MNR_LOGO__2014_06_20_h3m40s54__HA

دادگای تەکساس ئاگادار کرایەوە لەسەر مافەکان و تۆمارکردنی چەندین داوای یاسایی دژی حکومەتی فیدراڵ

  ئەمڕۆ ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنجی خۆی لەسەر سکاڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ دادگایەکی ئەمریکی خستەڕوو کە مەبەست لێی دەستبەسەراگرتنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانە.

ئاشتی هەورامی وتی، “پارێزەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکیان ناردووە بۆ دادگاکە لە تەکساس بۆ روونکردنەوەی چەواشەکاریەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق. حکومەتی فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی بۆ دادگایەکی تەکساس بەرزکردووەتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانێک بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو نەوتە خاوەی کە بەشێوەیەکی یاسایی بەرهەمهێنراوە و هەناردەکراوە و فرۆشراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق. نامەکە ئاماژە دەدات بە ئەگەری تۆمارکردنی چەندین داوای یاسایی دژی حکومەتی فیدراڵی.”

هەروەها وتی، “حکومەتی فیدراڵی عێراق لە دادگاکانی دەرەوە و دادگای باڵای عێراقدا هەوڵ دەدات ئەوە بەدەست بهێنێت کە لەلایەن دەستووری عێراقیەوە نکوڵی لێکراوە بۆ حکومەتی فیدراڵی. حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت بیباتەوە چونکە نەوتی خاومان بەشێوەیەکی یاسایی بەرهەمهێنراوە و بارکراوە و هەناردەکراوە و فرۆشراوە بە پێی مافەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووری عێراقیدا هاتووە.” ئاشتی هەورامی بەردەوام بوو و وتی، “داواکانمان بۆ قەرەبووە نەدراوەکان، کە پێویستە بدرێن بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق، ئامادە دەبن لەبەردەم هەر دادگایەکی دەرەکیدا کە لەوێ حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت هێرشمان بکاتە سەر. “

کلیک لێرە بکە بۆ بینینی ئەو نامەیەی کە نێردراوە بۆ دادگای فیدراڵی لە تەکساس.

130506874019395577

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبۆیەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی 7ـی 2014 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری كرد و لە گوتەیەكدا باسی گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ڕووداوەكانی موسڵ و پەرەسەندنی هەڕەشەی تیرۆر و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی عێراقی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئاڵۆزەی ئێستا لە ئارادایە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی دەستەڵاتدارانی بەغدا و گوێنەدانیان بە هۆشدارییەكان و تاكڕۆیی هاتووەتە ئاراوە و ڕایگەیاند كە ماوەی دە ساڵە هەموو ڕێگەیەكمان گرتەبەر كە پێكەوە عێراقێكی سەقامگیر و دیموكراتی بنیات بنێین بەڵام جێگەی داخە كە هەوڵەكان سەری نەگرت. سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكی ترسناكە لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و هەموو جیهان و لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ سێ لەسەر یەكی خاكی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستانە و پێكهاتەكانی موسڵ لەژێر هەڕەشەی دەركردن و پاكتاوی نەژادی و ئایینی دان و لە ئەنجامی ئەم دۆخە ترسناكە زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە ڕووی لە كوردستان كردووە و حكوومەتی عێراقیش هیچ هەنگاوی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان نەناوە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان سنوورەكانی بەڕووی پەنابەران كراوەیە و بە هەموو توانایەك یارمەتیان دەدات. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە مافی بڕیاردانی چاەنووسی گەلی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا گەلی كوردستان مافی خۆیەتی كە بیر لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی بكاتەوە و چیدی چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار نەبێت و لە هەمانكاتیشدا یارمەتیی خوشك و برایانی شیعە و سووننە دەدات بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخی ئێستای عێراق بدۆزرێتەوە.

