Pres_in_Parl_3July2014__2014_07_04_h11m24s11__DS

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پارلەمانی كوردستان دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3 ی تەمموزی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزباییكردنی خولی تازەی پارلەمان و هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و خۆسازكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم سەردانی پارلەمانی كوردستانی كرد و لە لایەن سەرۆكی پارلەمان و جێگری سەرۆكی پارلەمان و سكرتێری پارلەمانی كوردستان پێشوازی لێ كرا.

لە سەرەتای ئەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان سەرۆك بارزانیی لەو ڕاپۆرت و ئامادەكارییانە ئاگادار كردەوە كە لە لایەن پارلەمانی كوردستان سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی تازەی عێراق خراونەتەڕوو.

لە دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێری پارلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە. لەم دانیشتنەدا سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی موسڵ و هەروەها هەڵوێستی سیاسیی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی تازە و ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و هەروەها پێویستیی یەكڕیزیی لایەنەكان وتەیەكی پێشكەش كرد و دواتریش سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمان  سەرنج و تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان لەبارەی قەیران و ئەگەر و پێشهاتەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمانی كوردستان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هۆڵی پارلەمانی كوردستان ئامادە بوو و وتارێكی پێشكەش كرد.

لەم وتارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە ئەندام و فڕاكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان كرد بە بۆنەی خولی نوێی پارلەمانی كوردستان و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆری لەم خولەی پارلەمان هەیە كە خولێكی كارا بێت و لە چاودێریكردن و دانانی یاساكان. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕۆڵی پارلەمانی كوردستان لە چارەنووسی وڵات هێمای بەوەدا كە پارلەمان مەرجەعی یەكلاییكەرەوەیە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان. سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و قەیرانی ئەم دواییەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان دە ساڵ هەوڵیدا پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و پێكەوەژیان لە عێراقدا سەربكەوێت بەڵام پێشێلكردنی دەستوور و هزری تاكڕۆیی و خۆسەپاندن و پەراوێزخستن نەیهێشت ئەم هەوڵانە سەر بگرن و عێراق گەییشتە ئەم ڕۆژەی كە ئێستا دەیبینن.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان بەهیچ شێوەیەك هۆكاری ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نییە و ئەوانەی كە دەستیان هەبووە دەبێ بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا فرسەتێكی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە كە كوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئەو مافەش دەستوورییە و دەستووری عێراق ڕێگەی داوە كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بكات چونكە لە دەستووردا هاتووە پابەندبوون بەم دەستوورە یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە وتەكەشیدا داوای لە پارلەمانی كوردستان كرد كە پەلە بكەن لە پەسەندكردنی یاسایكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و  بە زووترین كات دەستەی باڵای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دابمەزرێت و هەروەها پارلەمانی كوردستان خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ئامادە بكات كە بۆ ڕیفراندۆمی دیاریكردنی چارەنووس پێویستە.

سەرۆك بارزانی سوپاسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانیشی كرد و بە پاڵپشتییەی گەورەی هەژمار كرد بۆ داوا ڕەواكانی گەلی كورد. لە كۆتایی قسەكانیشیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران و تیرۆریستان دان و هیوای ئاییندەییەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست.

nbarzanifrenchforeign

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى فه‌ره‌نسى كرد

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2ى ته‌ممووزى 2014 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ژان فرانسوا ژیرۆ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى باكوورى ئافریكا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى عیراق و ئه‌و بارودۆخه‌ى دواى كۆنترڵكردنى مووسڵ و شوێنه‌كانى دیكه‌ى عیراق له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعشه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، مه‌ترسیى تیرۆرستان و ده‌ره‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌م ڕه‌وشه‌، ئاواره‌بوونى سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى بۆ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنیان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ تاتوێ كرا.

میوانى فه‌ره‌نسى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ى تیرۆر كێشه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تییه و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ تیرۆردا به‌رپرسیاریه‌تیى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كێشه‌ى تیرۆ له‌ عیراق به‌ ته‌نیا بە ڕێكارى سه‌بازى و له‌ ڕێگه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى سوپاوه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و ڕێگه‌چاره‌ى سیاسى پێویسته‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ عیراقى به‌ر له‌ پێشهاته‌كانى مووسڵ و دواى ئه‌و پێشهاتانه‌ ته‌واو جیاوازه‌ و بارودۆخه‌كه‌ و عیراق به‌ گشتى خوێندنه‌وه‌یه‌كى تازه‌یان پێویسته‌ و هه‌ر چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و واقعه‌ تازه‌یه‌ بێت كه‌ له‌ عیراق دروست بووه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى فه‌ره‌نساى كرد بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.

krg_meeting_qubad__2014_07_01_h0m44s39__MZ

جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لەبارەی نەوت و گاز كرد

ئەمڕۆ30ـی حوزەیرانی 2014، سەبارەت بەدانانی رێوشوێنی پێویست لەسەر پرسی سوتەمەنی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەتەلاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی نەوت و گاز كرد.

ئامانجی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە دۆزینەوەی رێگاچارەیەك بۆ كێشەی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستای سوتەمەنی بەلەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و عیراق و تەواوی ئەو ئاستەنگیانەی كەوا روبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەبێتەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا، كە پارێزگاكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی تێدا بەشدار بوون، دوای ئاڵوگۆركردنی بیروڕاكان، بۆ دەربازبوون و تێپەڕاندنی كێشەی ئێستای سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند: هەرچی زووە بەنزینی بازرگانی بكەوێتە بازاڕو بەنرخێك كە لەتوانای خەڵكدابێت و هەروەها بڕە بەنزینی هاووڵاتییان بەردەوامی هەبێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایكرد مانگی رەمەزانی پیرۆزو رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان بەهەند وەربگیرێت و رێگا چارەی تەندروستی بۆ بدۆزرێتەوە.

هەروەها بڕیاردرا ئەولەویەت بدرێت بەهێزەكانی بەرگری كوردستان كە ئەمڕۆ لە جەبهەی پێشەوەن لە پێناو پاراستنی كوردستان، كەوا شێوازی دابینكردنی بەنزین لەرێگای پارێزگاكان نابێت، بەڵكو راستەوخۆ بەرپرسی میحوەرەكانی ئۆپەراسیۆن پەیوەندیدار دەبن و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەنزین و سوتەمەنیان بۆ دابین دەكرێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بەنزینی بازرگانی بە نرخی 1250 دینار زیاتر نەبێت و نرخی بەنزین كە تا ئێستا 500دینارە هەروەكو خۆی بمێنێتەوەو بەشێوەیەك ئەم نرخانە تا دوو مانگی تر پێداچوونەوەی بۆ بكرێت