Sarok_Gen_Austin_Centcom_28Aug__2014_08_28_h16m13s42__DS

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات

ئێوارەی چوارشەممە 27ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لوید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد

لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە لەشكری و ئەمنیی و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی گەرمی جەنەڕاڵ لوید ئۆستنی كرد وەك دۆستێكی دێرین كە ماوەیەكی زۆر لە عێراقدا ماوەتەوە و سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ سەرۆك و گەلی ئەمەریكا و نیشاندا بەهۆی پاڵپشتی و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و پێزانینشی بۆ ڕۆڵی جەنەڕاڵ لوید ئۆستن هەبوو لە پڕۆسە سەربازییەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر سەرهەڵدانی بارودۆخی ئەم دواییە و هەڕەشەی تیرۆریستان و كەوتنی موسڵ و هەروەها پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان و ئاماژەیشی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد كە بە یارمەتیی دۆستانی گەلی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ مسۆگەر كراون. لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان و هەروەها ژمارە و پێویستییەكانی ئەو خەڵكەی باس كرد كە لەدوای پەلاماری داعش ئاوارەی كوردستان بوونە و سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانیشی كرد لە پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان

لای خۆیەوە جەنەڕاڵ لوید ئۆستن سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ڕۆڵی پێشمەرگەی لە بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستان بەرز نرخاند

هەر لەم كۆبوونەوەیە هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ناوچەكە و جیهان و بەرەنگاربوونەوەیشی هەوڵێكی هەمەلایەنە و دەولی پێویستە. هەروەها هەردوولایش جەختیان لە هەماهەنگیی بەردەوامی هێزەكانی ئەمەریكا و پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووە

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە حكوومەتێكی هەمەلایەن دابمەزرێت كە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكات

MNR_LOGO___20__2014_07_16_h9m34s25__SF__2014_08_26_h18m47s51__SF

دادگای تەکساس فەرمانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشانەوە

هەولێر – ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری دادگای تەکساس کرد لە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بڕیارەکە فەرمانێکی هەڵوەشاندەوە بۆ راگرتنی گەیشتنی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

بەپێی بڕیارەکەی دوێنێ، سکاڵاکەی عێراق شکستی هێنا لە دامەزراندنی هەر دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ راگرتنی هاوردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەمریکا

ئەمە دووەم جارە کە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە لایەن دادگاکانەوە رەت دەکرێتەوە. یەکەمجار، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بەغدا هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی رەتکردەوە بۆ هەڵپەساردنی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و وەک “پێچەوانەی سیاقە یاساییە کارپێکراوەکانی عێراق” ئاماژەی پێدان

ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ووتی -خۆشحاڵین بە رووداوەکانی دوێنێ. دەبێت بڕیارەکەی دادگای تەکساس متمانە ببەخشێتە کڕیارانی نەوتی خاوی کوردستان لە ئەمریکا و لە شوێنەکانی تریش

هەروەها ئاشتی هەورامی ووتیشی -هیوادارین بڕیارەکەی دوێنی کۆتایی بە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بهێنێت بۆ دەستوەردان لە مافە ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاساییی نەوت بەرهەم دەهێنێت و باری دەکات و هەناردەی دەکات و دەیفرۆشێت بە پێی مافەکانی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە و لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەرجەستە بووە. لە ئێستادا هیوادارین کە حکومەتی نوێی فیدراڵی، کاتێک پێکدەهێنرێت، بگاتە تێگەیشتنێک بەرامبەر بە مافەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و رێگە بگرێت لە هەوڵە گرانبەها و زەرەربەخش و نایاساییەکانی وەزارەتی نەوت

Nechirvan_Barzani__2014_03_15_h9m19s3__DK

نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌گه‌لى ئه‌مه‌ریكا و خانه‌واده‌ى فۆلى ده‌كات

ئێمه‌ تا ئێستایش غه‌مبار و تاساوین به‌ بیستنى هه‌واڵى كوشتنى ڕۆژنامه‌نووسى بێتاوانى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێز جه‌یمس فۆلى له ‌لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشه‌وه‌. ئه‌مه‌ كارێكى دڕندانه ‌و بێڕێزى بوو به‌رامبه‌ر ژیانى مرۆڤ و هه‌ست و سۆزى خانه‌واده‌ و دۆستانى ئه‌و و ته‌واوى جیهان. كارێك بوو كه‌ ڕه‌وشت و به‌ها و ئایدۆلۆژیاى ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشى ده‌رخست،  تێگه‌یشتن له‌ كردارێكى وا قێزه‌وه‌ن؛ زۆر سه‌خته‌.