لەبەرانبەردا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خوشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی كە لە ماوەیەكی كەمدا دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە یارمەتیی ئاوارەكانیان داوە و كریستیان و پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوایان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا بەرانبەر ئەو بارودۆخ و قەیرانە ئاڵۆز و ترسناكەی كە عێراقی گرتووەتەوە و وێڕای ئاماژەكردن بەوەی كە بۆ نەهێشتنی قەیرانی عێراق پێویستە بەر لە چارەسەری سەربازی چارەسەرێكی سیاسیی هەمە لایەنە بگیرێتە بەر هیوای خواست كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەركەوتوو بێت و ڕایگەیاند كە بارودۆخ و قەیرانی ئێستا وادەخوازێت كە لایەنە شیعە و سووننە و كوردەكان بەیەكەوە كار بكەن و هاوكاری یەكتر بن ئەویش لەچوارچێوەی دەستووری عێراق و لەپێناو كۆتایهێنانی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی دیالۆگ هەوڵەكان بەردەوام بێت. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی بۆ گەڕانەوەی سەرۆك مام جەلال نیشاندا و هیوای چاكبوونەوەی بۆ خواست.

لەم كۆبوونەوەیەدا پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە بەپێی ئەزموونی دە ساڵی ڕابردوو سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی تەنیا بە گۆڕینی دەموچاوەكان مسۆگەر نابێت بەڵكو پێویستە بە جدی بیر لەوە بكرێتەوە شێوەی كاركردن بگۆڕدرێ و سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریش ئەوەی دووپات كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر زۆر جدییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی هەمەلایەنە و نێودەوڵەتیی پێویستە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پرێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئەنجامەكانی سەردانی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

شایانی باسە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی 7ـی 2014 سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لەلایەن سەرۆك بارزانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێ كرا.

Part-NIC-NIC2004072762705-1-1-0

فوئاد مه‌عسوم حەوتەمين سەرۆک کۆماری عێراق

فوئاد مه‌عسوم  حەوتەمين سەرۆک کۆماری عێراقەو، دوای جەلال تاڵەبانی دووەمین کوردە کە پۆستی سەرۆک کۆماری بگرێتە دەست لە مێژووی عێراقدا و لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هاتبێت، پاش ئەوەی دوێنێ بە زۆرینە توانی ٢١١ دەنگ بە لای خۆیدا ڕابکێشێ.

له‌ساڵی ١٩٣٨ له‌شاری كۆیه‌ له‌دایكبوه‌. بنه‌ماڵه‌كه‌ی خه‌ڵكی گوندی خه‌رپانین له‌ناوچه‌ی هه‌ورامانی دیوی باشوری كوردستان. باوكی لەسەردەستی مەلای گەورەی كۆیە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.

فوئاد مه‌عسوم له ‌قوتابخانه‌ ئایینییه‌كانی كوردستان خوێندویه‌تی، پاشان ساڵی ١٩٥٨ ده‌چێته‌ قاهیره‌‌و له‌زانكۆی ئه‌زهه‌ر ده‌ست به‌خوێندنی زاسته‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كات‌و له‌وێ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس‌و ماسته‌ر له‌زانسته‌ ئیسلامییه‌كاندا به‌ده‌ستده‌هێنێت‌و به‌دوایدا بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌هه‌مان زانكۆ له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ وه‌رده‌گرێت.

له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دام له‌ساڵی ٢٠٠٣ دا چوه‌ته‌ به‌غداو ئه‌ندامی شاندی نوێنه‌رایه‌تی باشوری كوردستان بوه‌. له‌ساڵی ٢٠٠٤ سه‌رۆكی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كاتی عێراق بوه‌ له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دام.

له‌ساڵی ٢٠٠٥ه‌وه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بوه‌. بۆ دوو خول سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان بوه‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق

له‌ساڵی ١٩٧٦ یه‌كێكبوه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی، به‌رده‌وام ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ بووه‌. له‌ساڵی ١٩٩٢ بوه‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ ساڵی ١٩٦٤دەبێتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەروەها ئەندامی حیزبی شیوعی عێراق بووە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستە خراپەكانی شیوعییەكانی سووریا لەسەر كورد ، وازی لە ئەندامێتی حیزبی شیوعی عێراق هێناوە .

ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی ، كە ئەنجامەكەی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی بوو.

