دانیشتن لەگەڵ کۆمیتەی مافی مرۆڤ، یەکسانی و بەشداریی گشتی پەرلەمانی هەرێمی باسک
ڕێکەوتی 22/10/2014 دابان شەدەڵە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە دانیشتنێکی تایبەتی کۆمیتەی مافی مرۆڤ، یەکسانی و بەشداریی گشتی پەرلەمانی هەرێمی باسک، سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت ڕەوشی مرۆیی، هەستا بە پێشکەشکردنی روونکردنەوەی وێنەیی و دەنگی تایبەت بەم بابەتە بۆ پەرلەمانتاران، هەروەها وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتارانی ئەو کۆمیتەیە لەسەر بابەتەکە.
پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتە سیاسیەکان و پەرلەمانی هەرێمی باسک دا، پەرلەمانی هەرێمەکە بە کۆی دەنگ بەیاننامەیەکی فەرمیان لەسەر دۆزی کورد ڕاگەیاند، کە لە یەکێک لە خاڵەکاندا، پەرلەمانی هەرێمەکە داوای بە ئەرێنی وەڵامدانەوەی بابەتی هاوکاریی هەرێمی کورستان دەکات، لە لایەن حکومەتی هەرێمی باسک ەوە.
لە ژێر هەڕەشەی هێرشی دڕندانەی ڕێکخراوی توندڕەویی داعشدا کە میلەتی کوردیان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا کردووەتە ئامانج، ئەمڕۆ لە ڕوماڵێکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی گشتی و بەتایبەت مرۆیی، نوێنەری حکومەتی هەرێم هەستا بە ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکە بە ووردی، سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەسەندن و بەرفراوانبوونی ڕێکخراویی توندڕەوی داعش، کە ئەم ڕێکخراوە بوون بە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر پێکەوەژیان هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە ناوبردنی کەمە نەتەوایەتیەکان، وەک کریستیان و کوردانی یەزیدی، وە دواتر کە چۆن نمونەی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارەکان باسکرا، کە سەرەڕای قورسایی باری شەڕ و بودجە، ئەوپەڕی هەوڵ دراوە تاوەکو ڕەوشی مرۆییان چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەمە بابەتێکە کە هێندە ئاسان نیەو، نازانرێت چەند دەخایەنێت، بۆیە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە کە بە دەنگی ئەم بابەتەوە بچێت.
وەڵامی ئەم کۆمیسێۆنە، کە پێنج گروپی پەرلەمانی لە خۆدەگرێت: EA-NV (ناسێۆنالیستەکانی هەرێمی باسک)، EH Bildu، SV-ES(سۆسیالیستەکانی باسک) ، PP-ETP(گروپی پۆپیولاری باسک) ، وە Mixto-UpyD، وە حکومەتی هەرێمی باسک ئەرێنی دەبێت بۆ هاوکاریکردنی گەلی کوردستان و لە هەنگاوی داهاتوودا شێوازی ڕێکخستنی هاوکاریەکان دەخرێتە ژێر باس و جێبەجێکردنەوە.
پەرلەمانتارانی ئەم کۆمیتەیە بە ووردی چاودێری بارودۆخی کوردستانیان کردووە لە ڕابردووداو، هەندێکیان سەردانیان ئەنجامداوە ، سەرەڕای دەربڕینی هاوسۆزیی بۆ نمونەی پێکەوەژیان و سوپاسکردنی هێزی پێشمەرگەو بەرگری گەلی کوردستان بەبێ جیاوازی لەو ناوچە پڕ کێشەیەدا، ئەگەری هاوکاریی بۆ ڕۆژئاواش بە جیا لە چوارچێوەی ڕێگا نێودەوڵەتیەکانەوە، بە ئەرکێکی خۆیانی دەزانن کە پێشکەش بە گەلی کوردستانی بکەن.