هاوشێوه‌ى به‌ڕێز فۆلى؛ سه‌دان خه‌ڵكى دیكه‌ى بێتاوان له‌ پێكهاته‌ى ئێز‌یدى و مه‌سیحى به‌ هه‌مان شێوه‌ى دڕندانه‌ له ‌لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ كوژران. هیچ وشه‌یه‌كى به‌هێز بۆ پێناسه‌كردنى ئه‌م كرداره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ نیه‌، ئه‌و كرداره‌ى ڕووى ڕه‌شى ئه‌م ڕێكخراوه‌ى نیشان دا كه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووى بووینه‌ته‌وه‌. هیچ گومانم نیه‌ كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌م جه‌نگه‌دا له‌ناوده‌چێ و سه‌رشۆڕییان بۆ ده‌مینێته‌وه‌.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیى خۆم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى به‌ڕێز جه‌یمز فۆلى و ته‌واوى گه‌لى ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌م ڕۆڵه‌ ئازایه‌یان ده‌كه‌م؛ كه‌ ده‌یوست لایه‌نه‌ ترسناكى شه‌ڕ و ناكۆكی و مردنى مرۆڤ تۆمار بكات. به‌ڕێز جه‌یمز فۆلى ڕۆژنامه‌نووسێكى پرۆفیشناڵ و ڕێزڵگیراوبوو كه‌ ژیانى خۆى خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ به‌كارهێنانى كامیراكه‌ى تاكو ئازار و مه‌ینه‌تیى خه‌ڵكى سڤیلى سووریا نیشانى هه‌موو جیهانى بدات.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
21ى ئابى 2014

37587385--644x362

ئیسپانیا پشتگیری ناردنی چەک دەکات بۆ کوردستان، بە ڕەزامەندی عێراق

ئاب21/2014
سەرچاوە www.abc.es

زۆربەی ووڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پشتگیری پێدانی چەک بۆ کورد دەکەن بۆ وەستاندنی پێشڕەویەکانی داعش لەو ووڵاتەدا، بە مەرجی ڕەزامەندی بەغداد

وەزیری درەوەی ئیسپانیا، خۆسێ گارسیا-مارگایۆ، ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ پێدانی چەک بە دەسەڵاتی کوردی لە عێراق، تەنها بەمەرجی ڕەزامەندی حکومەتی عێراق، وەزیری دەرەوە ئەوەی گووت کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر درەنگ لە سوریا هەنگاویان نا بۆ وەستاندنی ئیسلامیەکان

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە کاتی گەیشتنیدا بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل ڕایگەیاند کە بابەتەکە “پێدانی چەکە بە دەسەڵاتداریی کوردستان، بە پشتگیری و ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندیی” وە گووتی کە ئەم کارە دەبێت “گشتگیر بێت بۆ هەموو گەلانی عێراق و یەکێتی خاکی عێراق بپارێزێت.”

وەزیری دەرەوە ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەگەر ئەم کارە بە خێرایی ئەنجام نەدرێت ئەوا “ئێمە خۆمان لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی سوریادا دەبینینەوە، کاردانەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر درەنگ کەوت بۆ سوریاو وە تەواو نەبوو.” ئیسپانیا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم کارە بە ڕەزامەندی حکومەتی مەرکەزی بکرێت”

هەروەها باسی لە یارمەتی مرۆیی بۆ عێراق کرد، گووتی کە ئیسپانیا دەتوانێت بە جۆری جیاواز لە شمەک وە خواردەمەنی هاوکاری ئاوەرەکان بکات لە عێراق
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لۆران فابێۆس، ئەوەی باسکردەوە کە فەڕەنسا “لەو ووڵاتانە بووە کە لە سەرەتاوە باسی لە ناردنی یارمەتی مرۆیی و چەک کردووە وە داوای ئەم کۆبوونەوە نا ئاساییەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای کردووە بۆ جوڵاندنی یەکێتی ئەوروپا بۆ یارمەتیدانی عێراق. فابێۆس گووتی”چاوەڕێی ئەوروپا دەکەم کە پشتگیری خەڵکی عێراق و کوردستان بکەن”