ئەوەی شایانی باسە کە فوئاد مەعسوم لە ساتێکی ئاڵۆزی عێراقدا ئەم پۆستە دەگرێتە دەست، کە گروپە توندڕەوەکان چەند بەشێکی عێراقیان لە ژێر دەستەو، پەیوەندیەکان بە بەرزی و نزمیدا دەڕۆن.

Wena (3)

دابان شەدەڵە سەردانی هەرێمی کەتەلۆنیا دەکات، سەبارەت بە بڕیاری پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ ڕەتکردنەوەی مافی یەکلایی کردنەوەی کێشەی کورد تاکلایەنانە

لە بەرواری ٢٠١٤/٧/١٠  بابەتی سەربەخۆیی کوردستان و گەلانی فەلەستین و سەحارا لەلایەن پارتی سەوز-چەپەوە هێنراوەتە نێو کۆنوسی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا-ئیسپانیا، سەرەڕای بوونی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا و پەرلەمان و پارتە سیاسیەکانی ئەو هەرێمە. سەربارەی هاوسۆزیەکی مێژینە بۆ کێشەی کورد لەلایەن خەڵکی کەتەلۆنیا، بەڵام بە هۆی هەستیاری ئەم بابەتە لە ئیسپانیاو جیاوازی نێوان پارتەکان، پەرلەمانی کەتەلۆنیا دوای سێ جار لە دووبارەکردنەوەی دەنگدان، بە جیاوازی چەند دەنگێک بەپێچەوانەوە دەنگیان داوە.

وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بەم هەواڵە دڵگران بووین، وە پاش ئاگادارکردنەوەی کەناڵە فەرمیەکانی حکومەت، بە سەردانێکی فەرمی لە نزیکەوە بەدواداچوونمان بۆ بابەتەکە کرد. لە ڕۆژانی ٢٢ بۆ ٢٠١٤/٧/٢٣ دابان شەدەڵە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سەردانی هەرێمی کەتەلۆنیای کرد بۆ بینینی بەرپرسان لە حکومەت و پەرلەمان و پارتە سەرەکیەکانی ئەو هەرێمە.

نوێنەری حکومەت ناڕەزایی گەلی کوردی لەسەر ئەم بابەتە پێ ڕاگەیاندن و بۆی ڕونکردنەوە کە قوڵایی کێشە مێژوویەکان لە کوردستانی عێراق ڕەهەندێکی جیاوازی هەبووە لە ڕابردووداو، ئێستاش بە لەبەچاوگرتنی پەیوەندیەکان لەگەڵ  حکومەتی فیدراڵ  و ڕووداوەکانی ئەم دواییە، کورد پێویستی بە دڵنیایی تەواو هەیە لە عێراقدا بە پێ ی پەیڕەوە دیموکراتیەکان کە مافی گونجاوی خۆی دەبێت، هەرچەندە وەک دیارە هێشتا کورد دانەبڕاوە لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام میللەتی کورد خۆی ئازادە لە هەڵبژاردنی داهاتووی خۆی، ئەگەر هاوسەنگی گونجاو نەدۆزرێتەوە.

ڕۆجەر ئەلبینیانا، لێپرسراوی کاروباری دەرەوە و کاروباری ئەوروپای حکومەتی هەرێمی کەتالۆنیا بەفەرمی ڕایگەیاند  کە “حکومەتی کەتەلۆنیا ڕای وایە کە داهاتووی سیاسی کوردستانی عێراق پێویستە لە دەستی خەڵکی کوردستانی عێراق و دامەزراوە دیموکراتیەکانیان بێت، وە پرسەکان بە ڕێچکە دیموکراتی و میکانیزمە یاساییەکان یەکلابکرێنەوە”. هەروەها ئەوەشی گووت کە هاوسۆزری و پەیوەندی خەڵکی هەرێمی کەتەلۆنیا بەرامبەر کورد مێژینەیەو وەک خۆی دەمێنێتەوە.

لە دیدارەکەندا ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان ئەوەیان گووت کە پارتەکەنیان لەگەڵ باسکردنی ئەم بابەتە نەبوون لە پەرلەمان، بەڵام پارتە بچوکەکان بە شێوەیەکی ناڕێکوپێک هێناویانەتە نێو پەرلەمان بەمەبەستی چنینەوەی بەرهەمی سیاسی بۆ خۆیان، بە تایبەت بابەتی سێ گەلی جیاواز.

