە دانیشت و لەوێ لەسەر ئەوە ڕێككەوتین ئێمە بێینە بەغدا و دەست بە گفتوگۆ بكەین”.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هێزی پێشمەرگە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە تەرخان كراوە كە ئایا لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەدرێت یان نا؛ گوتی: “ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هێزی پێشمەرگە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و دابین دەكرێت؛ لە دەرەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق دەبێت. واتە لە دەرەوەی 17%ی بەشە بودجەی هەرێم دەبێت. ئەوان ئەوەیان قبووڵ كردووە كە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عیراق. ئەمە ڕێككەوتنێكی زۆر گرنگە كە دوای 11 ساڵ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەو پێشنیارە قبووڵ كرا. ئەوان لە بودجەی بەرگریی عیراق بەشێك لە پارە بۆ پێشمەرگە دابین دەكەن.”

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە و هەردوو حكوومەتیش نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكەن و پەسەندكردنی ئەم ڕێككەوتنەش لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا دەبێت و پێموایە هەموو لایەنەكان پشتگیری لە ڕێككەوتنەكە دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی فەرمانبەران و خاوەنكار و بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچە و سولفەكانیان و گوتی: “وەك دەزانن ئێمە پێشتر سولفەیەكی پارەمان وەرگرتووە و سولفەیەكی دیكەش وەردەگرین. هیوادارین تا مانگی یەكی ساڵی داهاتوو بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی پرسی مووچە بە شێوەیەكی گشتی چارەسەر بكرێت”.

دەربارەی ناردنی نەوتی كەركووك بە ڕێگەی بۆڕیی نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “لە ڕووی عەمەلییەوە نەوتی كەركووك دەبێ لە هەرێمی كوردستانەوە دەربچێت، ئێمەش لەسەر ئەوە ڕازی بووین كە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە بۆڕیی نەوتبەری هەرێمی كوردستان دەربچێت. لەوانەیە هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە كاری تەكنیكی بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرسە، وەك دانانی بۆڕیی نەوتبەر و هیوادارین بە زووترین كات بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.”

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ناردنی نەوتی كەركووكیشی بە قازانج بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق لە قەڵەم دا و ڕەتیشی كردەوە هەرێمی كوردستان هیچ بەرامبەرێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك وەربگرێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا كار دەكات و ئەمەش دەرفەتێك دەداتە هەرێمی كوردستان هەموو كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات و بۆچوونەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت یەكبخرێن و بەبێ سترێس كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەربارەی ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ دەینێرێتە دەرەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “ئەو نەوتەی كە هەمانە دینێرینە دەرەوە؛ بەڵام پرسەكە هەر هەناردەكردنی نەوت نییە؛ بەڵكوو دەبێت هەندێكی لە ناوخۆی وڵات سوودی لێوەرگرین بۆ پاڵاوگەكان و پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە ئەمە بۆ حكوومەتی هەرێم ئەولەویەتە و ئەگەر شتێكی لێ مایەوە بینێرین بۆ دەرەوە؛ ئەوا دەینێرین.”

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ماوەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “یاسای بودجه‌ بۆ یەك ساڵە. ئێمە كە لە هەولێرەوە هاتووین ستراتیژیەتمان ئەوە نەبووە هەرچی كێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە هەمووی بە كۆبوونەوەیەك، یان دوو كۆبوونەوە چارەسەر دەكرێت؛ ئێمە پێمانوابوو لە هاتنی ئێمە بۆ بەغدا؛ دەبێت ستراتیژیەك دابنێین چۆن بتوانین كێشەكانمان چارەسەر بكەین، ئێستا ئێمە ئەو ستراتیژیەمان داناوە. ئەو ڕێككەوتنەی كە ئێستا لەگەڵ بەغدا كردوومانە؛ دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئێمە كە بتوانین لەو ماوەیەدا، جا شەش مانگە، یان ساڵێكە، هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان ئێمە و بەغدا چارەسەر نەكراون؛ چارەسەر بكرێن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە توانیمان دوو شت بچەسپێنین. یەكەمیان: هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانەیە كە لە یاسای بودجەی گشتیی عیراقدا لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دانرابوو. دووەمیش: ئێمە لەسەر هەناردەكردنی نەوت و بودجەی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە ڕێككەوتین.

ئەو شتانەی دیكەی كە ماون پرسی ماددەی 140 و وردەكارییەكانی دیكەی شایستەكانی هێزی پێشمەرگە و پرسەكانی دیكەیە و ماوە بۆ چارەسەركردنی ئەوانیش دیاری دەكرێت. تەنانەت باسی مافی هەرێمی كوردستان و شایستەكانی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی ساڵی 2014 و پێشتریش كە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە دەكرێت كە 16 ترلیۆن دینارە و لە وەزارەتی داراییی عێراق ئەو بڕە پارەیە جێگیر كراوە و قسەی لەسەر دەكرێت. ئەمانە هەموو ئەو كێشانەن كە ناتوانرێن بە كۆبوونەوەیەك هەموویان چارەسەر بكرێن و پێویستیان بە كۆبوونەوە و دانیشتنی زیاتر هەیە و بە هیوای ئەوەی بگەینە چارەسەرێك “.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ئەوەی دووپات كردەوە كە هەموو ناكۆكییەكان بە سەردانێك و چەند دانیشتنێك كۆتایی نایەن و هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا بەمەبەستی دانانی ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لەگەڵ بەغدا كراوە؛ دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگ یان ساڵێكدا، هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەربارەی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاوڵاتیانیش؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پابەندبوونی حكوومەتی بە پێدانی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاوڵاتییان دووپات كردەوە و گوتی: “هیچ سولفە و مووچەیەك نافەوتێت”.