فرانک شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گووتی کە”ئەم بارودۆخە تەنها نابێت بە پێشوازیکردنی بڕیاریی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکاوە بۆ وەستاندنی داعش بوەستێت، بەڵکو، باوەڕم وایە کە، ئەوروپیەکان ناکرێت تەنها بوەستن وە سەیر بکەن کە چۆن ئازایانە هێزی بەرگریی کوردستان شەڕدەکەن، دەبێت بجوڵێین”. شتاینمایەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەزامەندی خۆی لە ناردنی چەک لە ئەڵمانیاوە دەربڕی

دەبێت بزانین کە چیمان پێدەکرێت بۆ پاراستنی هێزی بەرگریی لە کوردستان. وەک گووتم، پێویستە هەموو ئەو هەنگاوانە بنێین کە لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە دەکرێت”،هەروەها باسی لە پلانی سەردانێک کرد بۆ عێراق لە کۆتایی هەفتەدا

یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2004 دا هەستا بە دەستکاریکردنی ئابڵوقەی چەک بۆ عێراق بۆ ڕێگەدان بۆ ناردنی هاوکاریی سەربازیی لەسەر داواکاریی عێراق. بەپێ ی سەچاوە دیپلۆماتیەکان، لەبەرئەوە یەکێتی ئەوروپا ئێستا بەشێوەیەکی یاسایی چەک و تەقەمەنی دەدات بە هێزە کوردیەکان
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، فێدێریکا مۆنگێرینی باسی لە پێویستی هەنگاوێکی یەکگرتووی ئەوروپی کرد، کە گرنگە بۆ ئیتالیا، هەروەها تاوەکو ئیتالیا ڕێوشوێنی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ کارکردن، بە ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی حکومەتی بەغداد

بەریتانیا پشتگیری خۆی دوپاتکردەوە.”ئێمە دەستمانکردووە بە ناردنی تەقەمەنی و پشتگیری لە ووڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بۆ هەولێر،” “فیلیپ هامۆند، باسی لەوەش کرد کە گرنگە بۆ یەکێتی ئەوروپا کە نامەیەکی ڕوون بنێرێت بۆ پشتگیریکردنی سەرۆک وەزیرانی دەستنیشانکراو حەیدەر ئەل عەبادی”. وە پێویستی ئەو ووڵاتە بۆ پێکەوەنانی”حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموو گەلانی عێراق بکات” تاوەکو بەسەر مەترسی داعشدا سەربکەون

حکومەتی چیک، کە بەهەمان شێوە بیری لە ئەگەری ناردنی چەک بۆ کورد کردۆتەوە، ئەوەی دوپاتکردەوە کە بەم کارە هەڵدەستن. هەروەها ئەوە باسکرا کە”وەزارەتی دەرەوە باوەڕی وایە لە کۆتایی ئابدا چەکەکان تەسلیم دەکرێن”

فڕانس تیمەرمانس وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، باسی لەوە کرد کە ووڵاتەکەی لە پرسی ناردنی چەک دەکۆڵێتەوە، بەڵام هێشتا”پلانیان نیە بۆ ناردنی چەک بۆ هەرێم…بەڵام ئەو ئەگەرە بۆ داهاتوو بە کراوەیی دەهێڵنەوە”

هاوتای لیتوانیەکەیان، لنیاس لینکڤیکێۆس، پشتگیری لە ناردنی”هاوکاری سەربازی” بۆ عێراق کردەوە

http://www.abc.es/internacional/20140815/abci-espana-apoya-entrega-armas-201408151501.html

nb_pm_vatican__2014_08_13_h16m20s18__MZ

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ نێردراوى تایبه‌تى پاپاى ڤاتیكان كرد