دانیاڵ سێرانۆ ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کەتالۆنیا،سەر بە پۆپیولار پارتی فەرمانڕەواو، ئەندامی لیژنەی نێودەوڵەتی پەرلەمانی ئیسپانیا باسی لەوەکرد کە ئەوان لە قوڵایی کێشەی کورد لە عێراق تێدەگەن و هاوسۆزن.

سکرتێری پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی کۆنڤێرخێنسیای کەتالۆنیا، ڤیکتۆر تێرادێلاس پێ ی ڕاگەیاندین کە لە قوڵایی نیگەرانی گەلی کورد باش تێدەگەن لەسەر ئەم هەنگاوە، وە گووتی کە ئەوان دڵگران بوون و هەستە بە شەرمەزاری دەکەن، وە گووتی کە ئەم هەنگاوە بۆ هەرێمەکەی خۆیان بە هەڵە شکاوەتەوە کە خۆیان بە نیازی ڕیفراندۆمن، وە ئەوەی گووت کە ئەوان بە سودی گەلی کورد دەنگیان داوە.

سارا ڤیلا ئەندامی پارتی سەوزی کەتالۆنیا- چەپەکان خۆی بە شەرمەزار زانی وە گووتی کە ئەوان مەبەستی پۆزەتیڤیان هەبووە لەسەر باسکردنی ڕبفراندۆمی کورد، وە گەلانی فەڵەستین و سەحارا، بەڵام بەپێچەوانە شکاوەتەوە.

 خۆردی سۆلێ جێگری سکرتێری گشتی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و دامەزراوەییەکانی سەر بەپارتی ئێسکوێرای کۆماری، وە ڕۆیکۆ مارتینێز، سەر بە پارتی سۆسیالیستی کەتەلان و نوێنەری پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ کۆمیسێۆنی ئەوروپی هاوسۆزبوون وە لە نیگەرانی گەلی کورد تێدەگەن، ئەوان باسی ئەوەیان کرد کە لای هەندێک لە پەرلەمانتاران تێکەڵاوی هەبووە لەسەر  کێشەی کانتۆنە کوردیەکان لە سوریا و بابەتی ڕیفراندۆم.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە کۆتاییدا ئەوەی باسکرد کە ئەبوایە پارتەکانی کەتەلۆنیا لە جیاوازی کێشەی کورد لە ووڵاتێکی وەک عێراق تێبگەیشتنایە بە بەراورد بە ووڵاتێکی دیموکراتی وەک ئیسپانیا کە مافی هەمووان تێیدا پارێزراوە. جگە لەوەی کە هەر هەنگاوێک لەسەر کوردستانی عێراق پێویستە پێشتر نوێنەرایەتی لێ ی ئاگادار بێت، یان پرس بکرێت گەر زانیاری تەواویان نەبێت. ئەوەی شایانی باسە دیدارەکان هاوڕێیانە بوون و بەگەرمی لەلایەن هەموو بەرپرس و پارتەکانەوە بەبێ جیاوازی پێشوازی لە نوێنەری حکومەتی هەرێم کرا. لەم دیدارانەدا جگە لەم بابەتە، باس لە پەیوەندیە گشتیەکان و پەیوەندیە کەلتوریەکانی نێوان هەردوو لا کرا.

44607image1

نێچیرڤان بارزانی داوای هاوكاریكردنی خێزانە ئاوارە مەسیحییەكان دەكات

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پەیامێكی سەبارەت بە ئاوارەبوونی بەكۆمەڵی خێزانە مەسیحییەكان لە شاری مووسڵ ڕاگەیاند. تیایدا داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكات ئەوپەڕی هاوكاریی ئەو خێزانانە بكەن، هەروەها داوای هاوكاری و بەتەنگەوەهاتنیش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئەو ئاوارانە كە بەهۆی هۆشداری و هەڕەشه‌ى گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، ناچار بوون شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن. بە پێی هەڕەشەنامەكە دەبووایە تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن.

