سەرۆکی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێدوان سەبارەت بە ڕەوشی عێراق دەدات
٨ی ئابی ٢٠١٤، سەرچاوە-کۆشکی سپی
سەرۆکی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمان بە ئەنجامدانی دوو پرۆسە دەدات -”هێرشی ئاسمانی دیاریکراو بۆ پاراستنی کەسانی ئەمریکی، وە پرۆسەی یارمەتیدانی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی هەزاران یەزیدی کە لە شاخی شەنگار بەبێ نان و ئاو ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە”.
وەک چۆن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ئۆباما باسی لە پێشڕەویەکانی ڕێکخراویی تیرۆرستی داعش کردبوو لە عێراق-وە ئەگەری ئەوەی کاتێک کە ئەمریکا بە پێویستی بزانێت، ئەواپرۆسەی سەربازی دیاریکراو ئەنجامدەدات. لەم ڕۆژانەی دواییداو بە بەرفراوانبوونی چالاکیەکانی ئەم گروپە تیرۆریستیە لەسەرتاسەری عێراق -ئەمریکا بە پێویستی دەزانێت بەرپەرچی هەر مەترسیەک بداتەوە لەسەر کارمەندانی مەدەنی و عەسکەری خۆی، بە تایبەت ئەگەری هەر مەترسیەک لەسەر هەولێر.
ئۆباما لە لێدوانەکەی دوێنی شەویدا ڕایگەیاند کە”بۆ ئەوەی هەر نزیک بوونەوەیەک بەرەو هەولێر ڕابگرین، فەرمانی ڕاستەوخۆم داوە بە سوپا کە هەستن بە ئەنجامدانی کاری سەربازی دیاریکراو، ئەگەر بارودۆخەکە پێویست بکات. ئێمە چاو کراوە دەبین، ئەگەر ئەم تیرۆریستانە هەڕەشە بکەنە سەر کارمەندان و دامەزراوەکانمان لەهەر شوێنێک بێت لە عێراق، بە کۆنسوڵخاانەمانەوە لە هەولێر وە باڵێۆزخانەمان لە بەغداد. هەروەها ئێمە یارمەتی خێرای حکومەتی عێراق و هێزە کوردیەکان دەکەین تاوەکو چالاکانە دژی داعش بجەنگن”.
دووەم لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق- دەستمانکردووە بە پرۆسەی یارمەتیدانی خەڵکانی سیڤیل-پاش ئەوەی ڕێکخراویی داعش هەستاوە بە هەڵمەتێکی بێ بەزەییانە دژ بە خەڵکی بێ تاوانی عێراق. بە تایبەت کە تیرۆریستان هەستاون بە کاری بەربەڕیانە دژ بە کەمە نەتەوایەتییەکان، مەسیحی و یەزیدیەکان-کە کەمە نەتەوەیەکی ئاینیی کۆنن، ژمارەیەکی زۆریان لێ ئاوارە بووە. وە ڕاپۆرت هەیە لەسەر ئیعدامکردنی بە کۆمەڵی یەزیدیەکان و بە کۆیلەکردنی ژنان.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا یەزیدیەکان لە ژێر مەترسی ئەم ڕێکخراوەدا ڕایانکردووەتە سەر چیای شەنگار، بە هەزاران-بگرە بە دەیان هەزار، لەترسی گیانی خۆیان. ئێستاش لەبەردەم مەترسی مردندان بە بێ نان و ئاو لە چیای شەنگار، یان هاتنە خوارەوەو کوشتنیان لەلایەن داعشەوە.
ئۆباما ئەوەی ڕوونکردەوە کە ناکرێت هەموو جارێک ئەمریکا تەداخول بکات، کاتێک لە جیهان کێشەیەک ڕوودەدات، بەڵام لەم بارەی ئێستادا کە دەکرێت، ئەوا هەڵدەستن پێ ی. بە تایبەت کە دەتوانن ئەگەری مەترسی کۆمەڵکوژیەک بەدوور بگرن. هەروەها ئەوەشی ڕوونکردەوە کە یارمەتی ئاسمانی بە شێوەی خواردن و ئاو لە ئێستاوە بەڕێوەیە بۆ سەر شاخی شەنگار.
ئۆباما ئەوەی ڕوونکردەوە کە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانیان ئەم کارە دەکەن، وە وەک چۆن ئەمریکا هەڵگری بەهای بەرزن- بەو شێوەیەش هاوکاری مرۆڤایەتی و هاوپەیمانەکانیان دەکەن. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە پرۆسەی سیاسی عێراق بە دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان،وە بەم زووانەش سەرۆک وەزیران، پێویستیەکە کە بتوانێت عێراقیەکان لە ژێر یەک پرۆسەی گشتگیر کۆبکاتەوە تاوەکو جیاوازیەکانیان کەمبکەنەوەو بەیەکەوە کاربکەن.