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز كاردینال فێرناندۆ فیلۆنى ـ ى نێردراوى تایبه‌تى قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا شانده‌كه‌ سڵاو و ڕێزى قه‌داسه‌تى پاپایان گه‌یانده‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و، سوپاس و پێزانینى ڤاتیكانى بۆ هاوكارییه‌كانى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ خوشك و برایانى مه‌سیحیى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراق و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كان و تاوانه‌ دڕنده‌كانى داعش، ناچار بوون شوێن و جێگه‌ى خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو بكه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ربڕى.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌هاناوه‌چوون و پاراستن و هاوكاریكردنى خوشك و برایانى مه‌سیحى و ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و دینى و مه‌زهبییه‌كانى دیكه‌ى عیراق كه‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، ئه‌ركى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بووبێت هیچ درێغى نه‌كردووه‌ و ناكات، به‌ڵام له‌به‌ر زۆریى ژماره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت وه‌ك پێویست هاوكارییان بكات، بۆیه‌ ده‌بێ حكوومه‌تى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئاوڕى جددى و به‌په‌له‌ له‌ ئاواره‌كان بده‌نه‌وه‌ و هاوكارییان بۆ دابین بكه‌ن.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ خوشك و برایانى مه‌سیحى و ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى دیكه‌ش كه‌ پێكهاته‌ى ڕه‌سه‌نى ناوچه‌كه‌ن و ڕیشه‌ى قووڵى مێژووییان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، پێویستییان به‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ قسه‌، به‌ڵكوو به‌ كردار له‌و تیرۆرستانه‌ بپارێزرێن كه‌ دێر و كلێسا و مزگه‌وت و مه‌زاره‌كان هه‌مووان پێكه‌وه‌ به‌ ئامانج ده‌گرن و ده‌یانته‌قێننه‌وه‌. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ تیرۆرستانى داعش سوپایه‌كى ته‌واون و له‌ هه‌موو شوێنێكى دنیاوه‌ ڕوویان كردووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ ده‌بێ ته‌واوى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عیراق ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له‌ ڕه‌وش و پێشهاته‌كان و ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان كرا و هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا به‌ مه‌سیحى و ئێزدى و شیعه‌ و سوننه‌ و كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و شه‌به‌ك و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ پێویسته‌ و، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو كه‌ناڵ و تواناكانیان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى پاراستنێكى نێوده‌وڵه‌تیى به‌و شێوه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌و پێكهاتانه‌ دروست ببێت و دڵنیایى بداته‌ خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ و له‌ تیرۆر و ڕاوه‌دوونان و گرتن و ده‌ركردن، بیانپارێزێت.

شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها داواى كرد كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و قوتابیه ئاوارنه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ هه‌رێمى كوردستان تاقیكردنه‌وه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و خوێندنى ئه‌مساڵیان نه‌فه‌وتێت، هه‌روه‌ها شوێنێك دیارى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى خێزانه‌ ئاواره‌كان بتوانن تیایدا نیشته‌جێ ببن و شوێنى حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دروست بكرێت. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ڕه‌زامه‌ندى له‌ سه‌ر هه‌ردوو داواكه‌ نیشان دا و ڕایگه‌یاند كه‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌په‌له‌ كارى له‌سه‌ر بكه‌ن و جێبه‌جێى بكه‌ن.

له‌ دیداره‌كه‌دا بڕیار درا كۆمیته‌یه‌كى باڵا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان له‌ نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ مه‌سیحییه‌كان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى بكه‌ن و وه‌ك پێویست به‌ پیرى داواكارى و پێدوایستییه‌كانى ئاواره‌كانه‌وه‌ بچن و په‌له‌ بكرێت له‌ دابینكردنى پێداویستییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاكانیش كۆمیته‌ى هاوشێوه‌ دابمه‌زرێن.

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا شاندى ڤاتیكان دووباره‌ سوپاس و پێزانینیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ مه‌سیحییه‌كان هه‌رگیز ئه‌و به‌هاناوه‌چوون و هاوكارییه‌ى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان له‌بیر ناكه‌ن و مێژووش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌ پیتى زێڕین ده‌نووسێته‌وه‌. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش داواى كرد كه ڤاتیكان هه‌موو قورساییى خۆى له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ پشتگیرى بۆ هه‌رێمى كوردستان و هاوكارى بۆ ئاواره‌كان مسۆگه‌ر بكات

President__Barzani_French__President__Francois__Hollande__2013_06_29_h20m46s41__OM-600x360

فەڕەنسا چەک بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

( www.elysee.fr )