ئه‌مه‌ ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه‌:

پەیامێك بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

دوای كۆنترۆڵكردنى مووسڵ لە لایەن گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، مەسیحییەكانی شاری مووسڵ كەوتنە بەر هەڕەشەیەكی زیاتر. بە داخەوە ئەم ڕۆژانەش لەژێر هەڕەشەی كوشتنی بە كۆمەڵدا، ناچار بوون بە كۆمەڵ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن و ڕوو بكەنە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بە بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت هیچ كەلوپەلێك لەگەڵ خۆیان بهێنن.

لە بەرامبەر ئەم كارەساتە مرۆیییەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە. لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی مرۆڤپەروەری هەردوو پارێزگای هاوسنوورى هەولێر و دهۆكیش دەكەین، بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی ئەو خێزانە ئاوارە مەسیحییانە بكەن.

گەلی كورد هەمیشە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو نەتەوەكانی دیكەدا هەبووە و شانازی بە پاراستنی مۆزاییكی نەتەوەیی لە كوردستاندا كردووە و چەند ساڵی ڕابردووش بەكردەوە ئەمەی دووپات كردووەتەوە. ئێستاش لەسەر گەلی كوردستان پێویستە زۆر بە گەرمییەوە هاوكاریی ئەو خێزانە مەسیحییانە بكات كە ناچار بوون بە كۆمەڵ؛ ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگییەكی تەواودایە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانUNHCR بۆ یارمەتیدانی ئەو سەدان هەزار ئاوارەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و حكوومەتی عیراقیش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی شوباتەوە بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، لە هەمان كاتدا هیچ لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كانیشى بەرامبەر ئەو ئاوارانە بەجێ نەگەیاندووە كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان.

لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەی كە بەهۆی حكوومەتی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، داوا لە دەوڵەتان و ڕێكخراوە خێرخوازكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی دەكەین، بگەنە فریای ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكاریی پێویست پێشكەش بەو خێزانە لێقەوماوانە بكات.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

19ى ته‌ممووزى 2014

IMG_0877

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئامادەی سیمینارێک دەبێت لە پەیمانگەی ئێلکانۆ بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتیەکان

لە بەرواری ٩/٧/٢٠١٤ لە پەیمانگای ئێلکانۆ ی شاهانە بۆ لێکۆڵینەوە  ستراتیژی و نێودەوڵەتیەکان لە مەدرید، گفتوگۆیەکی گشتگیر لەسەر بارودۆخی عێراق و کێشەکانی ئەم دواییەی ناوچە سونیەکان سازکرا.  گفتوگۆکە کە لەلایەن چارلس پاوڵ سەرۆکی پەیمانگای ئیلانکۆ وە بەڕێوەدەبرا بەبەشداری سێ لێکۆڵەرەوەی سەرەکی هەیزام ئەمیرە فێرناندێز، فێلکس ئارتێخا و گۆنزالۆ ئێسکریبانۆ.

لێکۆڵینەوەکە لە سێ گۆشەنیگای نەتەوەیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەوە بابەتەکانی شیدەکردەوە: پرسیاری سەرەکی وەک ئایا سەرچاوەی دارایی هەڵمەتێکی وەک ئەم دواییە لە کوێوە هاتووە؟ ئایا کورد  کە خاوەن ئۆتۆنۆمیەکی پێشکەوتووە، تا ئێستا ئارامی گرتووە ، هەنگاوی داهاتووی چی دەبێت؟توانای بڕیاردانی ئۆباما… ئەم پرسانە گفتوگۆیان لەسەرکرا.

لێکۆڵەرەوە  فێرناندێز  باسی لە هۆکاری سەرەکی پێشڕەویکردنی گروپە توندڕەوەکان کرد لە عێراق. وە ئایا دەرەنجامی دەستەوستانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم ڕووداوەدا چی دەبێت؟ فێرناندێز هۆکارەکانی ئەم سەرهەڵدانەی گێڕایەوە بۆ بەڕێوەبردنی لاواز لەلایەن ئەمریکەیکانەوە، سەرباری ئەوەی کە حکومەتی مالیکی بەشێوەیەکی تەواو سونەکانی پەراوێز خستووەو کوردیش بەهەمان شێوە. نەبوونی سیاسەتی حکومەتی فیدراڵ بۆ کۆکردنەوەی هەمووان، یەکێک بووە لە کێشە سەرەکیەکان.