لە وەڵامی ئه‌و پرسیاردا كە ئایا هیچ گارانتییەك هەیە جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕێت؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی: “هیچ گارەنتیەك نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕدرێت؛ بەڵام با لەیادیش نەكەین ئەگەر بودجەی ئێمەیان بڕی، خۆ كلیلی هەناردەكردنی نەوت بەدەستی ئێمەیە، بەڵام ئێمە نامانەوێت بەو زمانە قسە بكەین و هیوادارین قسەكردن بە زمانی هەڕەشە لە هەموو عێراق كۆتایی بێت. ئێمە دەمانەوێ لاپەڕەیەكی نوێ بكەینەوە و هیوادارین زمانی هەڕەشە نەمێنێت”.

دەربارەی بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ ڕزگاركردنی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی داعشدان؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “ئێستا پێشمەرگە بە درێژاییی 1100 كیلۆمەتر لە بەرگریدایە و سەرۆك وەزیرانی عیراقیش پێزانینی بۆ ئەم بەرخودانە هەبوو. ئەوەی پێشمەرگە دەیكات؛ گەورەترین هاوكارییە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان بە شێوەیەكی گشتی؛ چونكە ئێمە شەڕێكی گەورەی بەرگری لە دژی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانی دەكەین”.

سەبارەت بە پابەندبوون یان پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “ئەو ڕێككەوتنە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند كراوە و بۆتە بڕیار و حكوومەت پشتیوانیی ئەو ڕێككەوتنەی كردووە. ئێمە لە لای خۆمانەوە جێبەجێی دەكەین و لە لایەن بەغداشەوە ئەم خواستە دەبینین. ئێمە سوود لە هەموو دەرفەتێك وەردەگرین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی وەها كە خزمەتی هەرێمی كوردستان و هەموو عیراق بكات. چەندی جێبەجێ دەكرێت یان ناكرێت؛ ئەوا دواتر دەیبینین”.

nb_aibadi_baghda1__2014_11_30_h17m3s31__MZ

لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی وحەیدەر عەبادی كۆبوونەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 30ی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن بەڕێز بەها ئەلئەعرەجی جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا.

دواتر لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت لەلایەن بەڕێز د.حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا و كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز عەبادی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری نیشاندا و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان. بەڕێز عەبادی لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: “بەبڕوای من هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان بەغدا و هەولێردا نییە كە چارەسەر نەكرێت و هەموو كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن. عیراق هەموومان كۆدەكاتەوە؛ ئەگەر رێك نەكەوین زیان بە هەردوولامان دەگات؛ بۆیە تاكە رێگە كە لەبەردەمماندایە؛ رێككەوتنە”.

بەڕێز عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئێستا باری دارایی عیراق خراپە و نرخی نەوت دابەزیوە و هاوڵاتیانیش داواكاری زۆریان لەحكومەت هەیە و بارودۆخی سەربازیش دیارە لەچ حاڵێكدایە، بەڵام رێككەوتن رێگەمان بۆ خۆش دەكات و توانای زیاترمان پێدەبەخشێت كە بەسەر هەموو ئەم كۆسپانەدا سەركەوین، هەروەها گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن دەربڕی.

لەلای خۆشیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە ئێستا لە بەغدایە و گوتی: “خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لێرە دەتانبینمەوە، نامانەوێ سەردانی ئێمە بۆ بەغدا ببێتە بابەتێكی میدیایی؛ بەڵكو سەردان و هاتوچۆمان بۆ بەغدا ببێتە شتێكی ئاسایی”.

بەڕێز سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێز عەبادی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی حكومەتی عێراق و گوتی: “بە دەستبەكاربوونتان؛ هەنگاوەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەچن. ئێمە بەهیچ شێوەیەك باس لەوە ناكەین كە كێ‌ بەرپرسی دروستبوونی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام نیشانەكان ئەوە دردەخوەن كە دەستبەكاربوونتان وەكو سەرۆكوەزیرانی عیراق؛ لاپەڕەیەكی نوێ بۆ هەموو عیراق دەكاتەوە”.

راشیگەیاند كە كێشەكان بە شەو و رۆژێك و سەردانێك چارەسەر ناكرێن. ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە چەند پێویست بێت سەردانی بەغدا بكات تا دەگەنە چارەسەرێكی كۆتایی و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابندرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئێستا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش كرا و لەمبارەوەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەمەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاشكرایكرد كە ئەم تیرۆریستانە مەترسین بۆ سەر عیراق و هەموو ناوچەكە. هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئابووری و دارایی كرد كە گرفتێكی گەورەی دروستكردووە و رایگەیاند كە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش قەیرانەكەی هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر قورستر كردووە، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكەیشی دەربڕی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر. لەمبارەوەش داكۆكی لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایەوە و هەروەها رەوشی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و دانانی پلان و بەرنامە بۆ ئازادكردنیان باسی لێوەكرا.

باسكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؛ لەلایەنێكی دیكەی باس و خواسی كۆبوونەوەكە بوون.