بەپێی لێدوانی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، ئەلیزێ، وە وەک وەڵامدانەوەی داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستی خێرا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی گروپی تیرۆریستی داعش، سەرۆکی فەڕەنسی، هۆلاند، بڕیاری داوە لەسەر پێدانی چەک بۆ هەرێمی کوردستان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، بەئاگایی بەغداد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە ئەو بارودۆخە قورسەی ڕووبەڕووی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بووەتەوە پێویستی بەبەردەوامی و زیادکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها فەڕەنسا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و دەسەڵاتی نوێی عێراق یارمەتی پێویست دابین دەکات.
هەروەک چۆن لەسەرەتاوە سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە وەزیری دەرەوەو گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کردووە کە هەستن بە دابینکردنی چەند یارمەتیەکی مرۆیی سەرەتایی، ئەوا ئێستاش لە ژێر ڕووناکی ئەو گفتوکۆیانەی کە 7ی ئاب لەگەڵ سەرۆک بارزانی کراوە، حکومەتی فەڕەنسا ئامادەکاری ئەنجامداوە بۆ بەردەوامی ئەو کارانەی کە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعش. وە بۆ دابینکردنی پێداویستی خێرا، سەرۆکی فەڕەنسا بڕیاری دا بە پێدانی چەک بە هەرێمی کوردستان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، بە ئاگاداری بەغداد.
هەروەها فەڕەنسا پشتگیری لە کاندیدی نوێی دیاریکراو سەرۆک وەزیران حەیدەر ئەلعەبادی دەکات، هەروەک سەرکردە سیاسیەکانی عێراق بە تایبەت سەرۆکی عێراق و  سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. گرنگە کە حکومەتێکی یەکگرتوو پێکبهێنرێت کە هەمووان لە خۆ بگرێت و چالاکانە دژ بە داعش بجەنگێت. هەروەها دەبێت هەنگاوەکان بە شێوەیەک بن کە قانزانجی کوردستان و هەموو عێراقی تێدابێت، هەماهەنگی هاوکاریکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە زۆر گرنگە

http://www.elysee.fr/communiques-de-presse/article/la-mobilisation-doit-se-poursuivre-en-faveur-du-kurdistan-et-au-profit-de-l-irak/

Pres_Barzani_French_FM_Aug2014__2014_08_11_h0m16s14__DS

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەكات

لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سوپاسی پاڵپشتیی فەڕەنسای كرد بۆ گەلی كوردستان بەتایبەتی خودی وەزیر كە هەڵگری پەیامی پشتیوانی سەرۆك و گەلی فەڕەنسا بوو بۆ هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند كە بە پشتبەستن بە خۆمان و هاوكاریی دۆستانمان لەوە دڵنیاین كە تیرۆریستان تێكدەشكێنین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەپێناو چەسپاندنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئازادییدا ئامادەیە قوربانی بدات.

سەبارەت بە كاریگەریی ڕووداوەكانی ئەم دواییە لەسەر پەیوەندی نێوان كورد و عەرەب سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕێگە نادەین تیرۆر پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب تێك بدات. لەبارەی شەڕی تیرۆریشدا سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕوونكردەوە كە كوردستان لەشەڕدایە لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك و داوای لە وڵاتانی ئازاد كرد كە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان پشتیوانی كوردستان بن. سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسا و ئەمەریكا و هەموو ئەو وڵاتانەی كرد كە یارمەتیی كوردستان دەدەن و هێمای بەوەدا كە كوردستان سەركەوتوو دەبێت چونكە پێشمەرگەی قارەمانی هەیە و دۆستی بە وەفا و مەزنیشی هەیە.

لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێی كراوە و ڕایگەیاند كە هەڵگری پەیامی پشتیوانیی حكوومەت و گەلی فەڕەنسایە بۆ هەرێمی كوردستان. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا كە شەڕی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستاندا شەڕی فەڕەنسایشە چونكە فەڕەنسا وڵاتی ئازادییەكانە و شەڕی دژی تیرۆر شەڕی پاراستنی ئازادییە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتی كردەوە كە فەڕەنسا لەتەك هەرێمی كوردستان دەوەستێت و هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە هانی وڵاتانی ئەوڕووپایی دەدات بۆ ئەوەی پردێكی ئاسمانی لەنێوان ئەوڕووپا و كوردستان دروست بكرێت بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
قسەكردن لەسەر دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێم و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و بارودۆخی ئاوارەكانی پارێزگای موسڵ و دەڤەری زوممار و شەنگال و چۆنییەتی یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو. پاش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن شی كردەوە.
لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا هەردوولا پەیمانی دۆستایەتی نێوانیان دووپاتکردەوە بەوەی کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دووپاتیکردەوە ئەو شەڕەی هەرێمی کوردستان لەدژی تیرۆر دەیکات شەڕی فەڕەنساشە وئەم وڵاتەش لەپاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت وبەشێوەیەکی فەرمیش پەیامی سەرۆکی فەڕەنسای بە هەرێمی کوردستان گەیاند، هاوکات وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش رایگەیاند کە 118 تۆن یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارە مەسیحی وئێزدیەکان هێناوە کە لەترسی تیرۆر پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان بردووە.
نیشانیشیدا هاتنی ئەو پەیامێکی بەهێزە بەوەی کە فەڕەنسا وەکو دەوڵەتێکی گەورە وگرنگ پشتیوانی گەلی کوردستانە وپشتیوانی هەموو گەلی عیراقە. ئێمە بەپشت بەستن بەخۆمان وبەهاوکاری وپشتیوانی دۆستانمان دڵنیاین کە هەموو تیرۆریست ودوژمنان تێکدەشکێن وسەرکەوتن هەر بۆ ئێمە دەبێت. ئێمە لەسەر رێبازی خۆمان بەردەوام دەبین کە ڕێبازی لێبوردەیی وپێکەوەژیان وئازادی ئایینی ومەزهەبیە وهەرچی قوربانیەک پێویست بێت بۆ زیاتر چەسپاندنی ئەو سەوابینە ئێمە ئامادەین بیبەخشین.
لەلای خۆشیەوە لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەوتەیەکدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ سەرۆک بارزانی، دووپاتیکردەوە ئەو پەیامی دۆستایەتی بۆ گەلی کوردستان بەناوی سەرۆک وگەل وحکومەتی فەڕەنسا هێناوە ونیشانیشیدا لەکاتی گەڕانەوەی هانی ئەوروپاییەکانیش دەدا لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆن.

MNR_LOGO__2014_06_20_h3m40s54__HA

بارودۆخی چالاکیەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان

 وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گرنگیەکی زۆر دەدات بە سەلامەتی و ئاساییشی هەموو کارمەندانی پیشەسازی نەوت و چالاکیەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگاکانی ئاساییشی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە بارودۆخی ئاساییش لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام هەموو زانیاریە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ بەڵێندەرەکانیدا هاوبەشی پێدەکات.

تاکو ئێستا، دوژمن نەیتوانیوە چالاکیەکانی نەوت لە هەرێمدا بکاتە ئامانج، بەڵام وەک رێوشوێنێکی ئامادەباشی، هەندێک لە چالاکیەکانی بەدواداگەڕان لەو ناوچانەدا کە نزیکن لە ئەگەری روودانی شەڕ بەشێوەیەکی کاتی وەستاون و کارمەندانیش گوازراونەتەوە.

بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمدا کاری تێنەکراوە و بەردەوام بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەنێردرێت. لە راستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕواندەکات کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەرهەمهێنانیان لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاد بکەن لە کاتێکدا بەرەپێشچوونەکانی ژێرخانی هەناردەکردن تەواو دەبێت هەروەک نەخشەی بۆ داڕیژرابوو.

کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەردەوام پشکی خۆیان لە بەرهەم و داهاتی هەموو بەکارهێنانەکانی ناوخۆی نەوت وەردەگرن، و هەروەها ئامۆژگاریش کراون کار بکەن لەسەر فرۆشی بڕەکانی هەناردەکردن بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆیان لە نەوتی هەناردەکراو.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بیری کۆمپانیا کارکەرەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە کە هیچ هەنگاوێک نەنێن بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا لەبەرئەوەی لەوانەیە ببێتە مایەی دروستبوونی ئاڵۆزیی ناپێویست و لە هەندێ حاڵەتدا زیان بە بەرژەوەندی کۆمپانیا کارکەرەکان و پێوێستیە گشتیەکانی هەرێم بگەیەنێت.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەردەوامە لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جیهان و پێشوازی لە پشتگیری و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.