ئارتێخا باسی لە پەلکێشکردنی دەرەنجامەکانی ئەم ڕووداوانە کرد بۆ ووڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت ئیسپانیا، هەروەها باسی لە سێ سینارێۆی جیاوازکرد  بە ئەگەری هەڵنەبژاردنەوەی مالیکی، دابەشکردنی عێراق بۆ سێ پارچە، وە ئەگەری هاتنە ناوەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

لەکۆتاییدا بەڕێوەبەری سیمینارەکە پاوڵ باسی لە کاریگەری ئەم ڕووداوانەکرد لەسەر سێکتەری وزە. هەر بۆ نمونە ووڵاتێکی وەک ئیسپانیا ڕێژەی هاوردەکردنی نەوەتی لە عێراقەوە کەم بووەتوە لە ٧%  بۆ لە ٣% بە هۆی ئەم ڕووداوانەوەی دواییەوە. باس لە نرخی نەوت کرا. ئێلکانۆ باسی لە بارودۆخی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک کرد  کە کەم تا زۆر لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمدان، وە ئایا ئەم بارە بە ڕێکەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کۆتایی دێت یان کێشەکان بەردەوام دەبن.

ئەوەی شایانی باسە کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بۆ ئەم سیمینارە بانگهێشتکرا بوو هەروەک باڵیۆزخانەی عێراق و زۆر بەی ووڵاتانی تریش کە ئامادە بوون.

image006-495x400

دابان شەدەڵە بارودۆخی ئێستای عێراق و کوردستان بۆ میدیای ئیسپانیا روندەکاتەوە

بارودۆخی  ئێستای عێراق لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت کە لە مانگی حوزەیراندا کاتێک داعش شاری موسڵیان کۆنترۆڵ کرد. هێزەکانی سوپای عێراق لە بەردەم ژمارەیەکی کەمتر لە گروپی داعش و یاخیبوە سونیەکان ڕایانکرد. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کە دروستبوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەنگاویان نا بۆ ئەو ناوچانە کە هەر لە ڕووی مێژوویەوە بە شێکن لە کوردستان و تیایاندا سوپای عێراق ڕایانکردبوو. هێزی پێشمەرگە توانی بەر بە گروپی داعش بگرێت لەو شوێنانە بە دروستکردی ئەم بەرە نوێیە لە بەردەمیان. سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پاراستنی خەڵکی کوردستانە، بە بێ جیاوازیکردنی ئەتنی و ئاینی و مەزهەبی. بەهۆی ئەم هێرشانەی داعشەوە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون لەو ناوچانەی کە ئەو هێزە کۆنترۆڵیان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی توانای خستووەتە گەڕ  بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش، دابینکردنی خۆراک، ئاو و جێگە بۆ ئەو کەسانەی کە ئاوارە بوون. ئێستاکە هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ نزیکەی یەک ملێۆن کەس لە ئاوەرەی سوریا و ناوخۆی عێراق کردووەتەوە، کە ئەمەش بە تەنها کارێکی ئەستەمەو یارمەتی نێودەوڵەتی پێویستە.

لە ڕووی سیاسیەوە، لەوە ناچێت هەنگاوەکان زۆر بەروپێش چووبێت. یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە بەغداد دواخرا کاتێک پەرلەمانتارانی کورد و سونی هۆڵەکەیان بەجێهێشت، پاش بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی، کاتێک چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوتلەکەی سەرۆک وەزیران نوری مالیکی هەستان بە ئیهانەکردنیان. بڕیاربوو دوێنی دانیشتنی دووەم ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی هاوسازی نێوان کوتلە پەرلەمانیەکان لەسەر پۆستە سیادیەکان دواخرا. پلانی نوێ ئەوەیە کە پەرلەمان لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆببێتەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە “داڵدەدانی تیرۆرستان” تاوانبارکرد، بە توندی ئەو جۆرە تۆمەتبارکردنە ڕەتدەکەینەوە، کە دوورە لە ڕاستیەوە، کاری لەم جۆرە بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات. لە ئەنجامی ئەم لێدوانەدا وەزیرە کوردەکان لە بەغداد بڕیاریاندا نەچنە کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە.  ئێمە لە ڕابردووداو، لە ئێستاشدا بەشداری سیستەمی سیاسی عێراقمان کردووە. ناکۆکی زۆرمان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بەڵام پابەندی عێراقی دیموکرات و فیدراڵین،ئەم پابەند بوونەش مەرجی خۆی هەیە. لە هەموویان گرنگتر پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لەو ئابڵوقە ئابوریەی بە شێوەی نەناردنی بودجە خستویەتە سەر هەرێمی کوردستان. بە هۆی جیاوازی بیروڕا لەسەر هەناردەکردنی نەوت حکومەتی فیدراڵ لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە بەشە بودجەی لە 17%  ی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، هەرچەندە کە مافێکی دەستوری ئێمەیە. ئەگەر مەبەست ئەوەیە هەنگاوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەرەو باشبوون بچێت، پێویستە بەغداد هەنگاو بەم ئاڕاستەیە بنێت بە ناردنی بودجە. ئەمە هەرچەندە کە دادگای باڵای عێراق دژ بە داواکاریەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕیاریدا- کە تیایدا داوای  ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بە پشت بەستن بەوەی کە داواکاریەکە “پێچەوانەی دەقە یاساییەکان لە عێراق” داوکاریەکەی وەزارەتی نەوت ڕەتکرایەوە.  حکومەتی فیدراڵی دوێنێ نیشتنەوەی فڕۆکەی بارهەڵگری لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی قەدەغەکرد، کە ئەمەش وەک گوشارێکە بۆ بەرتەسکردنەەوەی ئابوری گەشەسەندوی هەرێمی کوردستان.

ئێمە، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە پشتگیریکردنی پرۆسەی سیاسی و پابەندین بە عێراقەوە تا ئەو ئاستەی کە بەشێوەیەکی دیموکرات بمێنێتەوەو بتوانێت ئاسایش لە ووڵاتدا بێنێتە ئاراوە. یارمەتی ئەو کەسانەش دەدەین کە بە هۆی ئەم بارودۆخەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە ئێستادا باسی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لە ئارادایە، دەرەنجامی  ئەمە بۆ خەڵکی کوردستان بەجێدەهێڵرێت تاوەکو هەڵبژاردەی خۆیان بەپێ ی پێوەرە  دیموکراسیەکان یەکلابکەنەوە، بەهەر شێوەیەک بێت، ئەوە مافی دیموکراتی خۆیانە کە بڕیار لە داهاتوویان بدەن.

erasmus santiago

زانکۆی سانتیاگۆ کۆمپۆستێلا لە هەرێمی گالیسیای ووڵاتی ئیسپانیا بە بەشداریپێکردنی ٤ زانکۆی هەرێمی کوردستان پرۆژەی مەرحەبا ئێراسمۆس موندۆس ڕادەگەیەنێت

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی زانستی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان  و ووڵاتی ئیسپانیاو، پاش ئەوەی لە ڕابردوودا زانکۆکانی کوردستان میوانداری کراون و بە هاوکاری نوێنەرایەتی پردی پەیوەندی لەگەڵ. زانکۆی سانتیاگۆ کۆمپۆستێلا و چەندین زانکۆی تر لە ووڵاتی ئیسپانیا دروستبوو. ئێستا ئەم زانکۆیە هەستاوە بەلە بەرچاوگرتنی ٤ زانکۆی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی  MARHABA  ی ئێراسمۆس موندۆس.

ئەم پرۆژەیە لەلایەن زانکۆی سانتیاگۆ کۆمپۆستێلاوە ئامادەکراوە و ئێستا پەسەند کراوە.  پرۆژەکە بە مەبەستی  هاوبەشی پێکردنی ١٧ زانکۆیە لە ووڵاتانی وەک  بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئێران ، ئیسپانیا، پۆرتوگال، ئیتالیا، فەڕەنسا، بولگاریا، پۆڵەندا و هەرێمی کوردستانی عێراق- بە نوێنەرایەتی چوار  زانکۆی هەرێم.

ئەم پرۆژەیە بە کۆی ٤١ شوێنی خوێندن، هەل بۆ خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە  زانکۆکانی سلێمانی، کۆیە، ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەڕەخسێنێت تاوەکو بەشداری پرۆگرامی  MARHABA  ئێراسمۆس موندۆس بکەن بۆ خوێندنی بەرنامەیرماستەر ، دکتۆرا، پۆست دکتۆرا و هەندێک پرۆگرامی تایبەت بە مامۆستایانی زانکۆ. پرۆژەکە ماوەی ٤ ساڵ بەردەوام دەبێت وە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دا بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

Falah_Mustafa_kurdish_visit_washington__2014_07_04_h12m0s56__SF

شاندی هەرێمی کوردستان بارودۆخی عیراق لەگەڵ واشنتن باس دەکات

لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جۆن کێرى، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە دوێنێ 2ی تەموز لە واشنتن سازکرا، شاندى هەرێمى کوردستان، کە پێکهاتبوو لە دکتۆر فوئاد حوسێن، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و فەلاح مستەفا، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت، دیدو روانگەی هەرێمی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عیراق بۆ واشنتن روونکردەوە.

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بە ووردی باسى لە  دوایین گۆرانکاریەکانى گۆڕەپانى سیاسى عیراق کردو بە وەزیری دەرەوەی راگەیاند کە ئەو گۆرانکاریانەی دوای 9ی یۆنیۆ/حوزەیرانی رابوردوو دروست بوون واقیعێکی تازەیان هێنایە پێشەوە و پێویستە بە سیاسەت و تێڕوانینێکى جیاواز مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکرێت.

‌هەروەها پێی راگەیاند کە رەوشەکە هەرێمى کوردستانى خستۆتە پێش دوو ئاراستە. یەکەمیان ئەوەیە کە کورد بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆلی سەرەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە و ئالۆزییەکان. دووەمیش ئەوەیە کە کوردستان بەردەوام بێت لە پاراستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەرەو پێشبردنی بوارەکانی ئابووری و ئاسایش و بنیاتنانی دامەزراوەیی و خۆ ئامادەکردن بۆ مافی چارەی خۆنوسین.

وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، کە کورتە باسێکی دەربارەى ئاکامى سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بەشدار بن بۆ بنیاتنانەوە و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و داواکاربوو کە  گشت لایەنەکان لە چوارچێوەی پەرلەمان بتوانن هەرسێ سەرۆکایەتیەکە لە عیراق پێکبهێنن بۆ ئەوەی لەم قۆناغە مەترسیدارە دەربازی ببێت و رووبەرووی تیرۆرستان ببنەوە تا ئاسایش و ئارامی بگەرێنرێتەوە عێراق.

جۆن کێرى بە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا ئاگاداری مێژووی خەباتی میللەتی کوردەو لە خواست و ئارەزوەکانیان تێدەگەن، هاوکات رۆلی کورد بە گرنگ وەسفکرد کە تا ئێستا بەشێکن لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش بە تایبەت.

هەر لەو دیدارەدا بیرورا ئال و گۆر کرا دەربارەی چۆنیەتی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و خۆ ئامادەکردن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئالۆزیەکان لە بەغدا و دیاری کردنی پۆستە سەرۆکایەتیەکان. سەبارەت بە جموجۆلى تیرۆرستان وفراوانکردنى ئەو ناوچانەى دەستیان بەسەردا گرتووە، شاندی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە دژی تیرۆر دەوەستن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.

جۆن کێرى شاندى هەرێمى کوردستانى دڵنیاکردەوە کە ئەمەریکا ئامادەیە پشتگیری تەواوی هەرێمی کوردستان و عیراق بکات  بۆ رووبەروو بونەوەی تیرۆرو نەهێشتنیان لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەى ئەمەریکا خۆشحاڵى خۆى بە سەردانى شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا نیشاندا وسوپاسى حکومەتى هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی کە هەفتەى رابردوو لە هەولێر لێیان کرا.